وردەكاری ناكۆكی پارتی و یەكێتیی لە پێكهێنانی حكومەت

سەرتیپ جەوهەر
  2025-02-10     318

زیاتر لە 100 رۆژە هەڵبژاردنی كوردستان كراوە كەچی تائێستا هیچ شوێنەوارێكی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ دیار نییە! پارتی و یەكێتیی كە یەكەم و دووەمی هەڵبژاردنن لەسەر پرسی دابەشكردنی پۆستەكان و بوونی حكومەتی سێبەر ناكۆكی و جیاوازیی بۆچوونیان هەیە.

بەپێی سەرچاوەیەكی زانیاریی باوەڕپێكراو، ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتیی بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

1- لەسەر پرسی دابەشكردنی سەرۆكایەتیەكان. یەكێتیی یەكێتیی داوای یەكێك لە دوو سەرۆكایەتیەكەی (حكومەت و هەرێم)ی كردووە، بەڵام پارتی ئەم داوایەی رەتكردۆتەوە.

2- لەسەر دابەشكردنی وەزارەتەكان ناكۆكییان هەیە، یەكێتیی داوای وەزارەتی ناوخۆی كردووە، بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ناوی دەرباز كۆسرەت رەسول دێت بۆ پێدانی ئەو پۆستە، لەهەمانكاتدا شاڵاو كۆسرەت رەسول چاوی لە سەرۆكی پەرلەمانە (ئەگەر یەكێتیی وەریگرێت) ئەگەر وابێت پرسی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان (ئەگەر یەكێتیی وەریگرێت) لەلایەن یەكێك لەو دوو ئەندامەی یەكێتیی پەیوەندیان بەیەكەوە دەبێت.

3- لەسەر پرسی نەهبَشتنی حكومەتی سێبەر ناكۆكن. یەكێتیی داوایكردووە ئەو راوێژكارو كاربەدەستانەی ئەنجومەنی وەزیران كە تایبەتمەندن بە وەزارەتەكان و رۆڵی حكومەتی بەدیل دەبینن نەمێنن، هەموو وەزیرو كاربەدەستانی وەزارەت و دەستەكان بەپێی یاساكانی خۆیان رۆڵیان هەبێت. پارتیش دەڵێت ئەوانە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە دەستنیشانكراون و دەسەڵاتی سەرۆكی ئەنجومەنە راوێژكار بەدەسەڵاتی فعلیەوە دیاریی بكات.

4- یەكێتیی داوایكردووە سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەیەكەوە دەنگیان پێبدرێت و لەبەردەم پەرلەمان سوێندبخۆن، بەڵام پارتی دەڵێت پێویستە بەجیا دەنگیان لەسەر بدرێت و سوێندبخۆن.

5- یەكێتیی داوایكردووە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا بەشێوەیەك بێت هەركاتێك سەرۆك یان جێگر دەستیلەكاركێشایەوە، ئەوا حكومەت بكەوێت و هەڵوەشێتەوە، بەڵام پارتی بەم مەرجە رازی نەبووە.

بەپێی ئەم مەنتقە بێت،بەپێی هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەی تێگەیشتنی لایەنەكانیش بێت ئەگەر پارتی و یەكێتیی رێكنەكەون، ئەوا پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ بەمزانە زۆر زەحمەت دەبێت.

لێرەو لەوێ‌ دەبیسترێت كە بەشێك لە بەرپرسانی پارتی باسی ئەوەدەكەن ئەگەر یەكێتیی نەیەتە ژێرباری رێككەوتن، ئەوان ژمارەی پێویستی دەنگیان لەپەرلەمان مسۆگەركردووە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام بەپێی راگەیاندنی رەسمیی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن بێت بۆ پارتی زەحمەتە چونكە:

یەكگرتووی ئیسلامیی (7 ئەندام) بەیانی رەسمی دەركردووە ناچێتە حكومەت. هەرچەندە دوای سەردانەكەی مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین دەنگۆیەك هەبوو توركیا یەكگرتووی رازی كردبێت و لەكۆنگرەی خۆیان لەو بڕیارە پەشیمان ببنەوە، بەڵام وانەبوو. كۆمەڵی دادگەریی (3 ئەندام) بەڕەسمیی نەك ئامادە نییە بچێتە حكومەت بەڵكو ئامادەنییە بچێتە پەرلەمانیش. هەریەكە لە نەوەی نوێ‌ (15 ئەندام) رەوتی هەڵوێست (ئێستا 2 ئەندام) و بزوتنەوەی گۆڕان (یەك ئەندام) بەراسمیی رایانگەیاندووە كە ناچنە حكومەت. كۆی دەنگی ئەو حزبانە (26 ئەندام)ی پەرلەمانە.

ئەو حزبانەیشی تائێستا روون نییە دەچنە حكومەت یان نا، یاخود هێشتا هیچ لێدوانێكی رەسمییان نییە؛ بەرەی گەل و هاوپەیمانی هەرێمی كوردسانە كە رێبین محەمەد مەحمود كە دەكاتە كوڕی كاك محەمەدی حاجی مەحمود دەرچووە. بەرەی گەل 2 كورسی بەدەستهێناوە رەنگە كورسیەكانی زیاد بكات ببێتە 4 یان 5 كورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی كوردستان-یش یەك كورسیە.

كەوایە گریمانەكان بەمشێوەیە دەبێت:

یەكەم: پارتی بەبێ‌ یەكێتیی نەتوانێت حكومەت دروستبكات و سەرئەنجام پێكهێنانی حكومەت زۆر دوابكەوێت. پێشتر پێشبینی دەكرا بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی عیراق، بەڵام گۆڕانكارییەكان ئەم پێشبینیەیان گۆڕی. پێشبینیش دەكرێت مانگی داهاتوو زنجیرەیەك بڕیار لەلایەن ئیدارەی ترەمپ دەربچێت لێكەوتەی لەسەر عیراق و دواتریش هەرێم هەبێت، بۆیە رەنگە ئەم بڕیارانە كاربكاتە سەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم یان دۆخی سیاسی كوردستان بەگشتیی.

دووەم: پارتی بەبێ‌ یەكێتیی حكومەت بەرێككەوتن لەگەڵ لایەنی دیكە دروستبكات. واتە موفاجەئە دروسبكات "من پێموایە ئاسان نییە" لەهەمانكاتدا بەركەوتەی یەكێتیش لەحكومەت بەبەتاڵی بەجێبهێڵێت. ئەگەر بتوانێت بەڕێككەوتن یان كڕینی دەنگ حكومەت بەبێ‌ یەكێتیی دروستبكات ئەوا رەنگە ئاڵۆزیی زۆر زیاتر روو لەهەرێمی كوردستان بكات.

بارودۆخی ئاڵۆزو ساردوسڕی پێكهێنانی كابینەی نوێی لەكاتێكدایە كە دامەزراوەكانی ئەم حوكمڕانیەی هەرێم بەتەواوی پەكیان كەوتوون و گۆد بوون. پەرلەمان دەرگای داخراوەو حكومەتیش بووە بەیەكڕەنگ و دامەزراوە چاودێرەكانی سەر حوكمڕانیش بەتەواوی گۆدو شەل بوون، كەچی ململانێی حزبیی و خواستی شەخسیی بوونەتە رێگر لەبەردەم نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بەوهیوای كاریگەری ئەرێنی بكاتە سەر ژیانی خەڵك.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×