لەسەردانێكدا بە وەفدێكی فەرمیی بۆ شاری نەجەف و كەربەلا كە پێكهاتبوو لە سەردار هەركی، برزۆ ئیسماعیل مەنسور، سەرتیپ جەوهەر، هەرێم شێرە، بەڕەسمیی چاومان بەژمارەیەكی زۆر لە مەرجەع و كەسایەتی دیاری شیعە كەوت لەوانە مەرجەعی باڵای شیعە (شێخ ئایەتوڵا بەشیر نەجەفی، سەماحەتی ئایەت اللە بیرمەند سید مورتەزا شیرازیی، ئایەتوڵلا عزەدین حەكیم). هەروەها كۆبوینەوە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لەرۆشنبیرو كەسایەتی دیاری نەجەف و كەربەلا هاوكات سەردانی دیداری ئەلنەبا بۆ گفتوگۆ بەسەرپەرشتی د. عەلی ئەلتاڵقانی مانكرد بەسوپاسەوە میوانداری شایستەیان كردین.
لەو دیدارانەدا چەند پرسێكی پەیوەندیدار بەهەرێم و بەغدا لەگەڵ هەموو ئەو مەرجەع و كەسایەتیانە بەڕوونی خرایە روو.
لەو دیدارانەدا بەڕوونی جەختمان لەسەر چەند خاڵێكی گرنگی پەیوەندیدار بەنێوان هەرێم و بەغدا كردەوە، لەوانە؛ رووبەرووبونەوەی گەندەڵیی و نادادپەروەریی لەكۆمەڵگای كوردستان و عیراق بەگشتیی كەبۆتەهۆی گرفتێكی گەورە لەبەردەم پێشكەوتنی كۆمەڵگا. هەروەها سەبارەت بەپەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق جەختمانكردەوە لەسەر دابڕینی چارەسەری پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەململانێی سیاسی و تێگەیشتنی حزبیی لەلایەن هەولێرو بەغدا. بەجۆرێك هەم چارەسەری پرسی بودجەو موچەی فەمانبەرانی كوردستان لەلایەن بەغدا نەكرێتە هۆكارو فشاری سیاسی بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی فیدراڵی لەناو عیراق، هەمیش لەلایەن هەرێمەوە بەكارنەهێنرێت وەك هۆكارێك بۆ ململانێی سیاسی و حزبی. ئەوەشمان بۆ خستنەڕوو كە خەڵكی كوردستان بەشێك نین لەململانێی سیاسی و حزبی لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵكو نابێت بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بەهیچ ململانێیەكی دیكە بكرێت، بۆیە پێویستە مەرجەع و كەسایەتیە كاریگەرەكانی شیعە هەروەك چۆن لەڕابردوو رۆڵی مێژوویی خۆیان بینیوە لە پشتگیریی گەلی كورد لەفەتواكانیان و ئێستاش رۆڵی خۆیان ببینن لەچارەسەركردنی كێشەكانی ناو عیراق لەنێوانیشیاندا كێشە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
هاوكات باسمان لەجێبەجێكردنی ماددەی 140 كرد وەك ماددەیەكی دەستوریی دوور لەدەمارگیریی قەومیی و تایفی و دەستوەردانی ئیقلیمیی. بەڵكو گوتمان ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێبكرێت كە جگە لەناوچە دابڕاوەكانی كوردستان، كێشەو گرفتی چەندین ناوچەی دیكە چارەسەر دەبێت لەباشورو ناوەڕاستی عیراق. جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لەسەقامگیریی و ئاسایش و بەیەكەوەژیانی ئاشتیانەی خەڵكی عیراق.
لەو دانیشتنانەدا، باسی رۆڵ و پێگەی گرنگی مەرجەع و كەسایەتی ئاینیی مەزهەبی شیعەمان كرد لەمێژووی عیراق لەسەردەمە جیاوازەكان، بەتایبەتیش حەرامكردنی شەڕكردن لەگەڵ كورد لەلایەن ئایەتوڵلا موحسین حەكیم كە رۆڵێكی ئێجگار گرنگی بینی لەنزیكبوونەوەی كوردو شیعە لەمێژووی نوێدا. هەروەها چاوەڕواندەكرێت كە شیعە پشتگیریی میللەتی كوردبن دوور لایەنگیریی و تەرەفداریی ناو حزبەكان و نێوان حزبەكان.
هەروەها ئەوەشمان خستەڕوو كە دابڕانێكی زۆر لەنێوان ناوچە جیاوازەكانی عیراق هەستی پێدەكرێت، خەڵكی كوردستان واقعی سیاسی و ژیانی هاوڵاتیان و ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق نازانن، هەروەك چۆن خەڵكی ناوچەكانی باشورو ناوەڕاست لەچاوی كەناڵەكانی راگەیاندن و زاری سیاسیەكان دەڕواننە هەرێمی كوردستان. بۆیە زۆر پێویستە پەیوەندییەكانی هەردوولا قوڵبكرێتەوەو پرۆژەی جیاواز هەبێت بۆ ئەوەی وێنەی راستەقینەی كوردستان بەخەڵكی باشورو ناوەڕاستی كوردستان بگات و خەڵكی كوردستانیش بەڕاستیەكانی بارودۆخی ژیانی ناوەڕاست و باشوری عیراق ئاشنابن.