شارەزایەكی یاسا: رونكردنەوەكەی دادگای فیدراڵی پەسەندكردنی "هەژماری من"ە
  2024-07-03       535       

هاوڕێ تۆفیق، شارەزای یاسایی، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، رونكردنەوە نوێیەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم "پەسەندکردنی هەژماری منە."

ئاوێنە: هاوڕێ تۆفیق، ئێوارەی ئەمڕۆ، نوسینێكی لەبارەی رونكردنەوەكەی دادگای فیدراڵی بڵاوكردەوەو تێیدا وتویەتی، لە پێشهاتێکی تازەدا دادگای فیدراڵی چارەسەرێکی ناوەخنی کردوە (حل الضمني) نوسراوەکەی دادگا دەڵێت، پێویستە تەوتینی موچە لە بانکی حکومی بن، کە ئەمەیان دوبارەکردنەوەی بریاری پێشوی دادگایە، بەڵام ئەوەی تازەیە دەڵێت؛ تەوتین ئەو بانکانە ئەگرێتەوە کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقییەوە مۆڵەتپێدراون و لە کوردستان لقیان هەیەو فەرمامبەرانیش ئازادن لە هەڵبژاردنی بانکەکان هاوشێوەی فەرمامبەرانی عێراق. 

هاوڕێ تۆفیق وتویەتی"لە راستیدا ئەمەیان گۆرانکارییەکی جەوهەرییە لە بریاری دادگاو پەسەندکردنی هەژماری منە. چونکە بانکەکانی هەژماری من لەگەڵ ئەوەی بانکی ئەهلین بەڵام مۆڵەتدراون لەلایەن بانکی مەرکەزییەوە. ئەمەش دانپانانە بە هەژماری من.  

دەقی نوسینەكەی هاوڕێ تۆفیق:

ڕونکردنەوەی دادگای فیدراڵی؛ تەوتینی موچە لە ئەژماری من، یان بانکی حکومیی؟ 

بریاری دادگای فیدراڵی ژمارە ٢٢٤ و یەکخراوەکانی ٢٦٨/ فیدراڵی ٢٠٢٣ کە لە ٢٠٢٤/٢/٢سەبارەت بە موچە دەرچو، بریارێکی  ئێجگار فراوان و گشتگیر و دورودرێژبو  . دادگا جگە لە بریار، هاوکات چەند بنەمایەکی دادوەری لە ناوی دەقی بریارەکەیدا چەسپاند بو،لەوانە پرۆسەی تەوتین بە هاوکاری وەزارەتی دارایی وئابوری هەرێمی کوردستان ئەبێت. لە کاتی خۆیدا کاردانەوە سەبارەت بە بریارەکە جیاواز بو، چونکە بریارێکی دورودرێژو هەمەلایەنەبو، لێکدانەوەی جیاوازی هەڵئەگرت. ئاشکرایە لە کلتوری دادگاکاندا پاش دەرکردنی بریار کاری دادگا تەواو ئەبێت . بەڵام لەبەر ئەوەی بریارەکە هەمەلایەنە بو هاوکات تەمومژی زۆری بۆ هەردو حکومەتی فیدراڵی و هەرێم تیابو، بۆیە دادگا لە پێشهاتێکی تازەدا کاتی خۆی بەیانێکی دەرکرد، تیایدا جەختیکردوە کە پرۆسەی تەوتینی موچە چونکە پێویستی بە کاتە بۆیە هەتاوەکو پرۆسەکە تەواو ئەکرێ، ئەبێ موچە بەشێوەی کاش  بدرێت. بەمەش گرێ کوێرەیەکی بۆ هەردو حکومەت کردەوە، پاشان دەرگای کێشەیەکی تری هونەری بۆ تەوتین کرایەوە. بە گوێرەی بریارەکە پێویستە تەوتین لە بانکی حکومی دەرەوەی هەرێم بێت، بەمەش هەرێم پێداگیری کرد لە پرۆسەی تەوتینی خۆی کە ناوی (ئەژماری منە) بەگوێرەی نوسراوی رونکردنەوەی دادگای فیدراڵی ژمارە ١١٢/ت ق/٢٠٢٤/١٤٠٠٥ لە بەرواری ٢٠٢٤/٧/٣. ئەم گرێ کوێرەیەی دوەمیشی کردەوە. بۆ جاری دوەم لە پێشهاتێکی تازەدا دادگای فیدراڵی چارەسەرێکی ناوەخنی کردوە( حل الضمني) نوسراوەکەی دادگا دەڵێت پێویستە تەوتینی موچە لە بانکی حکومی بن ،کە ئەمەیان دوبارەکردنەوەی بریاری پێشوی دادگایە ،بەڵام ئەوەی تازەیە دەڵێت ؛تەوتین ئەو بانکانە ئەگرێتەوە کە بەگوێرەی نوسراوی ژمارە٦٩٤٤/٤/٩ لە بەرواری ٢٠٢٤/٦/٦ كە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقیەوە مۆڵەتپێدراون و لە کوردستان لقیان هەیە و ناویان هاتوە بەگوێرەی نوسراوەکەی بانکی ناوەندی .  فەرمامبەرانیش ئازادن لە هەڵبژاردنی بانکەکان هاوشێوەی فەرمامبەرانی عێراق. لە راستیدا ئەمەیان گۆرانکارییەکی جەوهەرییە لە بریاری دادگا و پەسەندکردنی ئەژماری منە. چونکە بانکەکانی ئەژماری من لەگەڵ ئەوەی بانکی ئەهلین بەڵام مۆڵەتدراون لەلایەن بانکی مەرکەزییەوە . ئەمەش دانپانانە بە ئەژماری من.  لە کۆتایدا ئەوەی گرنگە موچەخۆر هەمو مانگێک مافی خۆی وەربگرێت . ئەتوانین بڵێین لە ئێستادا مافی موچەخۆری مەدەنی زامنکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×