بنەماڵەی عەتا سەراوی ئەو هەواڵانە رەتدەكەنەوە كە باس لە هۆكاری دەستگیركردنی ناوبراو دەكەن
  2024-07-05       1137       

بنەماڵەی عەتا سەراوی، ئەندامی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێن، تاوەكو ئێستا بەڕەسمی هیچ رونكردنەوەیەكیان پێ نەدراوە لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی عەتا سەراوی و هەمو ئەو هەواڵانەش بە درۆ دەخەنەوە كە باس لە هۆكاری دەستگیركردنەكەی دەكەن.

ئاوێنە: بنەماڵەی عەتا سەراوی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە گوندی سەراوی سوبخان ئاغا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان لەبارەی دەستگیركردنی ناوبراو ئەنجامدا.

پێشڕەو عەتا سەراوی، لە كۆنگرەكەدا وتی، ئەمڕۆ سەعات 4 هێزێكی ئاسایشی سلێمانی باوكمیان راگرتوە. ئێمە وەك بنەماڵەی خۆمان زۆر نیگەرانین لەو بارودۆخە نەخوازراوە.

وتیشی، داواكارین لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەزوترین كات بێنە سەر خەت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە. 

پێشڕەو عەتا سەراوی جەختی كردەوە"ئەو هەواڵانەی باس لە دەستگیركردنی باوكم بە ماددەی 2ی تیرۆر دەكەن، دورن لە راستییەوەو هیچ بنەمایەكیان نییە، ئێمە خۆمان قوربانیی دەستی تیرۆرین."

كوڕەكەی عەتا سەراوی وتیشی"تاوەكو ئێستا بەفەرمی هیچ رونكردنەوەیەكیان پێ نەداوین لەسەر هۆكاری دەستگیركردنی باوكم."

عەتا سەراوی ناوەڕاستی مانگی رابردو بۆ چارەسەر چۆتە سوید، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە كاتی گەڕانەوەیدا لە فڕۆكە خانەی سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراوە. خزمێكی نزیكی عەتا سەراوی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رەتیكردەوە پێشتر نە خودی عەتا سەراوی و نە كەسوكاری ئاگاداركرابێتنەوە كە لەلایەن دادگاوە داواكراوە.

ئەو وتی"بەهیچ شێوەیەك ئاگاداركردنەوە بۆ عەتا سەراوی و كەسوكاری نەهاتوە كە بڵێن داواكراوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×