کوێخا لەگەڵ هەڵۆکەی چەمچەماڵ

عەبدولرەزاق شەریف
  2021-04-29   
هەمو بونەوەرێک بە خۆڕسکی بە شوێن نوای ئارام و ئەمیندا، بۆ ژیان ئەگەڕێ . پێویستی خۆپاراستن و مانەوە، لە پێش پێداویستی خواردن و ( گوزەران خۆشی ) یە، مرۆڤ جیاواز لە گیاندارانیتر، پاراستنی ( شکۆ و کەرامەت )ی بە ژیان و مانەوە و گشت غەریزەکانیەوە پەیوەستە، بۆیە لەو پێناوەدا، هەمیشە ئامادەیە سنورەکانی ئایدۆلۆجیا و نەتەوە و حیزب و خێڵ و خێزان ببەزێنێت . گەر لێکۆڵینەوە لەسەر رەگ و ریشە و هۆکارەکانی هەڵگەڕانەوە و دیاردەی جاشایەتی لە مێژوی کوردا بکرێت، ئەبێ تێزی ( ئەمان + پاراستنی شکۆ ) نادیدە نەگیرێ . بارزانی لە وەڵامی  سیویەکی ئابدا، ئەڵێت ( چاڵمان بۆ هەڵکەنرابو مابو بمانخەنە ناوی )، ئەم قسەیە بۆ هەمو ئەوانیتریش راستە . 
وازهێنان لە حیزب و پەنا بردن بۆ حیزبێکیتر، ئەوەی پێی ئەڵێن ( سەنگەر گواستنەوە )، لەگەڵ مێژوی دروستبونی حیزب و رێکخراوی سیاسیدا، هەبوە و رویداوە، لە ناو کورد، بۆ هۆکار بگەڕێین نمونەکانی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دید و ئایدا و بیروڕا  زۆر کەمتر بوە، بەڵکو بە هەمان ئەو میتۆد و پاڵنەرانەی لە سەرەتا بۆ ئەمان و مانەوە باسمانکرد رویانداوە و روئەدەن . 
دەیان پێشمەرگە وکادر و سەرکردەی باش و نمونەیی( ی ن ک ) لە ئانوساتی شکاندنی کەرامەتدا، سەنگەری بۆ لای ( پ د ک ) یان حیزبێکیتر ئەگۆڕی، بە پێچەوانەشەوە رویئەدا، بەڵام هەمیشە سەنگەرگۆڕەکە بە خۆفرۆشی و ویژدان فرۆشی لای هەوادارانی حیزبی دایکەوە تۆمەتبار کراوە و رای گشتی لە دژی هاندراوە، کە لەراستیدا، زۆرجار ئەو کەسە جگە لە پارێزگاری و گەڕانەوەی شکۆ و کەرامەتی خۆی بۆ هیچ مەبەستێکیتر ئەو کارەی نەکردوە . 
چەمکی تۆڵە کردنەوە لە قابیل و هابیلەوە بۆ ئەمڕۆ لە ویژدانی مرۆڤدا، کارئەکات . کار و کاردانەوەی سیاسی کە بە تاکتیک و ستراتیج بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو وەسفدەکرێ، لە ناوەرۆکدا، هەڵگری هەست و خواستی تۆڵەکردنەوەیە، هەر ئەمەش هەمو جەنگ و وێرانکاریەکانی ئەم تۆپی زەویەی بەدوای خۆیدا هێناوە ، گیانی تۆڵەکردنەوەش پەیوەستی توانا و شکۆ و ئیرادەیە، کە دۆڕا و براوەی پێ پێناسە ئەکرێت .
سەبارەت بە دوێنێ و ئەمڕۆی عەبدوڵای کوێخا موبارەک و هەمو ئەوانەی پێشتر و ئەوانەشی ئایندە روئەدەن لێکۆڵینەوە و تێگەیشتنی دروست پێویستە .
 ئەو لای من هەر کوێخای ماڵ و دیوەخانەکەی چەمچەماڵە، هەر وەک چۆن هەڵۆ چەمچەماڵی تا مەرگی لای من هەر هەڵۆ بو ..!!
( گۆڕان و عەبدوڵای کوێخا موبارەک )

ئەو رۆژەی هەردو سەید ( عومەر و مستەفا )، بۆ تەبلیغی تەسلیمکردن و هەڵوەشاندنەوەی میدیای گۆڕان بانگیانکردم پێم وتن : گۆڕانکاری پۆست و پلە ئاساییە، ئەوەی ئاسایی نیە ئەم شێوازی شکاندنی شکۆ و کەرامەتە ( فێڵ و تەڵەکە )یەی ئێوەیە، کە لە ناو یەکێتی و لە شاخەوە فێری بون و پیادەی ئەکەن، بەوەش سەدان پیاوی تێکۆشەری ئەم شارەتان قاودا و ناچارتان بە تەسلیمبون و جاشایەتی کرد ، سەدان خێزانتان وەک خائین خستە مێژوی کوردەوە، لە گۆڕانیشدا دەیان کادر و سەرکردەی باشی هاوڕێمان بەهەمان دەرد ڕاونرا، رومکردە مستەفا و وتم تۆ سەرۆکی تیمی حکومەتی بزوتنەوەکە بویت پێم بڵێ رێباز حەملان خائین یان دز بو ؟ راستەوخۆ وتی نەخێر لە کوڕە باشەکانی ئێمە بو ! 
- گەر ئەتانەوێ منیش وەک ئەو لێبکەن، دڵنیابن ناتوانن و نایبینن .
ئەو قسەیەمکرد و میدیای بزوتنەوەکەم وەک ئەوەی ئەوان ویستیان بە زویری جێهێشت، ئەوەندە بێ نەزاکەت بون هەمو داوای من لە پاداشتی سێ ساڵ کارکردن سوپاسنامەیەک بو، نەیانکرد .
عەبدوڵا ستونێکی پتەوی بزوتنەوەی گۆڕان بو، وەک زۆریتر کە کشانەوە یان دەرپەڕێنران، ئەویش رەخنەی جدی لە دەسەڵاتی کوڕەکانی کاک نەوشیروان و تەوریسی سیاسی و گواستنەوەی موڵکوماڵی بزوتنەوەکە بو بۆ سەر وەرەسەکانی رێکخەری پێشو . ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان و هەوادارەکانیان، وەک هەنگی کلۆرە داریان دۆزیبێتەوە، ئەمڕۆی هەواڵی پارتی بونی ( عەبدوڵا ) یان کردوە بە سەرکەوتنێکی گەورە و بەهۆیەوە بەرەی نارازی دەسەڵاتدارانی هەرێم و هەمو ئەو کەسانەی پێ جنێو باران ئەکەن کە لە بزوتنەوەکەیان دورکەوتنەوە و بە پۆست و پوڵ فریویان نەخوارد .
هەڵوێستەکەی کوێخا هی رەخنە و گلەیی و تەنانەت توڕەبونی هاوڕێکانیشیەتی، بەڵام هەرگیز بزوتنەوەی گۆڕان و شڕە ماکینەی جنێوەکانیان بۆیان نیە توخنی تخوبی کوێخا و خەڵکی نارازیتر بکەون، چونکە : 
- لە مێژە بە ئاشکرا دەستی لە هەمو کارێکی ( ب گ ) کشاندۆتەوە، بە دوایدا ئازادە لە هەر حیزبێکیتر درێژە بە کاری سیاسی بدات . 
- پەنای بۆ دوژمن و کاری گەندەڵی و دوژمنکارانە بەرامبەر هاوڕێکانی خۆی و میلەتەکەی نەبردوە .
- ئەوەی بۆ تەسلیمبونی ئیرادە بە پارتی رچەی شکاند ئەم سەرکردانەی گۆڕان بون نەک کوێخاکەی چەمچەماڵ ( گەر ئەڵێن بۆ چاکسازی و ئاشتی کۆمەڵایەتی یان بۆ مانەوە وامانکرد ! ئەو قسەیە بۆ کوێخاش هەر راستە ) .
- ئێستا ( ب گ  و پارتی و یەکێتی )، هاوشێوەی یەکتری، سێ حیزبی سێ بنەماڵەی سێ سەرکردەی سیاسی مێژوی کوردایەتین و لە ستراکچەردا، جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە، گەر بە نۆرم و بەها و پێگەی بنەماڵەیی بێت و لەڕوی مێژویی و کۆمەڵایەتیەوە بەراوردیان بکەین ، بارزانیەکان لە دوانەکەیتر رەسەنتر و باشترن ، حیزبەکەشیان گەورەتر و مەحکەمتر و دەسەڵاتدارترە .
- ب گ ، بەتەسلیمکردنی ئیرادەی نزیکەی نیو ملیۆن دەنگدەر و کوشتنی هیوای هەمو خەڵکی کوردستان تاوانبارە .
- ب گ ، دوای مەرگ زیانی بە فکر و مێژوی نەوشیروان مستەفا گەیاند، هەمو کەسێکی بەئاگا دەزانێت پێناسەی پێش مەرگ و دوای مەرگی ئەو پیاوە، بەهۆی کاروکردەوەکانی هاوڕێکانیەوە دو پێناسەی تەواو جیاوازە . 
لەبەر هەمو ئەو هۆیانە باشترە بزوتنەوەی گۆڕان و هەوادارەکانیان توخنی کوێخا و ئەوانەی وەک کوێخان نەکەون ، ئەم مەسەلەی سەنگەر گۆڕین و تەنانەت جاشایەتیش کە هۆکار  گەلێکی بەدواوەیە  پێویستی بە لێکۆڵینەوەی چڕ و پڕ لە ناوخۆی حیزبەکان و دەزگا تایبەتەکان و تەنانەت زانکۆکانیشدا، هەیە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
بەفەرمی؛ یەکێتی دەرگای بەشداریی لە حکومەت داخست و پۆستەکانی چۆڵ کرد
مۆدێلی نوێی ئۆجەلان بۆ چوار پارچەی کوردستان؛ لە کەرکوکەوە تاوەکو شنگال و ڕۆژهەڵات
مه‌لا شڤان: به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانم نه‌كردایه‌ یه‌كێتی نیو ملیۆن دۆلاری پێده‌دام
عێراق: توركیا ده‌ستده‌كات به‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی قۆناغ به‌ قۆناغی سه‌ربازگه‌ی باشیك
لافاوەکەی هەولێر قوربانیی لێکەوتەوە؛ شۆفێرێکی خۆبەخش گیانی لەدەستدا و منداڵێکی 5 ساڵانیش بێسەروشوێنە
نهێنییەکانی پشت شکستی حووسییەکان لە کۆنترۆڵکردنی تەعز؛ شاخەکان و ستراتیژیی سەربازی چۆن هاوکێشەکەیان گۆڕی؟
گرژییەکانی سەر پرسی چەک لە عێراق قووڵتر دەبنەوە؛ سەرۆکوەزیران هۆشداریی توند دەداتە گرووپە چەکدارەکان
لە سبەینێوە "هاوینە بچووک" ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات؛ هۆشدارییەکی بەپەلە دەدرێتە جووتیاران
نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی ئێران تاوتوێی "هاریکاریی ئەمنی" ده‌كه‌ن
گادی ئایزنکۆت؛ ئەو ژەنەراڵە بێدەنگەی بە پشتیوانیی عەرەبەکان کۆتایی بە سەردەمی نەتەنیاهوو دەهێنێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×