دانا ئەحمەد مەجید وەك رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان بەوەكالەت دەورو تەسلیمی لەگەڵ كاك عومەر سەید عەلی كرد. وەكالەتی بوون بە رێكخەری گشتیی بزوتنەوەكە رەوانەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كراوە تاوەكو لەوێ پشتڕاستبكرێتەوەو جێگیرببێت.
بەهۆی خوێندنەوەی جیاواز بۆ پەیرەوی ناوخۆی ئەو حزبە، گرفت بۆ هەڵبژاردن یان دانانی رێكخەری گشتیی دروستبووە، بەڵام جۆرە رێككەوتنێك كراوە كە تا دوای هەڵبژاردن دانا ئەحمەد مەجید وەك رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام بێت و دواتر بەپێی رێكاری پەیرەوی ناوخۆ رێكخەر هەڵبژێرن.
بزوتنەوەی گۆڕان لەپرسی هەڵبژاردن لەناوخۆدا بەسەر چەند بۆچوونێك دابەشبووە. بەشێك پێیانوایە بەشداری هەڵبژاردن بكەن و ئەگەر كورسی كەمیش بەدەستبێنن بچنە پەرلەمان و لەوێ چالاكانە لەپەرلەمان وەك ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە. بەشێكیش پێیانوایە گۆڕان رووبەرووی شكستێكی گەورە دەبێتەوە لەم هەڵبژاردنەو دەنگ بەدەستناهێنێت، بۆیە واباشە بەر لەهەڵبژاردن بەڕەسمیی داوای لێبوردن لەخەڵك بكەن و دان بەهەڵەكانیاندا بنێن و بەشداری ئەم هەڵبژاردنە نەكەن و خۆیان بۆقۆناغی داهاتوو ئامادەبكەن.
بەپێی راپرسی ناڕەسمیی، بزوتنەوەی گۆڕان ئاستی جەماوەریی زۆر دابەزیوە و رێژەیەكی ئێجگار كەمی دەنگ بەدەستدێنێت، پێشبینی دەكرێت ئەگەر بەشداری هەڵبژاردن بكەن لەنێوان یەك تا سێ كورسی پەرلەمانیی بەتەنها لەسنوری سلێمانیی بەدەست بێنن نەك ناوچەكانی دیكە.
ئەوەی ئێستا بەسەر بزوتنەوەی گۆڕان هاتووە ئەنجامی شكستیی پرۆژەیەكی ئۆپۆزسیۆن بوو لەدوای وەفاتی كاك نەوشیروان مستەفا، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئاشكرابوو كە موڵك سامانی بزوتنەوەكەی لەسەر كچ و كوڕەكانی تاپۆكردووە. هاوكات ئەو حزبە وەك حزبێكی رادیكاڵی ئۆپۆزسیۆن بووە حزبێكی میراتگریی و دەسەڵات و بڕیاری حزبەكە رادەستی هەردوو كوڕەكەی (چیا و نما) كرا لەكاتێكدا پێشتر خودی كاك نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی ئەو حزبە، گرەوی لەسەر دژایەتی گەندەڵیی و بەبنەماڵەكردنی حزب دەكرد و بەهۆیەوە لەهەردوو هەڵبژاردنی 2009 و 2013 یەك لەسەر چواری دەنگەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا.