كۆبونەوەكەی دوێنێی پارتی و یەكێتیی خراپ بووە، بگرە پاشەكشێ گرێ بۆ بەشێك لەو رەشنوسەدا دروستبووە كە هەردوولا پێشتر لەسەری رێككەوتبوون بۆ چوارچێوەی حوكمڕانیان دایانڕشتبوو. بۆیە ئەگەر لەكۆبونەوەی داهاتوو نەتوانن ئەو گرێیە نوێیانە بكەنەوە، ئەوا پێكهاتنی كابینەی نوێ زیاتر دوادەكەوێت.
پارتی لەپرسی پێكهێنانی حكومەت تەنگەتاو نییە، چونكە هەژموونی بەسەر حوكمڕانیدا هەیە. لەهەمانكاتدا پەرلەمان پەكیكەوتووەو كارناكات، بۆیە هەژموونی پارتی بەسەر حوكمڕانیدا زیاتربووە.
یەكێتیش لەچاوەڕوانی هەڵبژاردنی عیراقدایەو دەیەوێت دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق پۆستەكانی هەرێم و بەغدا بخرێتە سەبەتەیەك و لەگەڵ پارتی گفتوگۆی دابەشكردنیان بكات، نەك وەك ساڵانی رابردوو كێشەی كاندیدی سەرۆكی كۆماری بۆ دروستببێتەوە. چونكە ئەگەر پێشوەختە لەسەر ئەو پۆستە رێكنەكەون، دوای هەڵبژاردن یەكێك دەبێت لەكێشە گەورەكانی نێوان پارتی و یەكێتیی.
بەكورتی كێشەكانی پارتی و یەكێتیی لەدوو تەوەری سەرەكی خۆی دەبینێتەوە:
یەكەم: چۆنیەتی بەیەكەوە كاركردن لەحكومەت و دەسەڵاتی وەزیرو كاربەدەستانی حكومەت.
بەقسەی كاربەدەستانی یەكێتیی شێوەی كاركردن لەحكومەت روون نییەو هاوكات حكومەتێكی دیكە لەناو حكومەت دروستكراوە كە بریتین لەژمارەیەك كاربەدەست لەژێر ناونیشانی دیكە، وەك تۆڕێك یان مەنزومەیەكی بەدیلی حوكمڕانیی لێهاتووەو دەسەڵاتی دارایی و ئیداریی و پەیوەندییەكانی حكومەتیان كۆنترۆڵ كردووە.
دوێنێ (بەپێی سەرچاوەیەك) لەكۆبونەوەكانی پێشوو لەسەر رەشنوسێك رێككەوتبوون لەسەر چۆنیەتی بەیەكەوە كاركردن و رێكخستنی دەسەڵاتەكان، بەڵام لەچەند بڕگەیەك گرفت دروستبۆتەوە، بۆیە كێشە بۆ گرێی گەورە بۆ پێكهێنانی حكومەت دروستدەبێت. پێدەچێت پارتی بەئاسانی دەستبەرداری ئەو تۆڕە سێبەرە نەبێت كە لەحكومەت دروستكراوە.
دووەم: دابەشكردنی پۆستەكان، كە ئەمیش دوو بەشە. یەكەمیان دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی وەك (سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی) دووەمیشیان دابەشكردنی وەزارەت و جومگەكانی دیكەی حوكمڕانیی.
لەپرسی دابەشكردنی پۆستەكان پارتی دەستبەرداری سەرۆكی هەرێم و حكومەت نابێت، لەبەر دوو هۆكار:
1- ئەم دوو پۆستە كاریگەری لەسەر هاوكێشەو باڵانسی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، بۆیە پارتی نایەوێت سازش لەسەر ئەو دوو پۆستەبكات.
2- دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم پەیوەندی بەپۆستی سەرۆكی كۆمارەوە هەیە كە پێشتر لەچوارچێوەی رێككەوتننامەی ستراتیژیی بەشێوەیەكی تەقلیدیی لەنێوان یەكێتیی و پارتیدا دابەشكراون. بۆیە ئەگەر پارتی هەر یەكێك لەو دوو پۆستە بدات بەیەكێتیی راستەوخۆ گرێدراو دەبێت بە بەپۆستی سەرۆكی كۆمار لەبەغدا كە ئێستا (ئەو سەرۆكەی هەیە) لەسەر یەكێتیی حیسابە. خولاسە لەپۆستە باڵاكان پارتی سەرۆكی پەرلەمانی بۆ یەكێتیی هێشتۆتەوەو تائێستا مشتومڕیش لەسەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەیە.
سەبارەت بەدابەشكردنی وەزارەتەكان، هێشتا رێككەوتن نەكراوە. پارتی ئامادەنییە بەشێك لەو وەزارەتانەی كە لای خۆی بوون بداتە یەكێتیی یان هێزێكی دیكە وەك وەزارەتی ناوخۆ، شارەوانیی، پەیوەندییەكان..تد. بەڵكو ئامادەیە سێ وەزارەتەكەی ئێستا لای گۆڕانن دوانیان بەداتە یەكێتیی ئەوانیش (بازرگانیی و ئاوەدانكردنەوە)یە، بەڵام وەزارەتی دارایی بۆخۆی داناوە. هاوكات پارتی داوایكردووە وەزارەتەكانی نا سیادی وەك رۆشنبیریی و گەیاندن بدرێت بەپێكهاتەكانی توركمان و كلدۆ ئاشویییەكان (مەسیحییەكان) بەڵام دیار نییە كاندید ئەو وەزارەتانە لەلایەن پارتیەوە دیاریی دەكرێن یان یەكێك یەكێتیی و یەكێكیش پارتی.
یەكێتیش داوای چەند پۆست و وەزارەتێكی كردووە وەك ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆو دارایی، بەڵام پارتی رازی نەبووە.
ئەوەی دەبینرێت و پێشبینی دەكرێت، كابینەی ئەمجارە زۆر دوادەكەوێت، هەردوولا چاوەڕوانی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەن و هاوكات پرسی هەڵبژاردنی عیراقیش لێكەوتەی هەبووە لەسەر رێڕەوی كۆبونەوەكان.
لەونێوانەدا لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بێهەڵوێست بوون. رەنگە لێرەو لەوێ لێدوانێك درابێت، بەڵام هەڵوێستی جددی و عەمەلی نەبوون، لایەنەكان دەستەوەستان بەدیار ئەنجامی كۆبونەوەكانی پارتی و یەكێـتیی دانیشتوون ئەمە لەكاتێكدا دامەزراوەكانی حوكمڕانیی شەرعیەتیان لەدەستداوەو هیچ بەهایەكیان نەماوە، لەباشترین بارودۆخیشدا لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن مەگەر لێدوانێك یاخود بەیاننامەیەكیان دەركردووە.