لەماوەی دوو ساڵی رابردوو توركیا 4 جار هێرشی بەرفراوانی كردۆتە رۆژئاوای كوردستان. هەرجارێك رووداوێكی ئەمنی لەباكوری كوردستان ببێت، توركیا دەیخاتە ئەستۆی رۆژئاوای كوردستان و دەیكاتە بیانوو بۆ پەلاماردانی ژێرخانی ئابوریی و پرۆژەكانی وزەو خزمەتگوزاریی لەباكوری رۆژهەڵاتی فورات.
هەموو پەلاماردانەكانی توركیا بۆسەر سەرچاوەكانی كارەباو ئاو و وزەو ژێرخانی ئابوریی بووە، قەبارەی زیانەكان بە دەیان و بگرە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئیدارەی ئەو ناوچانەش ئەوەی پێی دەگوترێت (رێڤەبەری خۆسەر) توانای رووبەرووبونەوەی ئەم بارودۆخەی نییە، بۆیە پێشبینی دەكرێت زستانی ئەمساڵ زۆر سەخت و ناڕەحەت بێت.
بۆ بەرگرتن لەم پەلامارانە بەر لە نزیكەی ساڵێك ئەمریكیەكان كەوتنە جوڵە بۆ دروستكردنی جۆرێك لە لێكتێگەیشتن و هێوركردنەوەی بارودۆخی نێوان رۆژئاوای كوردستان و توركیا، ئەمریكیەكان چەند هەوڵێكیان داوەو دیدارو یەكتر بینینی ناراستەوخۆ لەهەولێر هەبووە، بۆ ئەم مەبەستە مەزلوم عەبدێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات سەردانی هەولێری كرد.
ئەو هەوڵەی ئەمریكا كە ناونراوە نێوانگریی، هەوڵێكی ئەمریكیەكان بوو بۆ قایلكردنی توركیا كە رۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشێك نین لەئەجێندای هیچ حزب و گروپێكی دەرەوەی سوریا كە مەبەست پارتی كرێكارانی كوردستانە، بەڵام ئەو هەوڵە سەركەوتوو نەبوو، دواتر توركیا دووجاری دیكە بەفرۆكەو چەكی گران رۆژئاوای كوردستانی بۆمباران كردوو زیانێكی زۆری پێگەیاند.
پرسی لێدانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیاوە گرێدراوی دۆخی ناوخۆی توركیاو سوریایە. ئەردۆغان لەلایەك ئەو پەلاماردانانە بۆ شاردنەوەی كەموكوڕیەكانی و بەرزكردنەوەی ئاستی جەماوەری خۆی لەڕێی تۆخكردنەوەی دەمارگیریی تورك دژ بە كورد یان پەكەكە بەكاردەهێنێت، لەلایەكی دیكە لەڕێی ئەو پەلاماردانانەوە فشار لەهێزەكانی ئەمریكا دەكات تا ئەوانیش فشار لە هێزەكانی سوریای دیموكرات بكەن بۆ هەندێك گۆڕانكاریی و جێبەجێكردنی هەندێك خواست.
بۆ بەرگرتن لەم پەلامارانە، ئەمریكا هیچ هەڵوێستێكی روونی نییە، تەنانەت هەندێك جار بەیاننامەیەكیش دەرناكات لەكاتێكدا زیانی گیانیی و ماددی زۆری بەدواوەبووە.
كورد لەسوریا، لەنێوان ئەمریكاو روسیا چارەسەرێكی ئەوتۆی دەستنەكەوتووە. ئەمریكا هێزێكی زۆری لەرۆژئاوای كوردستان هەیەو هاوكاریی سەربازیی گەورە پێشكەشی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات، بەڵام تێگەیشتنی سیاسی بۆ ئایندەی كورد لەسوریا نییە! تەنها لەرووی سەربازییەوە هاوكاریی رۆژئاوای كوردستان دەكات بێئەوەی خۆی لەقەرەی چارەسەری پرسی كورد یان تەنانەت سوریا بدات، چاوەڕێی رێككەوتنە لەگەڵ روسیا. بۆیە هیچ ئەجێندایەك یان پرۆژەیەكی گشتگیری نییە. روسیاش پەیوەندییەكی هێزێكی زۆری لەناوچەكانی رۆژئاوای فورات هەیەو فەیلەقێكی سەربازیشی بەناوی فەیلەقی 5 لەژێر چنگی رژێمی سوریا وەك هێزێكی سەربازیی لەژێر چەتری سوپای سوریا دروستكردووە. بەروونی داكۆكی لەمانەوەی رژێمی سوریا دەكات. پرۆژەی ئەو وڵاتەش بۆ چارەنوس و پرسی كورد لەچوارچێوەی تێگەیشتنی سوریایە بۆ كورد نەك چارەسەرییەكی گشتگیر بۆ ئایندەی سوریا! پرسی كورد لەسوریا بەندە بەرێككەوتنی ئەمریكاو روسیا لەبارەی ئایندەی سوریا، تا ئەو دوو وڵاتە نەگەنە رێككەوتن ئەستەمە هیچ چارەسەرییەك سەربگرێت، بەتایبەتیش جگە لەئەمریكاو روسیا هەریەكە لە ئێران و توركیا رۆڵی گەورەیان هەیە لەهەر گۆڕانكارییەك لەو وڵاتە.