ئاماژەی یاریزانەكەی هەڵبژاردەی توركیا بە "گورگە بۆرەكان" كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە
  2024-07-03       666       

مەریخ دەمیرال، یاریزانی هەڵبژاردەی توركیا دوای گۆڵەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەی نەمسا، بە دەستەكانی ئاماژەی "گورگە بۆرەكان"ی نیشاندا، ئەوەش كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە. وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئەو كارەی بە "رەگەزپەرستانەو قبوڵ نەكراو" ناوبردو یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپاش دەڵێت، لێكۆڵینەوە لەو بابەتە دەكەن.

ئاوێنە: شەوی رابردو لە دوایین یاری قۆناغی هەشتی یارییەكانی جامی نەتەوەكانی ئەوروپادا، كە لەنێوان هەڵبژاردەی توركیاو نەمسا بەڕێوەچو و بەسەركەوتنی توركیا بە دو گۆڵ بەرامبەر بە یەك گۆڵ كۆتایی هات، جۆری شادی دەربڕینی مەریخ دەمیراڵ یاریزانی هەڵبژاردەی توركیا لەدوای گۆڵەكەی و هەروەها دروشمە دژبە كۆچبەرەكانی هاندەرانی نەماس، كاردانەوەی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێنا.

مەریخ دەمیرال لەدوای گۆڵی دوەمی لە هەڵبژاردەی نەمسا، بە هەردو دەستی، سیمبولی "گورگە بۆرەكانی" نیشاندا، هەرچەندە ئەو كارەی كاردانەوەی دادوەری لێ نەكەوتەوە بەڵام لە دەرەوەی یاریگا، كاردانەوەو مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

نانسی فرز، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، سیمبول و ئاماژەكانی راستڕەوە توندڕەوەكانی توركیا لە یاریگاكانی ئێمە جێیان نابێتەوە. بەكارهێنانی كێبڕكێكانی جامی تۆپی پێی نەتەوەكانی ئەوروپا وەك زەمینەیەك بۆ كاری نەژادپەرستانە، بەتەواوەتی قبوڵ نەكراوە.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا جەختی كردەوە كە لایەنە ئەمنییەكانی ئەڵمانیا بەوردی چاودێری چالاكی راستڕەوە توندڕەوەكانی توركیا لە وڵاتەكەیان دەكەن.

هەروەها یەكێتی توپی پێی ئەوروپاش وتی، كاری لەسەر ئەو بابەتە كردوەو لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكات.

"گورگە بۆرەكان"، رێكخراتوێكی توركی نەتەوە پەرستە كە لە كۆتاییەكانی دەیەی 60ی رابردو لەلایەن ئەفسەرێكی توركەوە بەناوی "ئاڵپ ئەرسەلان" دامەزرا. ئایدۆلۆژیای رێكخراوەكە "تورانیزم"ەو لە "دیواری چینەوە تا گەروی بسفۆر" بە خاكی توركەكان دەزانێت.

لە ئێستادا گورگە بۆرەكان لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (MHP)، پەیوەندییەكی پتەویان هەیە كە ئەو پارتە، هاوپەیمانی سەرەكی پارتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیایە.

هاوكات كۆمیتەی نەتەوەیی ئەرمەنەكان لە ئەمریكا ئەو كارەی یاریزان توركەكە بە كارێكی "رەگەزپەرستانە"و "یادهێنەرەوەی كۆمەڵكوژی كریستیان و كوردەكان" ناوبردوە.

كۆمیتە ئەرمەنییەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە یاریزانە توركەكە دەبو كارتی سوری وەربگرتایە و بۆ هەتایە بێبەش بكرایە لە یارییە نێودەوڵەتییەكان.

بەڵام دەمیرال لە لێدوانی دوای یارییەكەدا بەرگری لە كارەكەی كردو وتی"زۆر كەس لە یاریگاكەدا ئەم سیمبولەیان نیشانداو..ئێمەش توركین و دەڵێین چەندە خۆشبەختە كەسێك كە دەڵێت، من توركم." جەختیشی كردەوە كە ئەگەر دەرفەتی هەبێت جارێكی دیكەش ئەو سیمبولە نیشان دەدات.

ئەو قسانەی دەمیرال بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی كوردی باكوری كوردستانی توڕە كردوە، چونكە لە چەند دەیەی رابردودا منداڵانی كورد لە توركیا ناچار دەكران ئەم دەستەواژەیە بەكاربهێنن: "چەند خۆشبەختە ئەو كەسەی كە دەڵێت، من توركم."و ئەوان پێیانوایە كە ئەم قسانەی دەمیرال، یادهێنەرەوەی ئەو سەردەمانەیە.

لەلایەكی دیكەوە ئەمە كارەكەی مەریخ دەمیرال، تەنیا شت نەبو كە كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵكو بەپێی میدیا ئەڵمانییەكان بەشێك لە هاندەرانی نەماس بەرلە دەستپێكردنی یارییەكە لەبەرامبەر هاندەرانی توركیادا دروشمی دژە كۆچبەرانەیان وتوەتەوەو وەزیری ناوخۆی توركیاش ئەو كارەی ئیدانە كرد

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×