نیكۆلای چاوشیسكۆ ساڵی 1965 دەسەڵاتی رۆمانیای وەرگرت تا 1989 بەئاگرو ئاسن حوكمی وڵاتەكەی كرد. شۆڤیەت حزبێكی حازرو ئامادەكراوی بەناوی حزبی شیوعی بەبێ جەماوەر، بەسەر گەلی رۆمانیا سەپاندبوو، لەماوەی حوكمڕأنیەكەیدا چاوشیسكۆ وڵاتەكەی خستە ژێر قەرزێكی ئەوەندە زۆر، هەناسەی لەهاوڵاتیان بڕی.
میللەتەكەی لەبرسا بڕستی لێبڕابوو، كەچی باڵەخانەیەكی بەناوی ئەنجەمەنی گەل دروستكرد بە 3 ملیار دۆلار! وەك ئەمانەی ئێرە كە هەیانە خانوەكەی یان بارەگاكەی 4 ملیۆن مەتر چوارگۆشەیەو ملیارەها دۆلاری لێ خەرجكراوە! ئەو باجێكی ئەوەندە زۆری خستبووە سەر خەڵك، هەناسەی لێبڕیبوون. وەكچۆن ئێستا كاربەدەستانی هەرێم لەدەرەوەی دەستورو قانون باج و رەسم-ی سەر خەڵكی كوردستانیان ئەوەندە زیادكردووە، دەرفەتی ژیانیان بۆ خەڵك نەهێشتۆتەوە.
رۆمانیا تاكە تەلفزیۆنێكی هەبوو، هەموو شەوێك دوو سەعات بەرنامەی تایبەتی هەبوو لەسەر پاڵەوانێتی چاوشیسكۆو بلیمەتیی ئیلینای ژنی بوو، وەك چۆن ئێستا حزبە حوكمڕانەكانی كوردستان دەیان بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ بەپیرۆزكردنی بەرپرس و لێپرسراوانیان.
هەر لەسەردەمی چاوشیسكۆ رۆژنامەنوس و نوسەران ناوی سەیر سەیران بۆ چاوشیسكۆ دادەتاشی، وەك بلیمەت، تاكە سەركردە، سەركردەی مەزن، پاڵەوانی مێژوو..تد. هەروەك چۆن ئێستا بەشێك لە نوسەرو دەربارو تەنانەت بەشێك لەوانەی گوایە سەركردایەتی زمانێكی سەیریان گرتووە بۆ خولامەتیی، ناوی نوێ بۆ سەرۆك و كەسی یەكەمی حزبیی خۆیان دادەتاشن وەك سەرۆك و فەرماندەو پاڵەوان و ..تد.
یەكێك لەگرفتە هەرە سەرەكیەكانی دیكتاتۆرو ستەمكار ئەوەیە ئاگاداری بارودۆخ و ژیانی خەڵك نین هەر درۆیان بۆ دەكرێت. بەبازنەیەكی خولامكار دەوردراون وادەزانن هەموو دونیا ئەو دەوروبەرەی خۆیانە. گرفت و كێشەكانی كۆمەڵگا وەك نەخۆشی شیرپەنجە تەشەنە دەستێنێت و ئاگایان لێ نییە، بۆیە كاتێك لێیان دەقەومێت، كار لەكارترازاوەو فریای هیچ ناكەون.
لەكۆتایی 1989 كاتێك یەكێتیی سۆڤیەت روخا یان پارچە پارچە بوو، دەرفەتێكی زێڕین هاتەپێش گەلی رۆمانیا لەسیستمی دیكتاتۆری شیوعیی چاوشیسكۆ راپەڕێت. دەستیان بەخۆپێشاندانی بەرفراوانكرد، لەبەرامبەردا چاوشیسكۆ رۆژی 21ی دیسەمبەر (وەك ئەوەی لەكوردستان دەیبینین) دەیان هەزار هاوڵاتیی وڵاتەكەی بەزۆر كۆكردەوە تا گوتاریان بۆ بدات، بێئاگابوو لەوەی ئەوانەی هاتوونەتە ئەو كۆبونەوە جەماوەرییە بەزۆر هاتوون و بێزارن لەحوكمڕانی وڵاتەكەیان. چاوشیسكۆ دەستیكرد بە گوتاری پڕ هەڕەشەو ترساندن، پێیوابوو ئەوانەی هاتوون لایەنگری ئەون، كەچی لەناوەراستی گوتارەكەی، نیوەی زیاتری ئامادەبووانی ئەو كۆبونەوە جەماوەرییە بەهاوارو دروشمی بڕوخێ چاوشیسكۆ پەلاماری باڵەخانەكەیانداو چواردەوریان گرت، چاوشیسكۆ ناچار بەكۆپتەر رایكرد، بەڵام لەڕێگە بەشێك چەند ئەفسەرێكی سوپا لەڕێی فرۆكەی جەنگیەوە ناچار بەنیشتنەوەیان كردو خۆی و ژنەكەی ئیلینایان دەستگیركرد. دوای دوو رۆژ دادگاییەكی زۆر خێرایان كردو لەدوای دادگاییەكە، لەماوەی 24 كاتژمێر خۆی و ژنەكەیان گولەبارانكرد.