قۆناغێكی نوێ لەژیانی سیاسی بۆ رۆژئاوای كوردستان لە سوریا دەستی پێكردووە. دەرفەتێكی زۆرباش بۆ پارچەیەكی دیكەی كوردستان هاتۆتەپێش پێویستە هەموو هاوكاربن بۆ بەرەوپێشبردنی و سەرخستنی. كۆدەنگیی و بەیەكەوە بڕیاردان باشترین فاكتەری سەركەوتنی ئەو قەوارەیەی ئێستایە.
لەدوو رۆژی رابردوو هەریەكە لە هەڤاڵ مەزلوم عەبدێ و كاك مەسعود بارزانیی بووە لەبارەی گۆڕانكارییەكانی سوریا. هەڤاڵ مەزلوم داوای یەكڕیزیی گەلی كوردو ئاشتەوایی ناو ماڵی كوردی كردووە بۆ سەرخستنی قۆناغی نوێی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ دیمەشق. بارزانیش رووی لە ئەحمەد شەرع كردووە كە قۆناغی نوێ راستكردنەوەی رێڕەوی مێژوو بێت و دەستپێكێك بێت بۆ ئەو مامەڵە نادروستەی لەبەرانبەر گەلی كورد لەسوریا كراوە.
بێگومان قۆناغی نوێی رۆژئاوای كوردستان پێویستی بەهیممەت و هاوكاریی هەمووان هەیە. بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغە دەكەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنەكان، بەتایبەتیش پارتی و یەكێتیی و پەكەكە.
بۆ پارتی گرنگە لەسەر هەردوو ئاستی ئابوریی و سیاسی هاوكار بێت بەمشێوەیە یەكەم؛ تاكە سنوری ئالوگۆری بازرگانیی بەرووی رۆژئاوای كوردستانی بەدەستەوەیە، پێویستە بڕیاربدات ئەم دەروازەیە دووربخاتەوە لەململانێی سیاسی و حزبیی، واتە لەهیچ بارودۆخێك و لەژێرفشاری هیچ لایەك دەروازەی سێمالكا دانەخات.
دووە؛ گرنگتر لەدەروازەی بازرگانیی، دەتوانێت هاوكار بێت سەبارەت بەیەكڕیزیی نیشتیمانیی. پارتی دەتوانێت هاوكاربێت لەهاندانی گروپی ئەنەكەسە لەگفتوگۆكانی رێكخستنەوەی ناوماڵی كورد لەرۆژئاوای كوردستان، چونكە یەكێك لەپێویستیەكانی گفتوگۆی نێوان قامیشلۆو دیمەشق، یەكگرتوویی كوردە بۆ دانوستان لەسەر مافەكانی گەلی كورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق. ناكرێت كورد بەدوو وەفدو دوو تێگەیشتنی جیاوازەوە لەداهاتووی خۆیان بڕوانن. دەبێ ئەوەش بزانین ئەوەی لەڕێی توركیاوە بچێتە دیمەشق، نوێنەرایەتی گەلی كورد ناكات، بەڵام لەسەر دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستانیش پێویستە هەموو گروپ و لایەنەكان بەشداربكەن لەدەستنیشانكردنی چارەنوسی ئەو پارچەیەی كوردستان.
بەكورتی پێویستە پارتی هەژموون و فشاری خۆی لەبڕیاردانی ئەنەكەسە كەمتر بكاتەوەو لەبەرامبەردا رێڤەبەرانی رۆژئاواش دەستی خۆیان لەپرسی بەشداریپێكردنی ئەنەكەسە لەگفتوگۆكانی دیمەشق سوك بكەن.
سەبارەت بەبوونی پەكەكە لەرۆژئاوای كوردستان. دەتوانین بڵێن ئەو حزبە رۆڵی زۆر كاریگەری هەبوو هەم لەرزگاركردنی رۆژئاوای كوردستان، هەم لەپاراستنی ئەم قەوارەیە لەقۆناغە جیاوازەكان، چ لەدەست داعش و گروپە تیرۆرستیەكان، چ لەدەست تورك و گروپە عەرەبییە شۆڤینیەكان. پێویستە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان زۆر سوپاسگوزاری پەكەكە بن كە لەوماوەیەدا هاوكارییەكی بێوێنەی ئەو پارچەیەی كوردستانیان كرد.
من پێموایە پەكەكە نەبوایە، مومكین نەبوو رۆژئاوای كوردستان رزگار ببێت، هەروەك مومكینیش نەبوو ئەو پارچەیەی كوردستان لەدەست داعش پارێزراو بێت. لەماوەی زیاتر لە 12 ساڵی رابردووش پەكەكە قوربانیی ئێجگار زۆریداوە، بەڵام دەبێ لەوەبگەن ئیدی قۆناغەكە گۆڕاو بەدڵنیایەوە پێویستی قۆناغەكە گۆڕاوەو رەنگە داوای هاوپەیمانانیش ئەوەبێت هەندێك گۆڕانكاریی بكرێت.
ئەوەی لەسەر پەكەكەیە، دەستیان سوكبكەن و هەوڵبدەن رێڤەبەری رۆژئاوای كوردستان خۆیان بڕیار لەچارەنوسی خۆیان بدەن، ستراتیژیانە بیربكەنەوەو بەگیانێكی شۆڕشگێڕانەو بەرپرسیارانە بڕواننە ئایندەی پارچەیەكی گرنگی كوردستان، عەرەبیش دەڵێن (اهل مكە ادری بشعابها). ئەم قسەیە، چەندە روو لە سەركردایەتی پەكەكە بێت، ئەوەندەش روو لەسەركردایەتی پارتییە، پێویستە هەردوولا دەستی خۆیان لەرۆژئاوا بكێشنەوەو ململانێی نێوان خۆشیان لەوێ ببەنە دەرێ و با لێگەڕێن خەڵكی رۆژئاوای كوردستان خۆیان بڕیار لەچارەنوسی خۆیان بدەن. لەبیریش نەكەین، ئەم دەرفەتە لەدەستبچێت، رەنگە 100 ساڵی دیكەش دەرفەتێكی دیكە دروستنەبێتەوە.