بەرپرسێكی پارتی: ئەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کرا بۆ دروستكردنی فیتنە بو
  2024-07-04       237       

نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە شنگال، هەنگاوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ گۆڕینی بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكانی سنوری پارێزگاكەكە بە هەنگاوێك بۆ دروستكردنی "فیتنە" ناودەبات و دەڵێت، پێویستە ئەو هەنگاو دوبارە نەبێتەوە.

ئاوێنە: نازم ھەرکی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی وتی "بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ گۆڕینی بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانی سنوری پارێزگاكە، بەتەواوی نایاسایی و نادەستوری بو، ئێمە بە ھەمو شێوەیەک ڕەتمان کردەوە و پارێزگاریش ناتوانێت بڕیاری نایاسایی و نادەستوری جێبەجێ بکات، بۆیە بڕیارەکە ڕاگیرا و کاری پێ ناکرێت."

نازم هەركی وتیشی"ناکرێ کاری نایاسایی لەڕێگەی ئەنجومەنەوە ئەنجام بدرێت، ئەوەی کرا کودەتایەک بو، بەشێوەیەکی میلیشیایانە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، چونکە بۆ گۆڕینی بەرپرسە ئیدارییەکان، پێویستە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكان بکرێت، یاخود لە ئەنجومەنی وەزیران یان ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاری لێ بدرێت، بۆیە بێ گوێدانە ھیچ ڕێکارێکی یاسایی، ئەو کارەیان کردبو."

وتیشی"داوا دەکەین چیتر بڕیاری نایاسایی و نادەستوری بەسەر خەڵکی پارێزگای نەینەوادا نەسەپێندرێت، بە ھۆی ئەوەی ئەو پارێزگایە جیاوازە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە و پارێزگای پێکەوەژیانە و پێویستە بڕیارەکانی بە سازان بێت نەک بە زۆرینە، هەر ئەمجارە نا بەڵکو هەر کاتێک بڕیاری لەو شێوەیە بدرێت ڕێگە نادەین بڕیاری نایاسایی دژی نەینەوا بدرێت، چونکە ئێمە وەکو پارتی زۆرینەین و خاوەنی زۆرترین دەنگین، زیاتر لە 142 ھەزار دەنگمان بەدەست هێناوە، هەر بۆیەش ئەم بیرکردنەوە مەترسیدارانە کە فیتنەی نێوان پێکھاتەکانی لێ دەکەوێتەوە ڕەت دەکەینەوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×