ئاشتی هەورامیی گوتی مالكی ئەوە نییە بودجەی هەرێم ببڕێت، كەچی بڕی و ماڵوێران بوین

سەرتیپ جەوهەر
  2025-01-13     616

لە كۆتایی 2013 وەزیرەكان و بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا لەماڵی د. رۆژی رەحمەتی لەگەڵ وەفدی هەرێمی كوردستان خڕدەبنەوە. چەند وەزیرو كاربەدەستێكی كورد روو لە ئاشتی هەورامیی وەزیری پێشووتری نەوتی هەرێم دەكەن دەڵێن ئێوە ئاگادارن نوری مالكی بەنیازە بودجەی هەرێم ببڕێت؟ لەوڵامدا ئاشتی هەورامیی بەغرورێكی زۆرەوە گوتبووی مالكی ئەوە نییە بودجەی هەرێم ببڕێت!!

بەڵام دوای چەند مانگێك نوری مالكی و بەغدا بێمنەت بودجەی هەرێمی كوردستانیان بڕی و ماڵوێران بوین. خەڵكی كوردستان بەهۆی ئەو بڕیارە چەوتانەی كاربەدەستان، رووبەرووی كێشەو گرفتی زۆر گەورە و دۆخێكی ئێجگار خراپ بوونەوە.

چەند رۆژێكە دیسان دەنگوباسێكی نوێ لەمیدیاكانەوە دەبیستین گوایە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەڕەشەیان لەبەغدا كردووە كە لەحكومەت و پرۆسەی سیاسی بەغدا دەكشێنەوە ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بەناردنی پارەو موچەی مانگانەی هەرێم.

بەرلەچەند رۆژێكیش رێباز حەملان بریكاری وەزیری دارایی عیراق لەلێدوانێكیدا دەڵێت "سودانیی و بەغدا لەكشانەوەمان لەحكومەتی بەغدا دەترسن" ئەو قسەیەی حەملان وەك ئەوە وایە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبەغدا بكشێنەوە، ئیدی بەغدا نغرۆ ببێت، بۆیە ئامانیان نەماوە لەترسی ئەو هەڕەشەیەی هەرێم!

گریمان ئەوەی روودەدات بەتەواوی خەتای بەغدایە، گوناهی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە، بەڵام جددی پرسیاری هەموومان سەبارەت بەو پرسە ئەوەیە، ئەرێ‌ كاربەدەستانی هەرێم ئەو هەڕەشەیە لەبەغدا دەكەن، تەگبیری دوای كشانەوەیان لەپرۆسەی سیاسی عیراق كردووە؟ چ كارتێكی فشاریان بەدەستەوەیە یان چ پلانێكی بەدیلیان هەیە بۆ دۆخی دوای كشانەوە لەبەغدا؟ لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم ناتوانی موچەی تەنها یەك مانگیش لەكاتی خۆیدا دەستەبەر بكات؟! ئاخر سودانیی و بەغدا لەچی بترسێن؟ كەس ئەم راستیە نەزانێت كاربەدەستانی هەرێم دەیزانن بەر لەچەند ساڵێك بەهۆی پرۆژەی ناوەختی ریفراندۆم كوردستان رووبەرووی چ كارەساتێك بویەوە!

دوای روخانی سەدام بەهۆی لێدوانێكی رۆژنامەوانییەوە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و توركیا زۆر گرژبوون. لێدوانی ئاگرین و هەڕەشەی توند لەهەولێرەوە لەتوركیا دەكرا. خەریك بوو كاریگەری خراپ لەسەر بارودۆخی كوردستان دروستبكات. رەحمەتی مامجەلال بانگهێشتی ئەردۆغانی كرد بۆ بەغداو لەوێ‌ دەرفەتی سەند دیدارێكی لەنێوان كاك نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان رێكخست و ئەو گرژییەی خاوكردەوە.

دوای دیدارەكە مامجەلال بەجۆرێك لەگلەیی بە كاك نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: كاكە نێچیرڤان، دەمەوێ‌ پرسیارێكتان لێبكەم، ئێوە ئەو لێدوانە زۆر توندانە بەرامبەر توركیا دەدەن، چەكی ئەتۆمیتان هەیە بەئێمەی ناڵێن و نایزانین، وا بەمتمانەوە هەڕەشە لەتوركیا دەكەن، یاخود حەجمی توركیا نازانن؟!

گرفتی گەورەی سیاسەتی چەوت و لێدوانە چاوەڕواننەكراوەكانی كاربەدەستانی هەرێم تەنها لاوازكردنی هەرێم و دەسەڵاتەكەیان نییە، بەڵكو گرفتە گەورەكە لێكەوتەو دەرئەنجامی ئەو سیاسەت و بڕیارە خراپانەی هەرێم، راستەوخۆ كاریگەری زۆر خراپ لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك جێدەهێڵێت و بوونەتە قوربانیی گەورەی ئەو حوكمڕانیەی هەرێم. ئەوەی زۆر جێگەی رامانە، كاربەدەستانی هەرێم تائێستا سودیان لەئەزموونی دوای ریفراندۆم وەرنەگرتووە، ئەگەر سودیان وەرگرتبا، نەدەبوو ئەو بەیان و لێدوانانە بدەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×