چەند هەفتەیەك ماوەو ئێران و عێراق لەناوەندی گۆڕانكارییەكانن

سەرتیپ جەوهەر
  2025-03-20     947

گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە هێدی هێدی لەئێران دواتر لەعیراق نزیك دەبێتەوەو گەڕانەوەی بۆ نییە. ئەمریكاو ئیسرائیل زۆر رژدن لەسەر یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی مەترسی چەكی ئەتۆمیی ئێران و كەمكردنەوەی نفوزی ئەو وڵاتە لەدەوروبەر. بەپێی هەموو پێشبینیەكان رژێمی تاران لەبەردەم دوو ئەگەری زۆر سەختدایە، یان سازشێكی زۆر بەئازار بەجۆرێك هەموو بەرنامەی ئەتۆمی و موشەكی دوورهاوێژ رادەستبكات و گەرەنتی بكات كە جێی مەترسی نابن بۆسەر ئیسرائیل و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا، یانیش دەبێ‌ چاوەڕێی لێدانێكی سەربازیی زۆر بەئازاری بێت كە بەپێی قسەی ئیسرائیل و ئەمریكا زۆر كەمەرشكێن و وێرانكەر دەبێت بەتایبەتیش بۆسەر بەرنامە ئەتۆمیی و موشەكیەكەی. لەوە واوەتر رەنگە ئێرانیان ترساندبێت بەدەستبردن بۆ شەقام و گۆڕانكاریی سیاسی بۆیە دوێنێ ئێران بڕیاریدا پۆلیسی ئادابی گشتیی هەڵوەشێنێتەوە.

ئەوەی جێی بایەخی ئێمەیە، عیراق لەناوەندی ئەو گۆڕانكارییانە دەبێت. ئەمریكاو ئیسرائیل مەرجی پێشوەختەیان خستۆتە بەردەم عیراق، یان دەبێت جێبەجێیان بكات یاخود رووبەرووی سزای توندی ئەمریكاو رەنگە ئیسرائیلیش ببێتەوە.

لەسەرووی هەموو مەرجەكان، هەڵوەشاندنەوەی هێزی میلیشیای حەشدی شەعبییە، دواتر پرسی كۆنترۆڵكردنی بانكەكان و ئالوگۆڕی بازرگانیی و پرسی كڕینی وزە بەتایبەتیش گازی سروشتیی دێتەپێش كە دبێت عیراق جێبەجێیان بكات، ئەگینا ئەوەی بەر عیراق دەكەوێت كاریگەرییەكەی كەمتر نابێت لەوەی بەر ئێران دەكەوێت.

بەپێی پێشبینی چاودێران، لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا رێكاری كردارەكی لەدژی عیراق و ئێران دەستپێدەكات و بەندە بە وڵامی هەردوو وڵات بۆ داخوازییەكانی ئەمریكا كە پێشوەختە هەردوولای لێ‌ ئاگاداركراوەتەوە.

سەبارەت بەعیراق، ئەوەی پێشبینی دەكرێت ئەگەر عیراق زۆر بەخێرایی پابەندی بڕیارەكانی ئەمریكا نەبێت ئەوا پێشوەختە دەركردنی زنجیرەیەك رێوشوێن و سزای توندە دژی ژمارەیەك حزب و قەوارەو سیاسی یان كەسایەتیی سیاسی بەتایبەت ئەوانەی نزیكی ئێرانن و لایەنگری بەرەی مقاوەمەی ئێرانین، دواتر سەپاندنی سزای توندە بەسەر ژمارەیەك دامەزراوەی سەربازیی یان دارایی، ناویان دەخرێتە لیستی رەش و ئاسان لێی دەرباز نابن. لەنێوانیاندا گروپی میلیشیای شەعبی هاوكات ژمارەیەك بانك و دامەزراوەی دارایی كە رەنگە بانكی رافیدەین-یش بگرێتەوە. لەوە خراپتر ئەوەیە ئەگەر عیراق بكەوێتە منجڕیی و پابەندی مەرجەكانی ئەمریكا نەبێت ئەوا رەنگە سزای كەمكردنەوەی ناردنی دۆلاری هیشكە (كاش) دژی عیراق بگرێتەبەر، ئەمەش وادەكات لەماوەیەكی زۆر كورتدا نرخی دیناری عیراق بەرامبەر دۆلار زۆر دابەزێت و نرخی دۆلار زۆر گران ببێت.

هێشتا روون نییە عیراق مەرجەكانی ئەمریكا بەتەواوی جێبەجێ دەكات یان نا، بەشێك لەسیاسیەكان بەتایبەتیش سەرۆك وەزیران و بەشێك لەكاربەدەستانی عیراق لەمەترسی دۆخەكە تێگەیشتوون و هەوڵدەدەن گروپە نزیكەكانی ئێران (سیاسی و میلیشیا)یی رازیبكەن بەجێبەجێكردنی مەرجەكانی ئەمریكا، چونكە هیچ دەرفەت بۆ خۆدزینەوە نەماوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، چونكە لەژێر فشاری ئێراندان، ئەمە لەكاتێكدایە كە دەرفەت و كاتی زۆر بەردەست نییە بۆ خۆ یەكلاییكردنەوە، بەپێی هەموو پێشبینی هەمووسەرچاوەكانی ئەمریكا ماوەی بەردەست بۆ جێبەجێكردنی داخوازیەكانی واشنتن رەنگە چەند هەفتەیەكی دیكە بێت نەك زیاتر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×