ئەنجومەنی وەزیران هاوتاكردنی موچەی خانەنشینانی هەرێمی بە موچەی خانەنشیانی عێراق پەسەندكرد
  2024-07-03       444       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا پێشنیاری هاوتاكردنی موچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستانی بە موچەی خانەنشینانی عێراق پەسەندكرد و پێشوازیش لە ڕونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەکات لەبارەی پرۆسەی بەبانکیکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، پێویستە وەزارەتەکان لیستی موچە و تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە لە 10 ڕۆژی یەکەمی هەمو مانگێک بۆ بەغدا بنێرن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەمموزی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوەو حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەكەی خستۆتەڕو.

بڕگەی یەكەمی كۆبونەوەكە تایبەت بوە بە تاوتوێكردنی هاوتاكردنی موچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدراڵ و بەپێی راگەیەندراوەكە لەوبارەیەوە "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابوری و تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێمی دا بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەپێناوی بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێم و هاوتاکردنی موچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە لەوبارەیەوە "وەزارەتی دارایی وئابوری و دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردران بۆ ڕێکاری یاسایی و ئیداریی پێویست بگرنەبەرو لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ ئەم مەبەستە تا سەرجەم پێداویستییە دارایی و قانونییەکان تەواوبکرێن و لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش، وەزارەتی دارایی و ئابوری بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی ئامادەسازیی ڕێکخستنەوەی کەرتی خانەنشینی لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی فیدڕاڵیی ژمارە 9ی ساڵی 2014 تا دواتر ڕێکكەوتنی پێویستی لەسەر بکرێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بابەتی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم و موچەی مانگی پێنج و شەشی پێشمەرگە و ئاسایش و دوا پێشهاتی وردبینی و پێداچونەوەی لیستی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کراو لەوبارەیەوە "ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە وەزارەتەکان بەردەوام بن لە ناردنی لیستی موچە و تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە لە 10 ڕۆژی یەکەمی هەمو مانگێک تاکو هیچ بیانویەک نەمێنێت کە ببێتە هۆی دواخستنی موچەی مانگانەی موچەخۆران و دوپاتیشی کردەوە کە بەردەوام بن لە ئاسانکاریکردن بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی."

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، "پێشوازی لە ڕونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی كرد تایبەت بەوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بانکی حکومیی و هەمو ئەو بانکانەش کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق ڕێگەپێدراون و لە هەرێم کار دەکەن و لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من) لە هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی و ڕێنمایی بانکی ناوەندی پرۆسەی بەبانکیکردنی پێدانی موچەی هەرێم جێبەجێ دەکەن، بەم شێوەیەش موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، هاوشێوەی موچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی موچەکانیان لە بانکە حکومی و تایبەتەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ڕێگەپێدراو بن."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە ئەنجومەنی وەزیران داوا لە موچەخۆران دەکات "ئەوانەی تا ئێستا پرۆسەی بەبانکیکردنیان لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من) تەواو نەکردوە، لە نزیکترین کاتدا، خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی تاکۆتایی ئەمساڵ وەک بڕیارە تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێن."

 

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئ

ەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەمموزی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، لە دوتوێی ڕاپۆرتێکدا بە داتاو زانیاری بابەتی هاوتاکردنی موچەی خانشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ خستەڕو ئەمەش بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتو ژمارە 9ی ساڵی 2014 کارپێکراو لە بەغدا کە یاسای ژمارە 27 ی ساڵی 2006ی هەڵوەشاندوەتەوە، هەروەک لە بڕیاری دادگای فیدراڵی هاتوەو لە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری داراییش پێشنیارکراوە کە لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کار بە یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2014 بکرێت بە ئاڕاستەی یەکسانيی لە موچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان کە ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەسن و خەرجی کۆی موچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارەو ئاماژەیدا بەوەی لە هەرێم کەمترین بڕی موچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لە کاتێکدا کەمترین موچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە.

دواتریش هەریەک لە ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون ڕونکردنەوەی پێویستیان خستەڕو.

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی جیاوازییەکانی نێوان هەردو یاسای خانەنشینی کارپێکراو لە هەرێم ژمارە 27ی ساڵی 2006 و یاسای خانەنشینی یەکگرتوی فیدڕاڵ ژمارە 9ی ساڵی 2014 ی خستەڕو، ئاماژەی بەوە دا کە بەشێوەیەکی گشتی جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014 لە بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێمە کە موچەو شایستەکانیان هاوتا دەکات لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بەتایبەتیش لە ڕوی کەمترین بڕی موچەی خانەنشینی لە هەرێم کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کەمترە، ئەمە جگە لە دەرماڵەی بژێویی کە بڕەکەی 100 هەزار دینارەو مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت لەسەرو موچەکانیان، سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت لەلایەن خانەنشینان لە حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای کۆی دوا موچەو دەڕماڵە نەک تەنیا موچەی بنەڕەتی.

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە سەرەڕای ئەمانە، بە جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014، سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بە یەک یاساو مەرج و پێوەر، خانەنشین دەکرێن و یەک دامەزراوەش بە ناوی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی، تایبەتمەند دەبێت بە خانەنشینی لە سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (شارستانی و سەربازیی و پێشمەرگایەتیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) کە ئێستا بە گوێرەی یاسای ساڵی 2006 هەر یەک لەم پۆستانە یاسای خانەنشینی تایبەت بە خۆیان هەیە.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابوری و تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێمی دا بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەپێناوی بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێم و هاوتاکردنی موچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، وەزارەتی دارایی وئابوری و دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردران بۆ ڕێکاری یاسایی و ئیداریی پێویست بگرنەبەرو لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ ئەم مەبەستە تا سەرجەم پێداویستییە دارایی و قانونییەکان تەواوبکرێن و لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش، وەزارەتی دارایی و ئابوری بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی ئامادەسازیی ڕێکخستنەوەی کەرتی خانەنشینی لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی فیدڕاڵیی ژمارە 9ی ساڵی 2014 تا دواتر ڕێکكەوتنی پێویستی لەسەر بکرێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی بابەتی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم و موچەی مانگی پێنج و شەشی پێشمەرگە و ئاسایش و دوا پێشهاتی وردبینی و پێداچونەوەی لیستی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرا، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە وەزارەتەکان بەردەوام بن لە ناردنی لیستی موچە و تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە لە 10 ڕۆژی یەکەمی هەمو مانگێک تاکو هیچ بیانویەک نەمێنێت کە ببێتە هۆی دواخستنی موچەی مانگانەی موچەخۆران و دوپاتیشی کردەوە کە بەردەوام بن لە ئاسانکاریکردن بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی.

هەر لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پێشوازی لە ڕونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی كرد تایبەت بەوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بانکی حکومیی و هەمو ئەو بانکانەش کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق ڕێگەپێدراون و لە هەرێم کار دەکەن و لە چوارچێوەی پرۆژەی ( هەژماری من) لە هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی و ڕێنمایی بانکی ناوەندی پرۆسەی بەبانکیکردنی پێدانی موچەی هەرێم جێبەجێ دەکەن، بەم شێوەیەش موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، هاوشێوەی موچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی موچەکانیان لە بانکە حکومی و تایبەتەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ڕێگەپێدراو بن .

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە موچەخۆران دەکات ئەوانەی تا ئێستا پرۆسەی بەبانکیکردنیان لە چوارچێوەی پرۆژەی ( هەژماری من) تەواو نەکردوە، لە نزیکترین کاتدا، خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی تاکۆتایی ئەمساڵ وەک بڕیارە تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێن.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×