عەتا سەراوی: لە ئاسایشی گشتی سلێمانی راگیراوم
  2024-07-05       1895       

عەتا سەراوی، ئەندامی پێشوی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە كاتی گەڕانەوەی لە فڕۆكەخانەی سلیمانی، لەلایەن هێزێكی زۆری سواتەوە براوە بۆ ئاسایشی گشتی سلێمانی و لە ئێستادا لەوێ راگیراوە.

ئاوێنە: عەتا سەراوی، ئەندامی پێشوی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ئێستا لە ئاسایشی گشتی سلێمانی راگیراوە، لە رونكردنەوەیەكدا بۆ رایگشتی وتویەتی"بەندە عەتا سەراوی لە 16/6 لەفڕۆکەخانەی سلێمانی سەفەری سویدم کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 5/7 لە چواری بەیانی بەگەیشتنم، ھێزێکی زۆرت سوات ھاتن و داوایان لێ کردم کە فەرمان یان پێکراوە لەگەڵیان تا ئاسایشی گشتی بچم."

ئەو سەركردەیەی پێشوی یەكێتی وتوشیەتی"من لەکاتێکدا کۆی دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایش و پێشمەرگە بەبراو کوڕی خۆم دەزانم، بەبێ کێشە لەکاتێکدا دو سەیارە پێشمەرگەم لەگەڵ بوە بەڕێزەوە ھاوکاریان بوم و پاسەوانەكانم ئیزن داوەو خۆم بێ ئەوەی بزانم بۆ و  لەپای چی و بەفەرمانی کێ؟ و چ سیناریۆو گەمەیەکی قێزەونیان بۆ ئامادەکردوم، لەئاسایشی گشتی ڕاگیرام."

عەتا سەراوی ئەوەشی خستۆتەڕو"دەمەوێ چاک بزانن  یەكێتی ھی ئێمەیەو ئەو کۆنە سیخوڕو جاش و تابوری پێنجانەی دەیانەوێ لەیەکێتی دەرمانپەڕێنن زۆر سەھون وەک مێخ لەسەر دڵیان دەچەقین!"

ئاماژەی بەوەشداوە"بکەری ئەم گەمە سەخیفە دڵنیابن دەیەوێ لەم سەروبەندی ھەڵبژاردنە بەخەڵک بڵێ ئەوە وەفای یەكێتییە بۆ کەس و بنەماڵەو عەشرەتێک کە دەیان شەھیدیان ھەیە، ئیتر خەڵک چاوەڕوانی چی لەمانە بکات؟"

عەتا سەراوی هێمای بۆ ئەوەش كردوە"بۆیە بەم ڕونکردنەوەیەم داوا لەبەڕێزان کاک بافڵ تاڵەبانی و کاک قوباد دەکەم تکایە من ئامادەیی ڕوبەڕوبونەوەی ھەر تۆمەتێکی داتاشراو دەبم کە بۆم حازرکراوە و بۆم دادەتاشن، بۆیە تکایە ئەوە ئێمەو مێژوی خوێناویمان و ئەوەش ئێوەو ئەو ئەڵقەلەگوێیانەی لەپشتی ئێوە پەلاماری ئێمە ئەدەن."

جەختیشی كردۆتەوە"تکایە ئەمە ڕانەگرن، دەرئەنجام کێ لەپشت ئەم بێڕێزییەبێ، بێ باج نابێ لێی دەربچێ، دەشمەوێ بزانم ئەگەر بڕیارێکی سیاسیتان لەپشت ئەم شانۆگەرییەتانە دڵنیابن پلاندانەر خۆی دەسوتێنێ!"

 

رونکردنەوەیەک بۆ ڕایگشتی

بەندە عەتاسەراوی لە 16/6 لەفڕۆکەخانەی سلێمانی سەفەری سویدم کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 5/7 لەچواری بەیانی بەگەیشتنم ھێزێکی زۆری سوات ھاتن و داوایان لێکردم کە فەرمانیان پێ کراوە  لەگەڵیان تا ئاسایشی گشتی بچم!

من لەکاتێکدا کۆی دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایش و پێشمەرگە بە براو کوڕی خۆم دەزانم بەبێ کێشە لەکاتێکدا دو سەیارە پێشمەرگەم لەگەڵ بوە بەڕێزەوە ھاوکاریان بوم و حمایەکانم ئیزن داوەو خۆم بێ ئەوەی بزانم بۆ؟ لەپای چی؟ بەفەرمانی کێ؟ وە چ سیناریۆو گەمەیەکی قێزەونیان بۆ ئامادەکردوم؟ لەئاسایشی گشتی ڕاگیرام؟!

دەمەوێ چاک بزانن ینک ھی ئێمەیەو ئەو کۆنە سیخوڕو جاش و تابوری پێنجانەی دەیانەوێ لەیەکێتی دەرمانپەڕێنن زۆر سەھون وەک مێخ لەسەر دڵیان دەچەقین!

بکەری ئەم گەمە سەخیفە دڵنیابن دەیەوێ لەم سەروبەندی ھەڵبژاردنە بە خەڵک بڵێ ئەوە وەفای ینکە بۆ کەس و بنەماڵەو عەشرەتێک کە دەیان شەھیدیان ھەیە! ئیتر خەڵک چاوەڕوانی چی لەمانە بکات؟!

بۆیە بەم ڕونکردنەوەیەم داوا لەبەڕێزان کاک بافڵ تاڵەبانی و کاک قوباد دەکەم، تکایە من ئامادەیی ڕوبەڕوبونەوەی ھەر تۆمەتێکی داتاشراو دەبم کە بۆم حازرکراوەو بۆم دادەتاشن. بۆیە تکایە ئەوە ئێمەو مێژوی خوێناویمان و ئەوەش ئێوەو ئەو ئەڵقەلەگوێیانەی لەپشتی ئێوە پەلاماری ئێمە ئەدەن. 

تکایە ئەمە ڕانەگرن، دەرئەنجام کێ لەپشت ئەم بێڕێزییە بێ، بێ باج نابێ لێی دەربچێ.

دەشمەوێ بزانم ئەگەر بڕیارێکی سیاسیتان لەپشت ئەم شانۆگەرییتانە، دڵنیابن پلاندانەر خۆی دەسوتێنێ!

عەتاسەراوی

ئاسایشی گشتی سلێمانی

5/7/2024

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×