سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا سیاسەتی ڕەوانەکردنی کۆچبەرانی بۆ ڕواندا هەڵوەشاندەوە
  2024-07-06       285       
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی نوێی بەڕیتانیا


کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی نوێی بەڕیتانیا لەیەکەم ڕۆژی کارکردنیدا پلانی ڕەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لەبەڕیتانیا بۆ ڕواندا هەڵوەشاندەوەو پلانەکەی پارتی پارێزگارانی‌ بە "مردو" ناوبردووە.

ئاوێنه‌: ڕۆژنامەی تێلیگراف لەزاری سەرچاوەکانی پارتی کرێکارانەوە بڵاویکردۆتەوە، کییەر ستارمەر لەیەکەم ڕۆژی کارکردنیدا پلانی ڕەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لەبەڕیتانیا بۆ ڕواندا هەڵوەشاندووەتەوە.

ستارمەر پێشتر بەڵێنیدابو ئەو پلانەی پارتی پارێزگاران بۆ ڕەوانەکردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام لەکاتێکدا کە پرسی کۆچ یەکێکە لەگرنگترین پرسەکانی هەڵبژاردنەکان، ستارمەر خۆشی لەژێر فشاردا دەبێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ ڕاگرتنی گەیشتنی هەزاران کەس لەڕێی پەڕینەوەیان بەبەلەمی بچوک بەکەناڵی ئینگلیزدا لەفەڕەنساوە بۆ بەڕیتانیا.

بەپێی پلانەکەی ڕواندا بڕیاربو پەناخوازانی نایاسایی ڕەوانە ئەو وڵاتە بکەن بۆ ئەوەی لەڕواندا داوای مافی پەنابەری بکەن، یان هەوڵی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان بدەن.

ئەم ڕێککەوتنە کە لانیکەم نیو ملیار دۆلاری بۆ بەریتانیا تێچووەو هەروەها بووە جێی مشتومڕێکی گەرم لەپەرلەمان و ڕوبەڕوی چەندین تەحەدای یاسایی بوەوە.

ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا دەریدەخەن کە لەساڵی 2022دا نزیکەی 46 هەزار کەس لەڕێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە چونەتە بەریتانیا، بەڵام ئەم ژمارەیە لەساڵی 2023دا بۆ نزیکەی 30 هەزار کەس دابەزیوە.

دوێنێ شه‌ممه‌ دوای‌ ده‌ستبه‌كاربونی‌ وه‌ك سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا، کییەر ستامەر لەیەکەم وتاریدا رایگەیاند، له‌ئەمڕۆوە گۆڕانکاری راستەوخۆ دەستپێدەکەن و متمانەی خەڵکی بەحکومەت چاکدەکەنەوە.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×