خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانى هەرێم داوای هاوتاكردنی مووچەكانیان لەگەڵ بەغدا دەكەن
  2024-07-04       254       

سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتى كەمئەندامانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، داوای زیادكردنی مووچەكانمان و هاوتاكردنى بە بەغدا دەكەین، دەشڵیت، داوا دەكەین مووچەكەنمان لە ١٠٠ هەزار دینارەوە بكرێت بە ٢٥٠ هەزار دینار.

ئاوێنە: سامان حسێن سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتى كەمئەندامانی هەرێمی كوردستان لە بارەی دواكارییان بۆ هاوتاكردنی مووچەكانیان لەگەڵ كەمئەندامانی عێراق، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.

سامان حسێن ڕایگەیاند، داوا لە سەرۆكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی و وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی دەكەین، بەزووترین كات هەنگاوی ئەرێنی بنێن بۆ هاوتاكردنی مووچەی كەمئەندامانی هەرێم لەگەڵ بەغدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بریاری دەركردووە بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنششینانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق، ئێمەش وەك ڕێكخراوی كەمئەندامانی كوردستان پەیام دەنێرین بۆ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، هیچ پاساوێك نەماوە بۆ زیادنەكردنی مووچەی كەمئەندامان، كاتی ئەوە هاتووە مووچەی ئێمەش زیاد بكرێت و هاوتای مووچەی خانەنشینان بكرێت.

وتیشى، ئەگەر بەدەم داواكارییەكەمانەوە نەیەن، هەموومان دەڕژێینە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندان دەستپێدەكەین.

باسی لەوەشكرد، دەنگدان لە پێشە و ئیمەش زیاتر لە ٨٠ هەزار كەمئەندامین دەنگ و ڕەنگ و سەنگ و كاریگەریمان هەیە، چونكە حكومەت هیچ پاساوێكی نییە و پارەی تەواوی لەبەردەستەدایە، دەبێت مووچەی كەمئەندامانی هەرێم هاوتای موچەی كەمئەندامانی عێراق بكرێتەوە و لە ١٠٠ هەزارەوە زیادبكرێت بۆ ٢٥٠ هەزار دینار.

 ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی عێراق هاوسۆزی كەمئەندامانە و ئەوان هیچ كێشەیەكیان نییە لە زیادكردنی مووچەی كەمئەندامان و ئێستا كێشەكەیان لەسەر حكومەتی هەرێم وەستاوە، دەبێت وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بێتە دەنگ، دەبێت بە یەك دەنگ بێنە سەرشەقام بۆ زیاد كردنی مووچەی كەمئەندامان.

سامان حسێن دەشڵێت: كەمئەندامان لە حكومەت و وەزارەتەكان زۆر توڕەن بۆیە سەرۆكی حكومەت ڕیكخراوەكان حزبەكان دەبێت موچەی كەمئەندامان زیاد بكەن، ئێستا كاتی ئەوەیە موچەی كەمئەندامانی كوردستان هاوتایی مووچەی كەمئەندامانی عێراق بكرێت.

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان بڕیار درا بە هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ بەغدا دا، لە ئێستادا كەمئەندامانیش داوای هاوتا كردنی مووچەكەیان لەگەڵ عێراق دەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×