فدبۆڵ، عێراق و ئینتیما!

عەبدولرەزاق شەریف
  2023-01-20   

سەرەتای مانگی یەکی ساڵی هەشتاوهەشت، ئێمە دەستەیەک لە سێ کەرتی جیاوازی پێشمەرگەکانی تیپی تایبەتی مەڵبەندی یەکی سلێمانی بەهەورازەکەی زنجیرە چیای چەرماوەندەوە، بەرەو ئەودیوی دۆڵی جافایەتی و جەبهەی فراوانی قەیوان ماوەت دەچوین.

محەمەد قاسم، رادیۆکەی بەدەستەوەوەو لەبناگوێدا، لە هاتوهاواردا بو، فتبۆڵێنی نێوان عێراق و کوەیت (خولی خەلیجی عەرەبی یان فارسی) بو، کە ئێستا جەدەلی نێودەوڵەتی لەسەر ناوەکەی دروستبوە!

لە بەقای هەتاوی تاوێرێکی هەورازی ئەو زنارەدا پشویەکماندا، ئەو پڕ بەگەروی لەگەڵ دەنگی موئەید بەدریدا، هاواری بۆ ئەحمەد رازی و بردنەوەی تیمی عێراقی لەگەمەکەدا دەکرد!

 - تۆ خانەقینیت و ئاسەواری تەعریبت پێوە دیارە.

من ئەو قسەیەم کردو ئەو قوشقی بو ...

زیاتر لەوە وتم ئاخ رۆژێک ئەو تیمی فدبۆڵەی عێراق بکەوێتە کەمینێکمانەوەو یەکەم کەسیان ئەو ئەحمەد رازیە گوللـە باران بکەین .

- ئنجا خۆ هەمو کەرتەکە لەسەر ئەحمەد رازی ئەکوژم .

وەڵامەکەی محەمەد قاسم لەدڵ و دەرونەوە بو، قسەکانی من شۆخی و توڕەکردنی ئەو بو .

چەند هەفتەیەکی کەم و لەپەلاماری هێزە تایبەتەکانی لیوای شەستوپێنج و شەشتوشەشی هێزە تایبەتەکانی سوپای عێراق بۆ سەنگەرەکانمان کە بە (لیوای سەدامی زەهەبی ناسراوبون) لە شاخی کونەکۆتر محەمەد قاسم بەیەک هەنگاو لەتەنیشت خۆمەوە شەهید بو، لاشەکەیمان لە گوندی چۆخماخ ناشت، نازانم تا ئێستا تەرمەکە براوەتەوە زێدی خۆی یان نا ..!

دوای ئەنفالەکان و مانەوەمان لەگەرمیان، کاک قادری حاجی عەلی وەک لێپرسراوی یەکەمی مەڵبەندی یەک، لیستی ناوی چەند خۆفرۆش و خائینێکی بە کاک سوهاد خانەقینی فەرماندەمان دابو، راشیسپاردبو هەرکات رێگەمان کەوتە شاری سلێمانی و دەوروبەری چەند بتوانین و دەرفەت هەبێت وەک ئەوسا ئەیانوت (بەسزای گەل و شۆڕشیان بگەیەنین.)

دەردەسەری و بێ جێگەونانی وایکرد لەتخوبەکانی شاری سلێمانی و چەمی تانجەرۆ و جارجاریش ناوشاری سلێمانی لەنگەر بگرین. لەمشوری ئەوەدابوین فەرمانی لێپرسراوی مەڵبەند جێبەجێ بکەین! بەومەبەستە هەریەک لای خۆمانەوە لەگەڵ دۆست و خزم و رێکخستنەکانی کۆمەڵە کەوتینە سۆراغ و پرسیار، هەموان قورس و گرانی چالاکییەکی وایان بۆ سزادانی ئەو کەسانە باسدەکرد، بەتایبەت ناوەکان زۆریان سەرۆک جاش و ئامر مەفرەزەی تەواری بون و لەو سەروەختەیا کارێکی سەخت بو، بۆ ژیان و مانەوەی تەواوی مەفرەزەکەشمان مەترسیدار بو .

یەکێک لەپێشنیازەکانی هاوڕێیەکی رێکخستنی سلێمانی ئەوەبو کە ئەحمەد رازی بکوژین ..!

-  ئەو کچی پیاوێکی ناوداری شار دەستگیرانێتی و هەمو هەفتەیەک و لەرۆژانی پشو لەبەغداوە دێتە دیەنی و لەو ماڵە دەمێنێتەوە.

من کاتی خۆی و کە لەبەغدا دەمخوێند، چیرۆکی خۆشەویستی ئەحمەد رازی و ئەو کچە کوردەم بیستبو، بۆیە یەکسەر بڕوام بە قسەکانی ئەو هاوڕێیە هێنا، وتم باشترین چالاکییە کە لەسەرتاسەری عێراقدا دەنگ ئەداتەوە .

دو شەوی پشوی هەفتە لەگەڕەکی رزگاری بەهاوکاری هاوڕێکانمان لەرێکخستنی کۆمەڵە بۆی دانیشتین، پێدەچو سەفەر و قەدەری ئەو بەنسیبی سزاکە نەبوبێت، بەڵام هەمو ئەو دەقیقەو سەعاتانەی بەتاریکی لەکۆڵانەکەی پشتی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شار لە خەیاڵی ترس و تۆڵەو تەقەو قوتاربونا بوم، محەمەد قاسمی شەهیدی هاوڕێم لەتەنیشتمەوە بو! بێگوێدانە خۆشەویستی ئەو بۆ ئەحمەد رازی! ئەمویست پێی بڵێم :

" شۆخی بو خەونەکەی کەڵکی قزلەرو هەورازی چەرماوەند بەڵام هاتەدی "

ئەمویست بۆی بسەلمێنم کە خۆشەویستی ئەو بۆ عێراق هەڵەبوەو کوشتنی ئەم عێراقە رێگە راستەقینەکەیە .!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
بەفەرمی؛ یەکێتی دەرگای بەشداریی لە حکومەت داخست و پۆستەکانی چۆڵ کرد
مۆدێلی نوێی ئۆجەلان بۆ چوار پارچەی کوردستان؛ لە کەرکوکەوە تاوەکو شنگال و ڕۆژهەڵات
مه‌لا شڤان: به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانم نه‌كردایه‌ یه‌كێتی نیو ملیۆن دۆلاری پێده‌دام
عێراق: توركیا ده‌ستده‌كات به‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی قۆناغ به‌ قۆناغی سه‌ربازگه‌ی باشیك
لافاوەکەی هەولێر قوربانیی لێکەوتەوە؛ شۆفێرێکی خۆبەخش گیانی لەدەستدا و منداڵێکی 5 ساڵانیش بێسەروشوێنە
نهێنییەکانی پشت شکستی حووسییەکان لە کۆنترۆڵکردنی تەعز؛ شاخەکان و ستراتیژیی سەربازی چۆن هاوکێشەکەیان گۆڕی؟
گرژییەکانی سەر پرسی چەک لە عێراق قووڵتر دەبنەوە؛ سەرۆکوەزیران هۆشداریی توند دەداتە گرووپە چەکدارەکان
لە سبەینێوە "هاوینە بچووک" ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات؛ هۆشدارییەکی بەپەلە دەدرێتە جووتیاران
نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی ئێران تاوتوێی "هاریکاریی ئەمنی" ده‌كه‌ن
گادی ئایزنکۆت؛ ئەو ژەنەراڵە بێدەنگەی بە پشتیوانیی عەرەبەکان کۆتایی بە سەردەمی نەتەنیاهوو دەهێنێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×