ئەمریکا پڕۆژە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست لە غەززە ڤیتۆ کرد
  2024-11-20       175       

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەمریكا مافی ڤیتۆی لە دژی پڕۆژە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەكارهێنا بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە.

ئاوینە: ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژە بڕیارێك بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕ بەبێ مەرج لە غەززە خرایە دەنگدانەوە، ئەمریكا مافی ڤیتۆی بەكارهێنا و لە دژی تێپەڕبونی پڕۆژە بڕیارەكە دەنگی دا.

رۆبەرت وود، باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند، پێشتر ئەمریكا ررونیكردۆتەوە كە پشتیوانی هیچ بریارێك ناكات ئەگەر بەڕونی داوای ئازادكردنی دەستبەجێی بارمتە ئیسرائیلییەكان وەك بەشێك لە ئاگربەست نەكات.

وتیشی، دەبێت شەڕ بەشێوەیەكی هەمیشەیی بە ئازادكردنی بارمتەكان رابگیرێت. ئەم دو ئامانجە خێرایە، پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان بەیەكەوە هەیە. بۆیە ئەمریكا ناتوانێت پشتیوانی پڕۆژە بڕیارەكەی ئەمڕۆ بكات.

لەبەرامبەر ئەوەدا ئەندامانی ئەنجومەنەكە رەخنەی توندیان لە ئەمریكا كرد بەهۆی دروستكردنی بەربەست بۆ تێپەڕبونی ئەو پڕۆژە بڕیارەی كە لەلایەن 10 ئەندامی ئەنجومەنەكەوە پێشكەش كرابو كە پێكدێن لە جەزائیر، ئیكوادۆر، گانا، ژاپۆن، ماڵتا، مۆزەمبیق، كۆریای باشور، سیرالیۆن، سلۆڤینیا و سویسرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×