لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە

عەبدولرەزاق شەریف
  2024-12-23   

" ٨ "

بەیانی ئەو شەوەی مامجەلال جەڵدەی مێشک لێیدا، زۆری سەرکردەکانی یەکێتی، لەمەکتەبی سیاسی و لەژورەکەی حاکم قادر کۆبونەوە . هێرۆخان و ئەوانەی لەبەغدا نزیکی ئەو بون وەڵامی هیچ پەیوەندییەکیان نەئەدایەوە، ئەمانەی سلێمانیش، کەسیان نەیاندەزانی چی رویداوە، بۆ هەر هەواڵێک وەک هەموان، گوێبیستی راگەیاندنەکان بون .

هەر ئەو بەیانیە، لەناکاو هەواڵەکە و مەترسی و باری دەرونی هەندێکیان وایکردبو، بیری گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ جڵەوگرتنی یەکێتی بێتە باسوخواسی ئەو بارە ناهەموارە، بەو مەبەستەش پەیوەندیان پێوەکرد سەردانی مەکتەبی سیاسی بکات . سەرەتا پێی باش بو بەڵام نەهات ! وەک بیستمان چاوەڕوانی گەڕانەوەی هێرۆ خانە چونکە بۆ هەواڵپرسینی مامجەلال و بۆ ئەو پێشنیازەش هەر لەگەڵ ئەو قسەیکردبو .

دوو مانگ دواتر و هەمان بیری گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا باسکرایەوە بەڵام ئەمجارە لەلایەن خودی هێرۆخانەوە .

ئێوارەی نۆزدەی مانگی سێی دووهەزاروسیانزە، بۆ یەکەمجار لەتەلەفۆنا گوێم لەدەنگی خانمی یەکەمی ئەوسای عێراق بو ...

پێی وتم :

- کوڕم سبەینێ نیوەڕۆ کاک نەوشیروان لەمەکتەبی سیاسی میوانی ئێمەیە، ئەو حەزی لەیاپراخە، بۆی دروستبکەن، دوای نانخواردن هەمومان پێکەوە دەستی یەکتری دەگرین، شەقامی سالم دائەخەین و بەناو خەڵکەکەیا بەپێ تاشەقامی مەولەوی ئەڕۆین، نامەوێ هیچ راگەیاندنێک بەوانەی خۆشمانەوە بیزانن، تەنیا کامێراکەی لای خۆتان بێنە دواقسەش وتیەوە، یاپراخەکەتان بیرنەچێ .

من نازانم بۆچی ئەم راسپاردانەی بەمن وت ! لەکاتێکدا، جگە لەکامێراکە هیچ ئەرکێ لەوانەیتر، کاری من نەبون .

ئێوارەی هەمان رۆژ، لەماڵەکەی خۆی و بۆ هەواڵ، سەردانی کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیم کرد، ئاگاداری میوانداریەکەبو، لەبارەیەوە قسەماندەکرد، زەنگی تەلەفۆنەکەی لێیدا، چەند هەناسەیەکی کەم و دایخستەوە .

- ئەوە مستەفای سەید قادر بو ... دەڵێت سەردانەکەی سبەینێ ناکرێت و لای ئێوەوە تێکدراوە، بزانین کێ تێکیداوە ؟

وای وت و داوایکرد مەلابەختیاری بۆ وەرگرن ...

- مەلابەختیاریش ئاگادار نیە، دیارە هێرۆ خۆی تێکیداوە !

ئەم قسەیەی دوای داخستنەوەی تەلەفۆنەکە کرد .

بەو پەیوەندیەی مستەفادا، زانیم کەنەوشیروان مستەفا گومانی لەکۆسرەت رەسوڵ هەیە، ئەشمزانی کەگومانەکەی لەجێگەی خۆیدا نیە ! بەپێچەوانەوە ئەو گرنگی بەمیوانداریەکەدا، وەک من زۆریش شادمان بو .

پەیوەندیەکان و رێکخستنی مەراسیم و بەرنامەی کۆبونەوەکە لەجوغزێکی نهێنی بچوکدا بون بەڵام گومانەکان گەورە بون . هەمو ئەوانەی بەم تەدارەکی سەردانەیان ئەزانی، لەژمارەی پەنجەکانی دەست زیاتر نەبون .

چەند رۆژێکی کەم و وێنەکە باشتر رون بۆوە، زانیمان پارتی و شەخسی مەسعود بارزانی لەو کۆبونەوەیە ئاگادار کرابونەوە، هەر ئەوانیش نەیانهێشتبو، روبدات .

چۆن ؟ ئەی بۆچی ؟

( ماوەیەکی کەم و دوای گواستنەوەی مامجەلال بۆ ئەڵەمانیا، مەسعود بارزانی هاتە سلێمانی و لەکۆبونەوەی هاوبەشی وەفدی هەردولادا، وتی :

- یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئامانەتی مامجەلالە لای من ! پێویستە هەموتان ئەوە باش بزانن .

ئەو رۆژە، پێش گەیشتنی بارزانی بۆ مەکتەبی سیاسی، روخسەتم لەمەلا بەختیار وەرگرتبو کە مێز و کورسیەکانی هۆڵەکە بەجۆرێک رێکبخەم وەک کۆبونەوەیەکی هاوسەنگی نێوان دوو حیزبی جیاواز دەربکەوین، کورسەکەی مامجەلالم لەگۆشەی هۆڵەکەدا لادابو، دوو کورسی هاوشێوەم بەرامبەری یەکتری بۆ سەرۆکی پارتی و جێگری سکرتێری گشتی دانابو بەڵام لەهاتنەژورەوەی بارزانیدا و لەفەرموکردنی هاوڕێکانی خۆماندا، خستیانە سەرەوە، ئەو کورسیەکەی مامجەلالیشیان بۆ راکێشا کەپێشتر و لەسوچێکی هۆڵەکەدا بەتاکی دامنابوو .

دواتر وێنەکان وادەرکەوتن کە مەسعود بارزانی سەرپەرشتی کۆبونەوەی هاوبەشی هەردوو حیزب دەکات .

هەرلەوێشدا، داوایان لەبارزانی کرد لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، قسە بکات .

بارزانی لەو داوایە دودڵ بوو ! نەک لەکۆنگرەی رۆژنامەوانیەکە بەڵکو لەوەی کێ لەهاوڕێکانی ئێمە لەتەنیشت خۆیەوە بوەستێنێت !

دواجار کەداوایانلێکردەوە وتی :

- باشە بەڵام بەتەنیا دەبم .

خۆی و مەلابەختیاریش ئاماژە و قسەیەکی وایانکرد کە من کۆنگرەکە رێکبخەم و بۆ جێگەی رۆژنامەنوسەکانیش هاوەڵی بکەم .

کۆنگرەکەی کرد و بەتەنیا من لەتەنیشتیەوە راوەستام ) .

چەند رۆژێک بەسەر شکستی کۆبونەوە و مەراسیمی ئێوارەی نەورۆزدا، تێپەڕی .

دڵنیابوم لەرێگەی ناوخۆی خۆمانەوە بەراسپاردەی بارزانی تێکدراوە ! بێ دودڵی و بێ پرسی هیچ کەسێک پەیوەندیم بە "ئەحمەد میرە " هاوڕێی رۆژنامەنوس و خاوەنی گۆڤاری لڤینەوە کرد . لەگەڵ ئەواندا، راپۆرتێکی رۆژنامەوانیم لەسەر کۆی هەوڵەکانی کۆبونەوەکە، تێکدان وگومانەکان نوسی و بڵاومانکردەوە بەڵام بەشێوازێک لەلایەک خەڵکی کوردستان بزانن چی روئەدا و لەلایەکیتر تەنیا ئەو کەسانەی ناو جوغزە بچوکەکەی هەردوو لایەن، لەکۆدەکان و نێوانی دێڕەکان تێبگەن .

هیچ کەسێکیش لەناو یەکێتی و گۆڕاندا، زانیاریەکانی ناو راپۆرتە رۆژنامەوانیەکەیان رەتنەکردەوە .

ساڵان رۆیشت و کاری میدیای گۆڕانم کەوتە ئەستۆ .

بەهاری دووهەزاروپانزە پێش مەراسیمی شاری جوان، جارێکیتر هەوڵەکانی بارزانی بۆ شکستپێهێنانی رێکەوتنە بیستوپێنج خاڵیەکەی نێوان ( ب گ ، ی ن ک )، لەناوخۆی یەکێتیەوە کەوتەوە گەڕ .

بەفرسەتم زانی لەنزیکەوە روو لەنەوشیروان مستەفا بڵێم :

+ تۆ دوو ساڵ پێش ئێستا، پێتوابو کۆبونەوەی نەورۆز، کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح تێکیانداوە ! من ئەوکاتیش ئەمزانی کەوانیە ! ئێستا ئەوانە کێن کاک مەسعود ئەتوانێ هانیانبدات، رێککەوتنێکی وەها گرنگمان لێ تێکبدات ؟

- ئێستاش هەر بڕوام وایە کۆسرەت و جەماعەتەکەی کۆسرەتن .

بەم وەڵامە تێگەیشتم هەمان بڕوای ساڵانی پێشوی هەیە بەڵام رۆژی دواتر، کۆمەڵێک بەڵگەمان سەبارەت بەهەوڵەکانی تێکدانی رێککەوتنەکە دەستکەوت، لەبەشی ئایندەیا باسیان دەکەم .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
بەفەرمی؛ یەکێتی دەرگای بەشداریی لە حکومەت داخست و پۆستەکانی چۆڵ کرد
مۆدێلی نوێی ئۆجەلان بۆ چوار پارچەی کوردستان؛ لە کەرکوکەوە تاوەکو شنگال و ڕۆژهەڵات
مه‌لا شڤان: به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانم نه‌كردایه‌ یه‌كێتی نیو ملیۆن دۆلاری پێده‌دام
عێراق: توركیا ده‌ستده‌كات به‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی قۆناغ به‌ قۆناغی سه‌ربازگه‌ی باشیك
لافاوەکەی هەولێر قوربانیی لێکەوتەوە؛ شۆفێرێکی خۆبەخش گیانی لەدەستدا و منداڵێکی 5 ساڵانیش بێسەروشوێنە
نهێنییەکانی پشت شکستی حووسییەکان لە کۆنترۆڵکردنی تەعز؛ شاخەکان و ستراتیژیی سەربازی چۆن هاوکێشەکەیان گۆڕی؟
گرژییەکانی سەر پرسی چەک لە عێراق قووڵتر دەبنەوە؛ سەرۆکوەزیران هۆشداریی توند دەداتە گرووپە چەکدارەکان
لە سبەینێوە "هاوینە بچووک" ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات؛ هۆشدارییەکی بەپەلە دەدرێتە جووتیاران
نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی ئێران تاوتوێی "هاریکاریی ئەمنی" ده‌كه‌ن
ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت ڕاگەیاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×