هەڵسوكەوتی دسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم (هەولێر) لەگەڵ سەردانەكەی ئەمڕۆی ئەردۆغان بەشێوەیەكە وەك ئەوەی هەولێر ویلایەتێك بێت لە توركیا! هەڵسوكەوت و مامەڵەی دەسەڵاتدارانی توركیاش لەگەڵ هەولێرو دهۆك بەجۆرێكە وەك ئەوەی ئەو ناوچانە ویلایەتێك بن لەتوركیا.
هەموو سەردان و پێشوازییەك لەچوارچێوەی نەریتی دیبلۆماتیی و بەرژەوەندی هاوبەش ئاساییە، بەڵام ئەوەی لەدوێنێوە دەسەڵاتدارانی هەولێر دەیكەن، نەك لەدەرەوەی نەریت و عورفی دیبلۆماتیە، بەڵكو شعورو هەستی خەڵكی هەولێرو كوردستانی زۆر بریداركردووە، بەتایبەت هەڵكردنی سلایدی ئاڵای تورك لەقەد دیوارەكانی قەڵای هەولێر.
شێوەی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەولێر بەجۆرێكە، وەك ئەوەی پێشوازیی لەفریادڕەسێك بكەن، یاخود بیانەوێ بەم پێشوازییە پەیامێك بەهەموو لایەنەكانی دیكەی كوردستان و عیراق بگەینن، بەتایبەت لەم سەردانەدا ئەردۆغان جگە لە كاربەدەستانی حزبی و حكومی پارتیی، پێناچێت هیچ كەسێكی دیكە ببینێت، بۆیە سەردانەكەی ئەردۆغان سەردانێكە بۆ پشتیوانیی سیاسی لایەنێكی دیاریكراو، پەیوەندی بەخەڵكی كوردستانەوە نییە.
لەبەرامبەر ئەو شێوە مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەولێر، هاوكات دەسەڵاتدارانی توركیا وەك ئەوەی باشوری كوردستان (هەولێرو دهۆك) بەشێك بن لەخاكی توركیا، بۆیە دەبینین خەلوسی هاكار وەزیری شەڕ-ی تورك بەفرۆكە سەردانی بنكەكانی جەندرمە لەناو خاكی هەرێم دەكات بێئەوەی پرس بەهیچ كەس بكات.
ئەو دیمەنانەی ئێستای هەرێم مخابن پێشاندانی قەبارەی ئەو دابەشبوونەی كوردستانە بەسەر نفوزو ئەجێندای تورك و عەجەم، هەروەك دیمەنی بێهیواكردنی زیاتری خەڵكی كوردستانە، دیمەنی دووبارەكردنەوەی رووداوەكانی مێژووە.