بارزانی: سودانی هه‌موانی گه‌یانده‌ ئه‌م دۆخه‌ ئاسوده‌یه‌
  2024-07-03       602       

دوای كۆبونه‌وه‌یان له‌ به‌غدا، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و محه‌كه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لێدوانێكی رۆژنامه‌وانییان دا.

به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی نیمچه‌ فه‌رمیی عێراق، سودانی له‌و لێدوانه‌دا وتی: "هه‌نگاوێكی گرنگمان بڕی له‌ پرسی بنیادنانی متمانه‌ له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێم".

له‌ به‌رامبه‌ریشدا بارزانی رایگه‌یاند: سه‌رۆك وه‌زیران به‌ نیه‌تێك سه‌ركردایه‌تیی ده‌وڵه‌ت ده‌كات كه‌ وای كردوه‌ هه‌مووان بگه‌ینه‌ ئه‌م دۆخه‌ ئاسوده‌یه‌.

 بارزانی خۆشحاڵیی خۆسی بە سەردانەکەی بۆ بەغدا دەربڕیوه‌و ڕایگەیاندوه‌: ئامانج لە سەردانەکەی، بەهێزکردنی ئەو هەوڵانەیە کە پێش ئێستا لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دراون و بوونەتە هۆی ده‌ربازبونی راسته‌قینه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.

سه‌رۆكی پارتی ئاماژه‌ی به‌ ناوه‌رۆكی كۆبونه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سودانی داوه‌و رایگه‌یاندوه‌: گفتوگۆكانمان سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوخۆ و ناوچه‌كه‌ بنیادنه‌ر بوون و بۆچونه‌كانمان هاوتای یه‌كتر بوون".

پێشنیوه‌رۆی ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ بارزانی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراقەوە پێشوازی لێ کرا، وێستگه‌ نیوزیش زانیویه‌تی كه‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سێ بابه‌ت سه‌ردانه‌كه‌ی كردوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه‌ نیوز، بارزانی به‌نیازه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق له‌سه‌ر نێو ماڵی‌ سونه‌ و دانانی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق قسه‌ بكات.

بابه‌تی دووه‌می بارزانیش تایبه‌ته‌ به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی په‌كه‌كه‌ و سێیه‌م بابه‌تیش، دانانی‌ پارێزگاری كه‌ركوكه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر بارەگای بارزانی رایگه‌یاندبوو  بارزانی لە شاری بەغدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق دەکات و دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×