قەوارەی هەرێم لەنێوان قەواڵەی حیزبەکانو خەڵکدا
عەبدولرەزاق شەریف
2020-06-30   849
ھەرێمی سلێمانی وەک چارەسەر
جارێک لە مەلا عومەری ھاوەڵی (شێخ عیزەدین )یان پرسیبوو مەلا تۆ بەراستیتە بانگەشە بۆ مام جەلال ئەکەیت کە داوای دەوڵەتی کورد، بۆ ھەر چوار پارچەکە پێکەوە ئەکات؟ وتبووی بەڵێ وایە، وتبوویان چۆن و بۆچی بۆمان ڕوونبکەرەوە؟ زۆر بەسانایی لە وەڵامدا وتبووی ( مام جەلال لەم شاخ و کێوە بەسەر چەند پێشمەرگەیەکی ئەودیوا ئەخوڕێ و بە گۆچان لێیان ئەدا، قابیلە حەز نەکا بەسەر ھەموو کوردا بخوڕێ و کوردی ھەر چوار پارچەکە دارکاریبکا)، وتبوویان لەمەی مام جەلال تێگەیشتین ئەی باشە شێخ عیزەدین کۆمەڵەیە و چۆن ئەڵێی ئەویش وەک مام جەلال حەز بە یەکبوونی ھەر چوار پارچەکە ئەکات؟ لە وەڵامدا ئەڵێ، شێخیش ئێستا زەکات و سەرفترە بەس لە خەڵکی سابڵاخ وەرەگرێ، قابیلە حەزنەکا لە کوردی ھەر چوار پارچەکەی وەربگرێ!
پارتی دیموکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزانی و ھاوبیرەکانیان، بە ھەمان لۆژیکی (مەلا عومەر ) حەز و خولیای پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانیان ھەیە، بۆیە کە باسی ئەکەن سەدان ھەزار دەنگ بە ڕوویاندا، بەرز ئەبێتەوە . ھەندێ دەنگی ناوازەی ناڕازیش لە حوکمدارێتی بیست و نۆ ساڵی یەکێتی و پارتی و شەریکەکانیان، لە مەراقی قەیران و بێ ئومێدیا، ئەڵێن ھەر زاڵم وکافرێ حوکمداریمان بکات لەم حیزبانەی کوردستان باشترە! ھەندێ ئاخ بۆ گەڕانەوەی بەعس ھەڵدەکێشن!، داوای ڕاستەوخۆ پەیوەست بوون بە بەغدا و حوکمدارێتی حیزبە عێراقییەکان ئەکەن . ئەم دوو بۆچوون و بیرکردنەوەیە یەک سەرچاوەیان ھەیە و گوزارشت لە یەک ھەقیقەت ئەکەن، ئەویش فەشەلی سیستەمی سیاسی، ئیداری و ئابوری حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.
یەکەم بۆچوون ئەیەوێ بیپارێزێت ھەتا نەوت و جەوت چوڕبڕ ئەکات و ئایندەی زیندەگی مناڵی خێزانە سیاسییەکان مسۆگەر ئەکات، دووەم بۆچوون ئەیەوێ تێکی بدات و تۆڵەی تاڵانی موڵکی خەڵک و نائومێدی خۆی بکاتەوە و لە پاڵیا ئایندەی زیندەگی مناڵەکانی باشتر بکات . سەرەنجام ڕێگەی ھەر دوو بیرکردنەوەکە، بە زەلیلی بەرەو بەغدا ئەڕوات و ھەموو مافە دەستوری و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستان کە سەدان ساڵە فرمێسک و خوێنی بۆ ئەڕێژین، لەیەکەمیاندا، بەرامبەر مانەوەی حوکمی بنەماڵەکان و لە دووەمیاندا بەرامبەر موچە سازشی لەسەر دەکرێت و ھەمو کێشە و قەیرانەکانیش وەک خۆیان و زیاتریش ئەمێننەوە و ( ما العمل )، ئەی چی بکەین؟
برای بەرێز (مەریوان وریا قانع)، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، ھەردوو بۆچوونەکەی بە گەمژەیی سیاسی وەسفکرد و ڕێگە چارەکەشی بە نیوە ناچڵ باسکرد، دیارە لەکۆتایی بەرنامەکەیا بوو، بێژەرەکەش بە ھەر ھۆیەک بوو قسەکەی پێبڕی، بۆیە وەڵامی پرسیارەکە ھەقی خۆی وەرنەگرت، کە ئەبوایە ھەمو بەرنامەکە تەنیا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بوایە، نەک قسەکان کۆتایی پێ بھێنرێت، بە ھەر حاڵ، کاک مەریوان لە وەڵامدا وتی (ڕای من ئەوەیە لە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، فۆرمی فیدڕاڵیەت یەکێکە لەو فۆرمانەی کە ئەتوانێ زۆر کێشەی سیاسی چارەسەر بکات، فۆرمی پارێزگای سەربەخۆ بێت یان ھەرێمی سەربەخۆ بێت، ئەتوانێ کۆمەڵێ کێشە چارەسەر بکات، بەڵام ئەو فۆرمە پێویستی بە بکەری سیاسی ھەیە کە تیایدا، دیموکرات بێت، نەک وەک پارتی و یەکێتی بێت).
لە بنەڕەتدا، بیری فیدراڵیەت، بە دوو مەبەستی سەرەکی ھاتۆتە ناو کایەی سیاسی و حوکمڕانییەوە، یەکەمیان چارەسەری کێشەیە و ئەویتریان یەکبوون و زیاتر پێکەوەبوونە، پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی ھەرێمی کوردستان کێشە گەلێکی زۆریان لەگەڵ ناوەندی دەسەڵاتی ھەولێر لە لایەک و بەغدا، لە لایەکیتر ھەیە، ئەو کێشانە، قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی زۆری لەگەڵ خۆی ھێناوە، کار گەیشتووە بەوەی بژێوی ژیان تێکبچێت و ئایندەی خەڵک و خاکەکەمان بکەوێتە مەترسی گەورەوە و تەونی کۆمەڵایەتی لەبەر یەک ھەڵبوەشێت.
تەنیا ڕێگەی دەستوری و یاسایی بۆ ڕزگاربوون بە ھەرێمکردنی شارەکانی کورستانە، ئەمەش لە ڕێگەی دەنگی زۆرینەی خەڵکی ھەر پارێزگایەکەوە جێبەجێدەکرێت و مەریوان وتەنی ( میلەتەکەمان لە زۆر کێشە دەرباز ئەکەین )، ھەر پارێزگایەکیش بە کەرکوکی خۆشەویستیشەوە کە مافی بە ھەرێمبوونی وەرگرت، ئەتوانێ دەستورێک بە تایبەتمەندییە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بنوسێتەوە و ھەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی وەک ھەرێمی سەربەخۆ لە عێراقدا، وەربگرێت.
سنور و خاک و سەروەت و حوکمدارێتیش کە سەد ساڵە کێشەی ھەموومانە لەم عێراقەدا، ھەر بەو دەستوورە، ھەرێمەکان چارەسەری ئەکەن، ھەندێ کێشەی کەمیش گەر بمێنێ، پێکەوە لەناو خۆماندا و لەگەڵ بەغدا، ھەر ھەرێمە و گفتوگۆی خۆی لە بارەوە ئەکات. ئەگەر بنەماڵە سیاسییەکانیش، حەز و خولیایان وەک تەفسیرەکەی مەلا عومەری کۆمەڵە بێت، بەخوا ھەرێمی سلێمانی نە دارکاری قبوڵ ئەکات و نە سەرانەی بە ناوی زەکات و سەرفترەوە لێ ئەسەندرێ، ئەم بیست و پێنج ساڵەش کە بە دەنگی دھۆک و مێرگەسور و بە ئێف شانزەی تورک بۆیان کراوە ، سلێمانی دەستی بەو دەڤەرە ڕانەگەیشتووە.