له‌ كۆبونه‌وه‌ی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر دانانی "میکانیزمێکی هاوبەش" درا
  2024-07-04       456       

باره‌گای بارزانی رایگه‌یاند، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی به‌شداریكرد له‌ كۆبونه‌وه‌ی لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و بڕیار لەسەر دانانی میکانیزمێکی هاوبەشی نێوان هەردولا درا بۆ بەردەوامبونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە ڕابردودا هەبون، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە لە داهاتودا دێنە ئاراوە.

ئاوێنە: ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، باره‌گای بارزانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە (3ی تەمموزی 2024) لەشاری بەغدا مەسعود بارزانی لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی سەید عەممار حەکیم کۆبوەوە، بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بۆ سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوەشی خستەڕو کە ئێستا کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتۆتە ئارا کە دەکرێ دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

مه‌سعود بارزانی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی له‌ مێژوی هاوبەشی لایەنەکان كردوه‌ لە خەبات لەدژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نوسینەوەی دەستور و جەختی لەوە کردەوە کە دەستور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەمو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین، هه‌روه‌ها بارودۆخی سیاسی و پرسی بونی هێزی هاوپەیمانان بابەتی نەوت و میزانییە و ئیستحقاقات و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە وردی بیروڕای لەسەر ئاڵوگۆڕ کرا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، هەروەها تەئکیدیش لەسەر پاڵپشتیکردنی کابینەی محەمەد شیاع سودانی کرایەوە کە دەرئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان و بەپشتبەستن بە بنەما دەستورییەکان پێکهێنراوە، بڕیار لەسەر دانانی میکانیزمێکی هاوبەشی نێوان هەردولا درا بۆ بەردەوامبونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە ڕابردودا هەبون و هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە لە داهاتودا دێنە ئاراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×