فشارەكانی یەكێتیی سازشی پارتی بۆ ئێرانی لێكەوتەوە

سەرتیپ جەوهەر
  2024-06-11     392

دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی ترسیان لەهەڵبژاردنەوە، كوردستانیان رووبەرووی واقعی تاڵ كردۆتەوە. لەماوەی دوو ساڵی رابردوو پاشەكشەی گەورە لەهەموو كایەكانی ژیان دروستبووەو دامەزراوەكانی حوكمڕانیی بەتەواو بێئەرزشبوون! لەهەمووی خراپتر دەستوەردانی ئیقلیمیی لەبارودۆخی هەرێم و ژیان گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار. جگە لەلاوازبوونی هەرێم وەك قەوارەیەكی دەستوریی، هاوكات دەسەڵاتدارانی هەرێم بزوتنەوەی رزگاریخوازی پارچەكانی دیكەی كوردستانیشیان خستۆتە ژێر فشارێكی زۆرو لاوازیان كردوون.

یەكێتیی هەوڵیدا لەڕێی ئێران و دادگاوە فشاری زۆر لەسەر پارتی دروستبكات، سەرەتا چەند بڕیارێكیش لەلایەن دادگای فیدراڵەوە لەبەرژەوەندی یەكێتیی دەرچوون، بەڵام دواتر بەشێكی هەڵوەشێنرایەوە یاخود لەسەر داواكاری پارتی دەستكاریكرا.

پارتی بۆ كەمكردنەوەی فشارەكانی سەری، گفتوگۆی لەگەڵ یەكێتیی نەكرد، بەڵكو هانای بۆ ئێران بردو رێككەوتنی لەگەڵ كرد! چونكە پێی وابوو سەرچاوەی فشارەكە ئەوێیە نەك بەغدا. هەربۆیە رۆژی دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانیی جێگری سەرۆكی پارتی بۆ تاران، دادگای فیدراڵ بڕیاری وەلائی بۆ راگرتنی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەركرد.

لەو گەڕەی ململانێی نێوان یەكێتیی و پارتییدا، ئێران یەكێتیی بەكارهێنا بۆ دروستكردنی فشار لەسەر پارتی. بەشێك لەخواستەكانی یەكێتیی لەبەغدا جێبەجێبوو بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەشێوەی هەڵبژاردن و نەهێشتنی بەشێك لە كۆتا-وە هەبوو، لەبەرامبەردا یەكێتیی فشاری نوێی لەسەر حزبەكانی رۆژهەڵات دروستكرد. هەندێك لەبارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی لەسنوری سلێمانی و كۆیە داخست و هەندێكیشی تەلبەند كرد.

ئەو فشارانەی یەكێتیی نەبووە هۆی ناچاركردنی پارتی بەگفتوگۆكردن لەگەڵی، بەڵكو سازشی پارتی بۆ ئێرانی لێكەوتەوە! لەونێوانەدا ئێران دەستكەوتی گەورەی بەدەستهێنا بەدروستكردنی فشاری نوێ‌ لەسەر حزبەكانی رۆژهەڵات و كۆت و بەندكردنیان، هاوكات پارتی ناچار هانابردن و سازشكردن بۆ ئێران كرد. واتە ئێران پارتی حەوجە بەخۆی كرد.

تائێستا نەزانراوە لەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانیی چ رێككەوتنێك كراوە، بەڵام ئەوەی باسی لێوەدەكرێت جگە لەلایەنی ئەمنی كەبەشێكی پەیوەندی بە كوردانی رۆژهەڵاتەوە هەیە، هاوكات پشتیوانیی لەحكومەتەكەی سودانیی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ شیعە لەخۆدەگرێت.

لەململانێی نێوان یەكێتیی و پارتیی، ئێران قازانجی گەورەی كرد لەلایەك لەڕێی پارتی و یەكێتیی فشاری نوێ لەسەر حزبەكانی رۆژهەڵات دروستكردو بەشێك لەبارەگاو شوێنەكانی پێ داخستن، لەلایەكی دیكە پارتی ناچار بەسازشكردن كرد. واتە ئێران زۆر باش پارتی و لەدژی یەكتر بەكارهێنا.

خولاسەی كەلام، دوای چەندین جار پەكخستن و دواخستنی هەڵبژاردن، ئێستا هەمووان لەچاوەڕوانی مەرسومێكی نوێی سەرۆكی هەرێمن بۆ دەستنیشانكردنی رۆژێكی دیكە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام پێدەچێت پارتی بیەوێت هەڵبژاردن بكەوێـتە كۆتایی مانگی 10 یاخود سەرەتای 11ی داهاتوو.

ئێستا دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلای پارتییە، پێدەچێت پارتیی بیەوێت خاوەخاویی لەدیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردندا بكات، تاوەكو بتوانێت لەم ماوە كورتە چەند پرسێك لەقازانجی خۆی یەكلایی بكاتەوە، ئەمەش لەپێناو كەمكردنەوەی فشاری سەر حكومەتەكەی (مەسرور بارزانیی) و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن، لەوانە؛ پرسی موچەی مانگانەی فەرمانبەران، یەكلاییكردنەوەی هەژماری من و تەوتین، رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان و هەوڵدان بۆ دووبارە ناردنەدەرەوەی نەوت. چونكە نایەوێت بەو هەموو گرفتەوە بچێتە هەڵمەتی هەڵبژاردن، دەیەوێت كەمێك رێگری بكات لەكەمبوونەوەی دەنگەكانی لەم هەڵبژاردنە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×