ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌رى كورد به‌هۆى تینوێتیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا
  2024-07-08       484       


ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌رى كوردى خه‌ڵكى ڕۆژئاواى كوردستان له‌بیابانه‌كانى جه‌زائیرو به‌هۆى تینوێتیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا، کۆمەڵەی غەوسی جەزائیری بۆ گەڕان‌و بەهاناوەچون-یش زانیاریى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.
 
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى کۆمەڵەی غەوسی جەزائیری بۆ گەڕان‌و بەهاناوەچون ڕایگەیاند، دوو هاوڵاتی جەزائیریش کە یەكێکیان شوفێرو ئەوەی دیکە یاوەری بوە، لەگەڵ 12 کۆچبەرەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
کۆمەڵەکە باسی لەوەشکردوە، ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتای ڕەنگ سپی‌و ژمارەیەک تەرم لەنزیک ناوچەی بیابانی حاسی بەلفەبۆر لەڕۆژهەڵاتی جەزائیر دۆزراونەتەوە.
 
ئه‌و ڕێکخراوە مرۆییه‌ ئاشكرایكردوه‌، ئۆتۆمبێلەکە لەڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە بێسەروشوێن ببوو و دوێنێ (یەکشەممە) دوای چەند کاتژمێرێک لەگەڕان، تەرمەکان دۆزراونەتەوە. 
 
به‌گوێره‌ى لیستی ناوو زانیاری لەبارەی کۆچبەرەکان کە ڕێکخراوەکە بڵاویکردوەتەوە، سێ لەو کۆچبەرانە خەڵکی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانن، سیانى دیكه‌یان خەڵکی ڕەققەن، 5ی دیکەیان خەڵکی حەلەب‌و ئەوی دیکەش خەڵکی دیمەشقە. 
 
ڕێکخراوەکە وێنەی شوێنی تەرمەکانی بڵاوکردوەتەوە کە پیشانیدەدەن بەکیسەی سپی، پۆشراون‌و بۆنیتی ئۆتۆمبێلەکەیان کراوەتەوە، سەرچاوە خۆجێیەکانیش ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، سێ کەسەکەی پارێزگای ڕەققەی سوریا، بران‌و تەمەنیان 10، 18 و 23 ساڵن.
 
ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى، ساڵی ڕابردوو 212 هەزارو 100 کۆچبەر چونەتە هەرسێ وڵاتی لیبیا، تونس‌و جەزائیرو بەدەریای ناوەڕاستدا پەڕیونەتەوە ئەوروپا، هەر ساڵی ڕابردوو 3105 کۆچبەر لەڕێگەی چون بۆ ئەورووپا لەدەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×