بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی هەرێم دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی "بانکی نیشتمان" تاوتوێ دەکەن
  2024-07-04       229       

وەفدێكی بانكی ناوەندیی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی هەرێمیان كردو دوایین هەنگاوەكانی پێكهێنانی "بانكی نیشتمان"یان تاوتوێ كرد.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەفدێكی بانکی ناوەندیی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی هەرێمیان كردوەو لەلایەن وەفدێكی وەزارەتەكەوە پێشوازییان لێكراوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە دیدارێكدا، گفتوگۆ لە سەر دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی بانکی نیشتمان کراو هەردولا جەختیان لەسەر "هەماهەنگی دولایەنە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی پێکهێنانی بانکەکە کردەوە لە نزیکترین کاتداو ڕۆڵی بانکەکەیان لە پڕۆسەی پێشخستنی بواری دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرزنرخاند.

وەزارەتی دارایی هەرێم وتویەتی، "بانکی نیشتمان کە سەرمایەکەی زیاتر لە 250 ملیار دینارە، کۆتایی ساڵی ڕابردو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی فەرمی پێدرا، بەدەستبەکاربونی بانکەکەش فەرمانبەران و هاوڵاتیان لە چەندین پێشینەو قەرزو خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سودمەند دەبن و سەرجەم بانکە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی لە ژێر چەتری بانکی نیشتمان ڕێکدەخرێنەوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×