پێدەچێت ئەحمەد شەرع حاكمی نوێی دیمەشق بێ بەشداری هیچ پێكهاتەیەكی ئیتنی و سیاسی سوریا هەنگاوەكانی خۆ قایمكردن و پێكهێنانی دەسەڵاتدارێتیەكی نوێ بنێت، هەروەك چۆن حافز ئەسەد ساڵی 1970 بێ بەشداری هیچ پێكهاتەیەكی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینیی لیژنەیەكی لەئەندامانی حزبی بەعس دروستكرد بۆ نوسینەوەی دەستور.
بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دزەییان كردووە، رەشنوسی ئەو دەستورەی ئەحمەد شەرع خەریكی گەڵاڵەكردنییەتی، جگە لەوەی دەوڵەتی سوریا بەئاراستەی حوكمی ئیسلامیی توندڕەو دەبات، هاوكات هیچ مافێكی سیاسی و فەرهەنگیی بۆ كوردو پێكهاتەكانی دیكە دابین نەكردووە. بۆنمونە دەڵێت سوریا دەوڵەتێكی عەرەبییە، ئاینی سەرۆكی كۆمار ئیسلامەو زمانی عەرەبی تاكە زمانی رەسمییەو سەرچاوەی یاسادانان تەنها فیقهی ئیسلامییە..تد.
هەڵسوكەوتی ئەحمەد شەرع بەئاراستەی كۆكردنەوەی پێكهاتەكانی سوریا نییە، بەڵكو بەئاراستەی گێڕانەوەی رەڕەوی مێژووە بۆ دواوە، بێئەوەی رەچاوی گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی سوریاو واقعی ناوچەكە بكات، بۆیە ئەو هەڵسوكەوتەی شەرع و گروپەكەی، لەبری رێگەخۆشكردن بۆ قۆناغێكی نوێ بەبەشداری هەموو پێكهاتەكان لەحوكمڕانی دیمەشق، پێدەچێت ببێتەهۆی پارچە پارچەبوونی ئەو وڵاتە! چونكە ئەوەی شەرع دەیكات، بەشدارینەكردن و داننەنانی گروپە سیاسی و نەتەوەیی و تایفیەكانی سوریا بەوهەنگاوانە، هاوكات كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەتایبەتیش ئەمریكاو ئەوروپا دژی ئەو هەنگاوانەن، بگرە مەرجی پشتیوانی كردنیان لەو دەسەڵاتدارێتیە نوێیە گرێداوە بە بنیاتنانەوەی دیموكراتیانەی حوكمڕانیی لەسوریا بەبەشداریی هەموو گروپە سیاسی و ئیتنیە جیاوازەكان.
سەبارەت بە كورد، تائێستا گروپەكەی ئەحمەد شەرع هیچ پرۆژەیەك یان تێگەیشتنێكیان نییە، جگە لەوەی باس لەیەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەن، تائێستا هیچ كۆبونەوەیەكی رەسمیی لەنێوان كوردو دیمەشق نەبووە تا تێگەیشتنی دیمەشق لەبارەی كورد یاخود پرۆژەی كورد لەئایندەی سوریا ئاشكرا ببێت. ئەوەی هەیە كۆبونەوەیەك لەنێوان مەزلوم عەبدێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع حاكمی نوێی دیمەشق لەفرۆكەخانەی زومێر بووە ئەویش تەنها بۆ پرسی ئەمنی بووە نەك باسی سیاسی.
لەسوریا دەستوەردانێكی گەورەی ئیقلیمیی و نێودەڵەتی هەیە. وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت توركیاو ئیسرائیل هاوكات لەسەرە ئاستی نێودەوڵەتیی بەتایبەت ئەمریكاو چەند وڵاتێكی ئەوروپا رۆڵێكی گەورەیان هەیە لەگۆڕانكارییەكانی ئەو وڵاتە.
توركەكان هەوڵدەدەن پرسی كورد لەسوریا لەمافی فەرهەنگیی كورتبكەنەوە، ئەو پرۆژەیەی بەناوی ئاشتی لەگەڵ (عەبدوڵلا ئۆجالان) رێبەری پەكەكە رایانگەیاندووە تاوەكو بتوانن لەو رێگەیەوە لەسوریا فشار لەپەیەدە بكەن، هاوكات بیر لەوەدەكەنەوە لەڕێگەی جیاوازەوە فشار لەپەیەدە بكەن ناوچە عەرەبییەكانی ژێر دەسەڵات و هەژموونی قەسەد رادەستی رژێمی نوێی سوریا بكرێتەوە.
لەبەرامبەر ئەو فشارە زۆرەی سەر رۆژئاوای كوردستان، پەیەدە هەوڵدەدات پرسی مافی گەلی كورد لەگەڵ پرسی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەجیا گفتوگۆی لەسەر بكرێت، واتە مافی گەلی كورد وەك نەتەوە لەدەستوری سوریا بچەسپێنرێت، هاوكات رۆڵ و جوگرافیای هەژموون و كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریا بەجیا گفتوگۆی لەسەربكرێت.
بۆ كورد هیچ ئومێدێك لەدەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق رەچاوناكرێت، هاوكات وڵاتانی خاوەن هەژموون بەتایبەت ئەمریكا جێگای متمانە نییە، بەتایبەت ئیدارەی ترەمپ كە پێشتر لە 2019 لەناوچە كوردستانیەكانی سنور بێ هیچ بیانویەك كشایەوەو رادەستی توركی كردن. بۆیە باشترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ ناوماڵی خۆو بۆ یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی ناوخۆ.
وادیارە گەڕێكی دیكەی دانیشتن و گفتوگۆی نێوان پەیەدەو ئەنەكەسە لەچەند رۆژی داهاتوو یان بەمنزیكانە دەبێت. ئەم دانیشتنە، درێژەی گفتوگۆی نێوان هەردوولایە سەبارەت بەبەشداریی سیاسی ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان و هاوكات یەكخستن و یەكهەڵوێستی كورد سەبارەت بەخواست و ئایندەو كورد لەسوریا. ئەگەرێكی زۆر هەیە ئەم كۆبونەوەیە ئەنجامێكی هەبێت. بەدوور نازانرێت هەردولا لەسەر پێكهێنانی وەفدێكی هاوبەش بۆ دیمەشق رێككەون، یاخود لەسەر لیژنەیەكی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق رێككەون. ئەگەر ئەم رێككەوتنە ببێت، گلەیی و گازندەی ئەمریكاو ئەوروپییەكان لەرێڤەبەری خۆسەر، یاخود كورد لە رۆژئاوای كوردستان كەمتر دەبێتەوە، چونكە ئەوان پێشتریش پشتیوانیان لەیەكهەڵوێستیی و یەكدەنگی كورد كردووە بەرامبەر دیمەشق.