هەپەگە: گەریلا بە درۆن هێرشی كردە سەر سوپای توركیا لە سەرگەلێ و پێنج سەرباز كوژران
  2024-07-05       489       

هەپەگە رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە، هێزەكانی گەریلا لە ئاسمانەوەو بە درۆن هێرشیان كردۆتە سەر ئەو هێزانەی سوپای توركیا كە لە گوندی "سەرگەلێ"ی سنوری قەزای ئامێدی باشوری كوردستان، جێگیر بون و لە ئەنجامدا، پێنج سەرباز كوژراون و ئۆتۆمبێلێکی زریپۆش و جبەخانەیەکەی سوپای توركیا لەناوبران.

ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، یەکینەکانی شەهید ئاخین موشمان، دوێ"ێ 4ی تەمموز، بە درۆن و لە ئاسمانەوە چوار جار گورزیان لەو هێزانەی سوپای توركیا وەشاندوە كە لە گوندی "سەرگەلێ"ی قەزای ئامێدی جێگیربون.

هەپەگە هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەو چوار چالاكییەدا پێنج سەرباز كوژران، ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆش و جبەخانەیەكی سوپای توركیا بەتەواوەتی لەناوبران.

ئەوەش لەكاتێكدا كە بەپێی راگەیەندراوێكی تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە، 45 تانک و زریپۆشی سوپای تورکیا لە ڕێگەی “ناحیەی بامەرنێ”وە بە قەزای ئامێدیدا تێپەڕبون و چونە ناو گوندی سەرگەلێ لە قەزای ئامێدی. 

ئەو رێكخراوە وتویەتی، هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیرکراوە و لەبەرەبەیانی دوێنێشدا، سێ جار ناو گوندی سەرگەلێ بۆردوومانکراوە.

رێكخراوە ئەمریكییەكە، ئەوەشی خستۆتەڕو، لەگەڵ هاتنی هێزەکەی تورکیادا، بەدرێژایی شەوی پێشوتر، فڕۆکە جەنگی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا بۆردومانی گوندەکانی نێوان “گەلی رەشاڤا و گوهەرزێ”یان کردوە.

گوندی سەرگەلێ بە دوری 6 کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی و لە ئێستادا 47 خێزان لەناو گوندەکەدا دەژین. بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە 10 ڕۆژی ڕابردودا، 55%ی دارستان و زەوی کشتوکاڵی ناو گوندەکە سوتاون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×