پهرلهمانتارێكى یهكێتى زانیاریى گرنگ لهبارهى گهمارۆكانى سهر فڕۆكهخانهى نێودهوڵهتى سلێمانیهوه ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "بڕیارهكه سیاسییهو دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی شارستانیی توركیاش ئاگاداری ئەو بڕیارە نەبون، بهڵكو وهزارهتى دهرهوهى توركیا بڕیارهكهیداوه".
ئاوێنە: كاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن لەپهرلهمانى عێراق ئاشكرایكرد، "زیاتر لە 15 مانگە گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەرەو توركیا ڕاگیراون، توركیاش ناوبەناو بڕیاری درێژكردنەوەی ئەو ڕاگرتنە دەدات، بەمەبەستی هۆكارەكانی ڕاگرتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەگەڵ توركیا چەندجارێك لەگەڵ بەرپرسانی فڕۆكەوانیی بەغدا گفتوگۆمان كردوەو بەدواداچونی پێویستمان لەو بارەیەوە كردوە".
ئەو ئەندامەی پهرلهمانى عێراق باس لەوەشدەکات، "لەئەنجامی بەدواداچونەكانمان بۆ هۆكاری ڕاگرتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ توركیا، بۆمان دەركەوتوە كە بەبڕیارێكی سیاسیو بەناردنی ئیمهیڵێك لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی توركیا كە ئاراستەی بەرپرسانی فڕۆكەوانیی عێراق كراوە، گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بەرەو توركیاو بهپێچهوانهوه ڕاگیراون".
بهوتهى کاروان یاروەیس، "بۆهەمان پرۆسە لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لەعێراقیش كۆبوینەتەوەو گفتوگۆمان كردوە لەوەڵامدا ئەوەی پێڕاگەیاندوین كە ئەوە بڕیارێكی سیاسییەو لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی گرفتی سیاسی هەیە، تەنانەت بڕیارەكە هێندە سیاسی بوە دەسەڵاتدارانی فڕۆكەوانیی شارستانیی توركیاش ئاگاداری بڕیارەكە نەبونو بڕیارەكە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی توركیاوە دراوە".
ئەمە لەكاتێكدایە، لهڕۆژى 3ى 4ى 2023وه توركیا گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا ڕاگرتوە، دوایینجاریش بڕیاریداوە تاوهكو 8ى 12ى 2024 بڕیارەكە كاری پێبكرێت.