وەزیری دارایی عێراق ھۆکاری نەناردنی مووچەی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ھەرێم ئاشکرا دەکات و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران وتی: بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم چاوەڕێی بڕیارێکی سوودانی دەکەین.
ئاوێنە: لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا پرسیار لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کراوە لەبارەی مووچەی مووچەخۆران و هێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە.
تەیف سامی ڕایگەیاندووە، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێم دراوە، لیستی مووچەی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانیش ھەندێک کێشەی تێدایە و بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشەکان، یاخود بڕیاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانە بۆ ئەوەی مووچەکانیان بۆ خەرج بکات.
تا ئێستا بەغداد بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی ئایاری ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی هەرێمی نەداوە، ئەمە لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ناردووە بۆ بەغداد.