سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕایگەیاند، ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە پەیامێكی ناڕاستەوخۆی بۆ ئەمریكا نارد سەبارەت بە دیدگای خۆی بۆ چارەسەركردنی قەیرانە مەترسیدارەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات، بژاردەی سەربازی ئێران لە دژی تەلئەبیب لە ئێستادا دواخراوە.
ئاوێنه: میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ناوەڕۆكی پەیامێكی ئێرانی بۆ ئەمریكا بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕی ناوچەكە دەخەنەڕو، ڕایدهگهینن، دوێنێ تاران لە ڕێگەی عێراقەوە پەیامێكی ناڕاستەوخۆی بۆ ئەمریكا نارد، سەبارەت بە دیدگای خۆی بۆ چارەسەركردنی قەیرانە مەترسیدارەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە باس لە كۆتاییهێنان بە شەڕی غەزە و باشووری لوبنان و وەستاندنی بۆردوومانەكانی بەیروت دەكات، هەروەها بەدوای نەخشەی ڕێگایەكدا دەگەڕێت بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پەیامی ئێران لە زۆربەی بوارەكاندا دیپلۆماسی بوو، واتە دەیەوێت بگاتە چارەسەرێك كە كاریگەری هەبێت بۆ كۆتایی بەو ململانێیەی ئێستا هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێران نایەوێت شەڕێكی هەمەلایەنە بكات.
ئەوەشی خستەڕوو، هەست بەوە دەكرێت بژاردەی سەربازی ئێران لە دژی تەلئەبیب لە ئێستادا دواخراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییە ڕانەگەیەندراوەكانە بۆ پێشگرتن لە تەقینەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە جگە لەوەی چاوەڕێی هەڵوێستی سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەكرێت بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە.
باس لەوەشكراوە، ئێران زیاتر پەنای بردووەتە بەر چارەسەری دیپلۆماسی، كە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت بگەنە چارەسەرێك، كە ببێتە هۆی وەستاندنی خوێن ڕشتن، هاوكات ئێران دووپاتی كردووەتەوە دەستبەرداری گرووپەكانی مقاومە نابێت.
عێراق ڕۆڵی ناوبژیوانی لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆن و تاراندا بینی، هەروەها بەشداریی كرد لە ڕێگریكردن لە پەرەسەندنی ڕووداوەكان بۆ شەڕێكی گەورەی هەمەلایەنەی ناوچەیی.
هاوكات، پەیامێكی كورتی ئەمریكا لە ڕێگەی عێراقییەوە گەیشتووەتە تاران كە تیشك دەخاتە سەر سێ خاڵ، دیارترینیان ئەوەیە دەیانەوێت دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارام بێت و خراپتر نەبێت، هەروەها هەر دەستدرێژییەك كاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا هەبێت، وەڵامی دەدرێتەوە.
ئێران نیگەرانە لەوەی ئیسرائیل هێڵی سوور ببەزێنێت و هێرش بكاتە سەر گرووپە چەكدارەكانی عێراقیش و ببێتە هۆی گرژی زیاتر لە ناوچەكەدا.