سبەی پشوەو وەزارەتی دارایی دەڵێت، موچە دابەشدەكرێت
  2024-07-06       251       

حكومەتی هەرێم رایگەیاند، سبەی یەكشەممە، بەبۆنەی سەری ساڵی كۆچییەوە، پشوی رەسمییە. وەزارەتی داراییش دەڵێت، وێڕای پشو، موچە دابەش دەكرێت.

ئاوێنە: حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، سبەی یەكشەممە (7 ی تەمموزی 2024)، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی سەری ساڵی كۆچییەوە پشوی رەسمی دەبێت.

حكومەتی هەرێم وتوشیەتی، هاوكات تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەردەوام دەبن و بە هۆی پشوەوە ناوەستن.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ڕۆژی دوشەممە (8 ی تەمموزی 2024)، دەوام لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكان دەست پێ دەكاتەوە.

دوای بەدوای ئەوە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەگەڵ ئەوەی سبەی پشوی رەسمییە لە سەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە بڕیاری وەزیری دارایی دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی موچەیان لە ئەستۆدایەو دابەشکردنی موچە بەپێی ئەو خشتەیەی ڕاگەیەنراوە وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردو، وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتی، 231 ملیارو 605 ملیۆن و 531 هەزار دینار وەک تەمویلی شایستەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەكەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

وەزارەتی دارایی وتیشی، ڕۆژی یەکشەممە 7/7/2024 دەست بەدابەشکردنی موچەی سەرجەم ئەو توێژانە دەکرێت کە تەمویلەکەیان گەیشتۆتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×