بەشی یەكەم - دیل و دەستگیركراوەكانی داعش
.
یەكێك لەكێشە هەرە گەورەكانی دوای لەناوبردنی داعش پرسی دیل و دەستگیركراوانی داعش و كەمپی هۆل-ە لەرۆژئاوای كوردستان كە زیاتر لە 50 هەزار ژن و منداڵی گیراوی داعشی لەخۆ گرتووەو بۆمبێكی زۆر مەترسیدارە بۆسەر هەموو جیهان، وڵاتانی پەیوەندیداریش خۆیان لێ بێدەنگ كردووە.
دیل و دەستگیركراوانی داعش لەدوای كۆتایی هاتنی شەڕ لە ناوەڕاستی 2019 نزیكەی 12 هەزار كەس زیاتربوون. زۆربەیان لەبەندیخانەی غوێران لەحەسەكەو چەند گرتوخانەیەكی دیكە بوون لە رمێلان و رەققەو تەبقەو چەند شوێنێكی دیكە. لەماوەی 5 ساڵی رابردوو بەهۆی راكردنی بەشێكیان لە رووداوی پەلاماردانی بەندیخانەی غوێران لەسەرەتای 2022، هەروەها ئازادكردنی ژمارەیەكی كەمیان، ژمارەی گیراوانی داعش لەسەرەتای 2024 دابەزی بۆ زیاتر لە 9 هەزار كەس.
لەو 12 هەزار دیل و دەستگیركراوەی داعش، 9 هەزاریان هاوڵاتیی عیراقی و سوریی بوون و 3 هەزاریشیان هاوڵاتی وڵاتانی ئیسلامیی و ژمارەیەكی كەمیشیان هاوڵاتی وڵاتانی ئەوروپا بوون.
پرسی گیراوانی داعش زۆر ئاڵۆزەو وردەكاریی زۆری هەیە. یەكێك لەگرفتە هەرە زەحمەتەكانی ئەم پرسە، وڵاتانی پەیوەندیدار بەگیراوانی داعش ئامادەنین هاوكاری رێڤەبەری خۆسەر یان ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بكەن بۆ چارەسەری ئەم پرسە.
بۆ هاوكاریكردنی رێڤەبەری خۆسەر لە رۆژهەڵاتی فورات، سەركردایەتی بڕیاردەری كورد وڵاتانیان خستە بەردەم دوو بژاردە.
یەكەمیان: هاوكاری رێڤەبەری خۆسەر بكەن بۆ پاراستنی بەندیخانەكان و دابینكردنی هاوكاریی ماددی پێویست بۆ بەخێوكردن و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی گیراو، چونكە لەتوانای ئەو ئیدارەیەدا نەبوو.
دووەمیان: وڵاتانی پەیوەندیدار بەپلەی یەكەم عیراق و سوریا، دواتر وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا خۆیان بكەنە خاوەنی گیراوەكانی خۆیان و بیانبەنەوە بۆ وڵاتەكانیان و لەدادگاكانی خۆیان كەیسەكانیان یەكلایی بكەنەوە تەنانەت هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپا ئامادەنەبوون دان بەهاوڵاتی بوونی ئەوانە بنێن كە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتەكانیان بوون! واتە خۆیان لێ بێبەری كردن.
لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو هیچ چارەسەرێكی ئەوتۆ لەوبارەیەوە نەخرایە روو، نە وڵاتان ئامادەبوون وەریانبگرنەوەو بیانبەنەوە لای خۆیان، نە وڵاتانی پەیوەندیدار "بەقسەی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان" ئامادەبوون هاوكاریی ماددی رۆژئاوای كوردستان بكەن! ماوەی چەند هەفتەیەكە پرسی لێخۆشبونێكی تایبەت بۆ ژمارەیەكی زۆر لەو گیراوانە بۆتە باسی گەرمی میدیاكان و ناوەندەكانی بڕیار لەناوچەكە، ئەم پرسە ترسێكی گەورەی لەناوچەكە دروستكردووە.
بەپێی زانیارییەكان لەماوەی 10 رۆژی رابردوو نزیكەی 1200 لەو گیراوانە ئازادكراون، پێشبینیش دەكرێت ئەو لێبوردنە 4500 كەس بگرێتەوە كە زۆربەیان هاوڵاتیانی سوریاو عیراقن.
ماوەی هەفتەیەك دەبێت دەسەڵاتدارانی عیراق لەترسی ئازادكردنی گیراوانی داعش ئۆقرەیان لێبڕاوە. ترسێكی زۆریان هەیە ئەو گیراوانە بگەڕێنەوە عیراق و دەست بەكاركردن بكەنەوە لەناو رێكخستنەكانی داعش، بۆیە چەند رۆژێكە هێزی سەربازی عیراق بەمیلیشیاكانی حەشدی شەعبیشەوە لەبارێكی نائاساییدان و تۆقیون لەگەڕانەوەی گروپە تیرۆرستەكان. هێزێكی زۆریان لەژمارەیەك ناوچەی سنورو لەدەوروبەری موسڵ بڵاوەپێكردووە. ئەمە لەكاتێكدا لەماوەی 5 ساڵی رابردوو ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان لەڕێی ئەمریكیەكان هەوڵی زۆریدا دیل و دەستگیركراوەكانی داعش رادەستی بەغدا بكاتەوە.
ئەو گیراوانەی داعش بەمشێوەیە پۆلین دەكرێن، هەیانە لەبەرەكانی شەڕ بەچەكەوە بەدیل دەستگیركراوە، هەشیانە سەر بەرێكخستنەكانیان بووەو لەناوچە جیاوازەكان و لەگوندو شارەكانی سوریا دەستگیریان كردوون. هاوكات هەیانە بەرپرس بووەو رۆڵی دیاری هەبووە لەناو داعش هەیانە تاوانبارە بەكوشتن و كاری تیرۆر، هەشیانە لەرێكخستنەكانی داعش بووەو لەبەرەكانی شەڕكردن دەستگیرنەكراوە.
بەپێی زانیارییەكان ئەو لێبوردنەی لەلایەن رێڤەبەری خۆسەر دەركراوە بەهەماهەنگیی و ئاگاداری ئەمریكیەكان بووە. لێبوردنەكەش ئەوكەسانە دەگرێتەوە كە بەرپرسیارێتیان لەناو داعش نەبووەو تاوانبار نین بەكوشتنی یان كاری تیرۆرستیی.
لێبوردن و ئازادكردنی گیراوانی داعش لەكاتێكدایە كە ئەمریكاو عیراق چەند هەفتەیەكە لەگفتوگۆدان سەبارەت بەپرسی هاوكاری ئەمنی و درێژكردنەوەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو درێژەدان بەهاوكاریی ئەمنی. هەروەك نزیكەی مانگێكیش دەبێت پەلاماری سەر هێزەكانی ئەمریكا لەبەغداو دەوروبەری دەستی پێكردۆتەوە، بۆیە بەدوور نازانرێت كە پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان ئازادكردنی گیراوانی داعش و رێككەوتنی ئەمنی نێوان عیراق و ئەمریكا هەبێت. هەروەك ئەم ئازادكردنە فشار دەبێت لەسەر وڵاتانی پەیوەندیدار بەتایبەت سوریاو عیراق تاوەكو بیر لەچارەسەری هەردوو پرس بكەنەوە.
تائێستا 1200 كەس لەگیراوانی داعش بەڕەڵا كراون، بەدوور نازانرێت عیراق ناچاربێت بكەوێـتە گفتوگۆ لەگەڵ رێڤەبەری خۆسەر بۆ چارەسەركردنی هەردوو پرسی پەیوەندیدار بەعیراق. یەكەمیان دیل و دەستگیركراوە عیراقیەكانی لەناو داعش بوون و لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستگیركراون، هاوكات ئەو خێزان و ژن و منداڵە عیراقیانەی داعشبوون و لەكەمپی هۆلن ئێستا.