لە شنگال ئۆتۆمبێلى تیمێکى ڕۆژنامەوانى کرایە ئامانج
  2024-07-08       214       


لە شنگال ئۆتۆمبیلى تیمێكی ڕۆژنامەوانی كەناڵی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێم كرایە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار كەس بریندار بوون كە باری تەندرووستی یەكێكیان ناجێگیرە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی موسڵ.

بەپێى زانیارییەکان، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ تیمێكی ڕۆژنامەوانی كەناڵی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێم لەكاتی گەڕانەوەیان لە ڕووماڵكردنی چالاكییەك، لە تەل قەساب ئۆتۆمبیلەكەیان كرایە ئامانج، بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بریندار بوون.

هەروەها، یەكێك لە بریندارەكان بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی موسڵ و باری تەندرووستی ناجێگیرە، بەڵام دوو بریندارەكەی دیكە لە نەخۆشخانەكانی شنگال چارەسەرى پزیشکیی وەردەگرن.

ڕووداوەكە كاتێك ڕوویداوە ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسەكان لەسەر ڕێگای سەرەكی شنگال تێدەپەڕی، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوە، كە ڕۆژنامەگەری ئازادیی كردە ئامانج، ئۆتۆمبێلێكی مەدەنیش لە شوێنی ڕووداوەكە بوو، بەهۆیەوە شۆفێرەكەی بریندار بووە.

دواتر هێزە ئەمنییەكانی عێراق و ئاسایشی ئێزدخان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە كرد.

تا ئێستا دیار نییە ئایا فڕۆکەی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکەی کردووە یان مینێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەكە تەقیوەتەوە، هەموو وردەكارییەكانی ڕووداوەكە ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام بە پشتبەستن بە زانیاریی شایەتحاڵەكان پارچە تەقەمەنی لە شوێنی ڕووداوەكە بینراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×