دیوە تاریكەكانی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر

سەرتیپ جەوهەر
  2023-10-16     668

رۆژ دوای رۆژ زانیاریی نوێ‌ لەبارەی رووداوەكانی ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم ئاشكرا دەبێت كە رەنگە هەندێكیان بۆچوون و تێگەیشتن لەبارەی ریفراندۆم و رووداوی ناسراو بە 16ی ئۆكتۆبەر بگۆڕێت.

بەپێی زانیاریی نوێ‌ 13ی ئۆكتۆبەری 2017 بەئامادەبوونی قاسمی سولەیمانیی لەبارەگای كۆسرەت رەسول عەلی لەسلێمانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبۆتەوە هەریەكە لە (كۆسرەت رەسول عەلی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، مەلا بەختیار، حاكم قادر حەمەجان، عومەر فەتاح و ئاسۆ مامەندو رەفعەت عەبدوڵلاو چەند ئەندامێكی دیكەو ئاراز شێخ جەنگی) لەوێ‌ بوون.

قاسمی سولەیمانیی بەڕوونی بە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی رادەگەینێت ئەگەر رێککەوتن نەکرێت زیانێكی گەورە بەر هەرێم دەكەوێت. بەقسەی بارزانیی مەكەن لەم كارەدا. هەرێم لەشنگالەوە تادەگاتە خانەقین لەدەستدەدات، زۆرترین زیان بەناوچەی نفوزیی یەكێتیی لەناوچە دابڕێنراوەكان دەكەوێت.

سولەیمانیی بەڕوونی دەڵێت داواتان لێدەكەم ئەم ریفراندۆمە نەكەن، دەتوانن تا حەمرین ئاڵای كوردستان هەڵبكەن ئێمە چاوپۆشی دەكەین. ئەگەر هەر ریفراندۆمەكە دەكەن، لانیكەم لە كەركوك مەیكەن.

ئێستاش ناوێكم بدەنێ‌ بۆ پارێزگاری كەركوك چونكە ئەو پارێزگارەی هەیە (نەجمەدین كەریم) تەواوبووەو قەبوڵمان نییە.

قاسمی سولەیمانیی روو لەكۆسرەت رەسول عەلی (جیگری سكرتێری گشتیی) ئەوكاتەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەوكاتەی یەكێتیی دەكات و دەڵێت "من دەمەوێ‌ ئاگادارتان بكەمەوە كە زیانەكەتان زۆر گەورە دەبێت" لەوێ‌ هەریەكە لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كۆسرەت رەسول عەلی وەعدی پێدەدەن كە قسە لەگەڵ بارزانی بكەن بەڵكو پەشیمانی بكەنەوە.

لەناو مەكتەبی سیاسی هەریەكە لە كۆسرەت رەسول عەلی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پشتیوانیی سەرەكی بارزانیی بوون لەپرۆژەی ریفراندۆم. كۆسرەت رەسول عەلی لەهەموو كۆبونەوەكان بەشداریی دەكردو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەكۆبونەوە جەماوەرییەكەی سلێمانی بەجلی كوردییەوە لەگەڵ بارزانیی بەشداری لەبانگەشەكەدا كرد.

هەر 13 مانگ هەریەكە قاسمی سلێمانی دەچێتە ماڵی مامجەلال سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكات و هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگی، ئاراز شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانیی و قوباد تاڵەبانیی ئامادەبوون. لەو دانیشتنەدا قاسمی سولەیمانیی دەڵێت " ئەمڕۆ 13 مانگە، 15ی مانگ دەچمە توركیا هاكان فیدان دەبینم، ناچارم مەكەن هەندێك لێكتێگەیشتنی كۆنمان هەیە لەگەڵ توركیا سڕكراوە جارێكی دیكە لەدژی ئێوە زیندووی بكەینەوە. ئەگەر بەقسەمان نەكەن بەدڵنیاییەوە هەموو شتتان لەدەست دەردەچێت" سولەیمانیی بەناڕاستەوخۆ هەڕەشە دەكات و دەڵێت ئەگەر پەشیمان نەبنەوە، عیراق تا پردێ دێت و ناوەستێت بۆیە دەبێ‌ ئەو راستیە بزانن كە ئەوەی هاتۆتە دەستتان لەوچەند ساڵی رابردوو لەدەستی دەدەن. لەوڵامدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت ئێمە كاك مەسعود بارزانیی دەبینین و هەوڵدەدەین قەناعەتی پێبكەین، بەڵام بێ‌ كاك مەسعود بارزانی هیچ شت ناكەم.

15ی ئۆكتۆبەر هەریەكە لەلاهور شێخ جەنگی و ئاراز شێخ جەنگی بۆ راگرتنی شەڕەكە بۆماوەیەك تابتوانن رێككەوتنێك لەگەڵ بەغدا بكەن و بەر بەپەلاماردانی عیراق بگرن، بەیەكەوە بەناو سوپاو میلیشیای حەشدی شەعبی دەچنە شارۆچكەی ریاز لەخوار كەركوك، لەوێ‌ ئەبو مەهدی موهەندیس (ئەبیەزەین)و عەبدولئەمیر یاروڵلا سەرۆك ئەركانی سوپای عیراق دەبینن. كاتێك لەكەركوك تێدەپەڕن سوپای عیراق سنوری هێزی پێشمەرگەی بەزاندووەو هاتۆتە (تازە) سەر رێگەی نێوان كەركوك - توزخورماتوو ئەو رێگەیە بەتەواوی كۆنترۆڵ كراوە. واتە بەر لەدەستپێكردنی پەلامارەكە، تانك و تۆپی سوپای عیراق گەیشتبوونە سەر شەقامی سەرەكی كەركوك و هێزی پێشمەرگە (تازە)ی لەدەستدابوو.

لەو دیدارەدا لەوێ‌ یاروڵلا پێیان دەڵێت من سەربازم و فەرمانم هەیە، ناتوانم هیچ بكەم بەبێ‌ فەرمانی سەرووی خۆم، ئێمە فەرمانی چوونە كەركوكمان هەیەو هیچ شتێك لای من نییە، ئەگەر شتێكتان هەیە دەبێ‌ لەگەڵ سەرووی من چارەسەری بكەن.

دەبوو د. فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار رۆژی 15 مانگ ئەو پەیامەی كۆبونەوەكەی دوكان بیگەینێتە بەغدا، بەڵام بەپێی هەموو سەرچاوەكان پەیامەكەی نەگەیاندبوو، بەبیانووی داخرانی پەیوەندییە تلفۆنییەكان، ئەمەش گرێیەكی دیكەی رووداوەكانە دەبێ‌ هەڵوەستەی لەسەر بكرێت كە بۆچی د. فوئاد ئەو پەیامەی نەگەیاند؟ ئەگەر بیگەیاندبا چی دەبوو؟

هەرئەو رۆژە لاهور شێخ جەنگی كە سەرۆكی دەزگای پاراستن زانیاریی/ زانیاریی بوو، پەیوەندی بەحەیدەر عەبادیی سەرۆك وەزیران دەكات و داوای دواخستنی راگرتنی جموجۆڵی سەربازیی لێدەكات بۆ كەركوك بۆ ماوەیەك، بەڵام لەوڵامدا عەبادی پێی دەڵێت "كاك لاهور ئەو ئیشە لەدەست من نەماوە، جەماعەتەكەی حاجی قاسم و تورك رێككەوتوون و ئەگەر شتێك بكرێت بەهادی عامری دەكرێت بۆیە قسە لەگەڵ هادی عامری بكەن، رەنگە ئەو شتێكی پێ بكرێت! لەوێ لاهور شێخ جەنگی تێدەگات كە تازە كار لەكارترازاوەو هیچ ناكرێت.

هەر 15 مانگ لاهور شێخ جەنگی پەیوەندی بە برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عیراق و سوریا دەكات و دەڵێت چیبكەین ئێوە چیمان بۆ دەكەن؟ ئەویش لەوڵامدا دەڵێت "ئێمە لەئاسمانەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكەین، ئەوەی یەكەم تەققە بكات ئەو تاوانبارە" مەبەستی لە مەكگۆرك ئەوەبوو كە ئیتر ئەوان لەگەڵ هەرێم نین و لەگەڵ ئەوەدان عیراق بگەڕێتەوە كەركوك! ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەمریكاو ئێران هاوڕابوون سەبارەت بە چارەنوسی هەرێم یان ناوچە دابڕێنراوەكان دوای ریفراندۆم.

سەبارەت بەبەرگری هێزی پێشمەرگەو بڕیاری رووبەرووبونەوەی سوپاو میلیشیای حەشدی شەعبی عیراقیی، خالێكی زۆر گرنگ هەیە دەبێت چاوی لێبكەین، دەگوترێت بەفەرمانی شێخ جەعفەر كە ئەوكات وەزیری پێشمەرگەبوو، هێزی پێشمەرگە لەسنوری یەكێتی بەر لە 16 ئۆكتۆبەر 24 سەعات چەكە قورسەكان كشێنراونەتەوە، وەك تانك و دەبابەو چەكی دیكەی قورس، ئەمەش جێگای سەرنجە بۆ هەركەسێك بیەوێت توێژینەوە لەو رووداوانە بكات. دەبێ‌ لەوبارەیەوە پرسیار لەشێخ جەعفەر مستەفا بكرێت.

رۆژی 15ی مانگ ئاراز شێخ جەنگی سەردانی بارەگای فەرماندەیی هێزەكانی یەكێتیی لەكەركوك دەكات، لەوێ‌ ژمارەیەك فەرماندەیی یەكێتیی لەوێ‌ دەبن لەوانە: وەستا رەسول، شێخ جەعفەرو ژمارەیەكی دیكە. لەوێ‌ پرسیار لەشێخ جەعفەر دەكات كە ئایا دەتوانن چەند مقاوەمە بكەن و چیتان كردووە بۆ ئەوەی بتوانن رووبەرووی ئەو هێزە ببنەوە؟ لەوڵامدا وتبووی كاك مەسعود كارتی زۆری بەدەستەوەیەو پەیوەندی بەوڵاتانەوە هەیە، ئەویش لەوڵامدا دەڵێت كوا دە یەكێ: لەو كارتانەم پێ بڵێ؟

شێخ جەعفەر خۆی لەپرسیارەكە دەدزێتەوەو دەڵێت "كاكە من زۆر هیلاكم دەچم دەخەوم"

ئەوەی لە 16 ئۆكتۆبەر روویدا مەرگەساتێكی گەورەبوو بۆ كورد. بەرلەهەمووشتێك ریفراندۆم پرۆژەیەكی ناوەختی پێشوەختە ئاشكرابوو كە شكست دێنێت، لەوە خراپتر ئەو پەرتەوازەیی و ئاڵۆزییەی ناوخۆی یەكێتیی و پارتی و ناو ماڵی كوردستان بوو كە وایكرد كورد نەتوانێت رووبەرووی پیلان و پەلاماری داگیركاریی عیراق ببێتەوە.

بەپێی بەدواداچوونی خۆم، تائێستا دەرنەكەوتووە هیچ رێككەوتنێك لەنێوان یەكێتیی نیشتیمانیی و سوپای عیراق یان ئێراندا هەبێت، بەڵام پێدەچێت لێكتێگەیشتنێك هەبووە بۆ كشانەوەی هێزەكانی یەكێتیی لەوناوچانە. هەروابوو. هێزەكانی یەكێتیی بەهەماهەنگی و تەنسیق كشانەوە، بەڵام بەهۆی خراپی ناوخۆی یەكێتیی و پەرتەوازەیی ئەو هێزانە، لەچەند شوێنێك بەریەككەوتن و رووبەرووبونەوە لەنێوان هێزەكانی یەكێتیی و حەشدی شەعبی لەباشوری خۆرهەڵاتی كەركوك روویداو بەهۆیەوە 38 پێشمەرگە شەهید بوون.

هەڵەی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر زیانێكی ئێجگار گەورەی بەدۆزی كورد لەماوەی 30 ساڵی رابردوو بەكورد گەیاندووە. لێكەوتەكانی هێشتا زۆرماون و تەواو نەبوون. كوردستانی روبەرووی پاشەكشەیەكی زۆر گەورەكرد، هەروەك چۆن دوای 16ی ئۆكتۆبەر عینادی سیاسی و خراپ تێگەیشتن لەواقع عەفرینیشی لەدەست كورد دا.

من پێموایە نەدەبوو ریفراندۆم بكرێت، هەموو دەمانزانی پرۆژەیەكی شكستخواردووە، ئەگەر كراو هەڵەكە لەدەست دەرچوو، دەبوو رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكرێت بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام مخابن نەكراو بارودۆخێكی گوماناوی هەیە رۆژانی داهاتوو باشتر بۆ هەمولا رووندەبێتەوە بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە 16ی ئۆكتۆبەر هەیە. هەرچۆنێك بێت كشانەوەی هێزی پێشمەرگە ئەگەر بەناڕێكی و بەبێ‌ رێككەوتنی كۆنكریتی بوو، بەڵام هێشتا باشتربوو لەوەی ئەو هێزانە لەناوبچن و كورد هێزی بەتەواوی لەدەستبدات، ئەگەر وانەبوایە ئەوا بەدڵنیاییەوە كەركوك دەبووە عەفرین و غەززەو موسڵ، زیانەكان زۆر زیاتردەبوو لەئێستا.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×