هەرێم لەدووڕیانی مان و نەماندا!ّ

سەرتیپ جەوهەر
  2026-06-27   

بەپێی لێدوانی رەسمیی و ئەو ئاماژانەی هەن، هەرێم لەبەردەم دووڕیانێكی پڕ ئالنگارییەو روون نییە چ ئاراستەیەك دەگرێت، بەڵام ئەم دۆخە چەقبەستووەی هەیە تاسەر بەردەوام نابێت.

یەكێتیی و نەوەی نوێ‌ رێككەوتوون هەرچی توانایان هەیە خستویانەتەگەڕ بۆ هەمواركردن و دووبارە سیاغەكردنەوەی دۆخی سیاسی و هاوكێشەی هێز لەحوكمڕانیی هەرێم. لەدوایین دیڕەكانیشدا لەبەردەم رۆژنامەنوسان، شاسوار عەبدولواحێد بەروونی گوتی حکومڕانیەی هەرێم یان چاکدەکرێت یان هەرێم نامێنێت. پارتیش كە ئێستا زۆرینەی رەهای جومگەكانی حوكمڕانیی هەرێمی بەدەستەوەیە هەوڵدەدات دەستبگرێت بەو دۆخەی هەیەو ئامادەنییە دەستبەرداری دەسەڵاتدارێتی هەرێم ببێت.

لەدوو رۆژی رابردوو، پارتی بەدوای دڵنیابوونەوە بووە لەوەی ئەوەی شاسوار عەبدولواحێد لەكۆنگرە رۆژنامەنوسیەكە گوتی، تەنها بۆچوونی نەوەی نوێیە یان هی یەكێتییشە؟ بەپێی زانیاریی نارەسمیی، بەپرسێكی باڵای پارتی پەیوەندی بەرپرسێكی باڵای یەكێتیی كردووەو لەوڵامدا پێی گوتووە بەڵێ‌ ئەمە بۆچوونی یەكێتیشە.

ئەوەی ئێستا دەیبینین، دەرئەنجامی قبوڵنەكردنی یەكترو مانەوەی چەكە لەدەرەوەی ئیرادەی حكومەت و دامەزراوەنەبوونی حوكمڕانییە لەهەرێم. زیاتر لە 35 ساڵە حوكمڕانی هەرێم لەبازنەیەكی داخراودا بەبێ‌ پێشكەوتن دەخولێتەوە! بەبێ‌ دۆزینەوەی میكانزمێك یان بەدیلێك بۆ بۆ دەربازبوون تێپەڕین لەم دۆخە، مومكین نییە ئەم حوكمڕانیەی هەرێم بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت.

یەكێتیی و نەوەی نوێ‌ خۆیان ئامادەكردووە بەچەند رێگەیەك فشار لەپارتی بكەن و گۆڕان لەحوكمڕانی هەرێمدا دروستبكەن. داواكارییەكانی یەكێتیی و نەوەی نوێ‌ وەك خۆیان دەیڵێین بریتییە لە نیوەی پۆستەكانی حكومەت و حوكمڕانیی بەپۆستە باڵاكانیشەوە. دووبارە دابەشكردن و دیاریكردنی دەسەڵاتی جومگەكانی حوكمڕانیی و هەروەها فراوانكردنی دەسەڵاتی ئیدارە خۆجێیەكان كەمەبەست لێی سلێمانی و هەڵەبجەیە.

جگە لەپەنابردنە بەر دادگای فیدراڵ بۆ بەلاداخستنی چەقبەستنی سیاسی لەهەرێم، رەنگە یەكێتیی و نەوەی نوێ‌ هەوڵبدەن لەبودجەی نوێی عیراق بڕگەو ماددەی نوێ‌ زیادبكەن كە گرەنتی دەسەڵاتی دارایی بداتە سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەك لە 2021 بڕگەیەك لەپرۆژەی بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق زیادكرا، بەڵام دواتر لادرا. بیریشمان نەچێت لەداهاتوودا لەبەغدا فشاری نوێ‌ دەكرێتە سەر هەرێم و زەمینەیەك هەیە دەسەڵاتەكانی هەرێم سنوردار بكرێت هەروەك عەدنان فەیحا جێگری یەكەمی پەرلەمان لەگفتوگۆی ناردنەدەرەوەی نەوت بەڕێگەی سوریاو توركیا بەروونی گوتی؛ حكومەتی عیراق هەڵوێستێكی توندی دەبێت بەرامبەر هەرێم لەدانانی بودجەی ساڵی نوێ‌ و سنورێك بۆ پێشێلكارییەكانی هەرێم دادەنێین. مەبەست لەو قسەیە سنوردارتركردنی دەسەڵاتەكانی هەرێم بوو بەسەر نەوت و سامانی سروشتیی.

لەبەرامبەر ئەم بارودۆخە نوێیە، لەناو پارتیش ترسێك دروستبووە لەم دۆخە، بۆیە رەنگە لەناوخۆی پارتیش گفتوگۆیەك دروستبووبێت كە ئەم دۆخە بەرەو گرژی زیاترەو لێكەوتەكانی زۆر خراپ دەبن بۆیە باشترە بەدوای رێككەوتننامەیەكی نوێدا بگەڕێن لەگەڵ یەكێتیی هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژیی، بۆئەوەی بتوانن ئەم دۆخە تێپەڕێنن و ئاسانتر دەسەڵاتەكان دابەشبكەن.

نازانم ئەم بۆچوونە تاچەند سەركەوتوو دەبێت، بەڵام لەدۆخێكدا كە دیموكراسی نییەو پەرلەمان و دامەزراوەكانی حوكمڕانیی پەكیان كەوتووە، پێویستدەكات لایەنە ناكۆكەكان كەچەك بەدەستن و نفوزی جوگرافی و ئیقلیمیان هەیە، بەدوای بەدیلدا بگەڕێین بۆ بەیەكەوە حوكمڕانیكردن، نەك فۆرمی دوو ئیدارەیی. چونكە هەر فۆرمێكی دیكە جگە پێداچوونەوە بەحوكمڕانی هەرێم و ساغكردنەوەی دەسەڵاتی دامەزراوەو حوكمڕانەكانی، بەدڵنیاییەوە قەوارەی هەرێم زیاتر دەپوكێتەوەو هیچ مانایەكیش بۆ ئەو قیچە دیموكراسیەو ئازادییەی كوردستان و حزبایەتیكردن نامێنێتەوەو ئیدی بەواقع كوردستان دەبێتە دوو زۆنی حوكمڕانیی حزبیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
یەکێتی و نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵیی سکاڵایان لە دانیشتنی پەرلەمان تۆمارکرد
مه‌سرور بارزانی: له‌گه‌ڵ تۆم باراك هاوڕابوین كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم به‌ یه‌كگرتویی بمێنێته‌وه‌
کۆڕەک تیلیکۆم لە دادگای فیدراڵی دۆڕاندی و دەستەی گەیاندنی عێراق بردیەوە
سەرۆكی دەزگای ئاسایشی عێراق: هێرشه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی سه‌ر كۆرمۆر جیاوازه‌ له‌وانه‌ی رابردو
تۆم باراك بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان: ناكۆكییه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌كانتان تێپه‌ڕینن
فوئاد حوسێن وردەکاریی سەردانە نهێنییەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران و هەوڵەکانی ڕاگرتنی جەنگ ئاشکرا دەکات
ئیکۆ عێراق وردەکاریی زیانە داراییەکانی کێڵگەی کۆرمۆر و لێکەوتەکانی لەسەر کەرتی کارەبا بڵاودەکاتەوە
نێچیرڤان بارزانی و ئه‌حمه‌د شه‌رع تاوتوێی دۆخی كورد له‌ سوریا ده‌كه‌ن
لە وێستگەکانی ئاوەوە بۆ ساردکەرەوەی فرۆشگاکان؛ نهێنییەکانی گرووپی سایبەری "شەهید کاوە" و پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە ئاشکرا دەکرێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×