دژە تیرۆری کوردستان (پارتی) برینداربوونی دوو کەسی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە لە قەزای شنگال ڕاگەیاند و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئۆتۆمبێلەکە هی چەکدارانی "پەکەکە"بووە.
هێرشی تورکیا لە ڕێگەی درۆن و فڕۆکە جەنگییەوە بۆسەر چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە جیا جیاکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە.
دژە تیرۆری کوردستان ڕاگەیاند: لە ڕێگەی هێرشێکی ئاسمانییەوە ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە لە قەزای شنگال کرایە ئامانج و دوو کەس بریندار بوون.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەینەوا ڕایگەیاند: "ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج لە جۆری (هیوندای توسان) بووە و سێ کەسی تێدابووە، لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە".
میدیای نزیک لە پەکەکە ڕایگەیاند: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک لە نزیك شنگال بۆردوومان كرا، بەهۆی ئەو هێرشەوە "سێ ڕۆژنامەنووسی كەناڵی چرا تیڤی" بریندار بوون.