ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بەغدا هیچ بڕە پارەیەكی بۆ موچەی مانگی 6 نەناردوە
  2024-07-03       427       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەك بۆ موچەی مانگی 6ی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە نەنێردراوەو دەشڵێت، حکومەتی هەرێم هۆکارە بۆ دواکەوتنی ناردنی موچە.

ئاوێنە: د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە پێگەی رەسمی یەكێتی"هەتا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ موچەی مانگی حوزەیرانی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن دارایی عیراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی دارایی هەرێم."

وتیشی"بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە، بە هیچ شێوەیەک حکومەتی عیراق ناتوانێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەنێرێت، بەڵام بەهۆی هەندێک رێکاری یاساییەوە چەند مانگێکە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن عیراقەوە دوادەکەوێت، تەنانەت بەهۆی وردبینی لیستی موچەی هێزە ئەمنییەکانەوە، هەتا ئێستا نەتوانراوە موچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت."

ئەوەشی خستەڕو"یەکێک لەو کێشانەی کە بوە هۆی دواکەوتنی ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە هەیە، کە مانگانە  لیستی موچە درەنگ دەنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عیراق، ئەمە جگە لەوەی لە چەند مانگی رابردوشدا، هەمو مانگێک کێشە لە لیستی موچەخۆراندا هەبوەو دارایی عیراق داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی کردوە."

ئاماژەی بەوەشدا "دوای 10 ساڵ دابڕانمان لە حکومەتی عیراق لەڕوی داراییەوە، چەند مانگێکی دەوێت هەتا سیستمی موچە لە هەرێم رێکدەبێتەوە، بەڵام دواجار هەردو حکومەت پابەند کراون بە چەند بڕیارێکەوە کە لە بەرژەوەندی موچەخۆرانەو رێگری دەکات لە نەدان یاخود دواخستنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×