كوردو فەلەستین، قوربانیی كەمینەیەكی دەستڕۆیشتوو

سەرتیپ جەوهەر
  2023-10-13     428

گەلی فەلەستین و كورد، دوو گەلی چەوساوەی ناوچەكەن. دەیان ساڵە خەبات لەپێناو رزگاریی نیشتیمانیی دەكەن. مخابن بوونەتە قوربانیی و سەركردایەتیەكی خراپ و كەمینەیەكی دەستڕۆیشتوو كە شەرعییەتی شەقامیان نەماوەو لەپێناو بەرژەوەندی شەخسیی و بنەماڵە و حزب، ئەوەی خراپە بەمیللەتەكەیان دەكەن.

ئەوەی ئێستا بەسەر غەززە وەك بەشێك لە فەلەسیتین هاتووە، گەلی فەلەستین لێی بەرپرسیار نییە. ئەو پەلاماردانەی ئیسرائیلیش گەلی فەلەستین نەیكردووە بەڵكو بزوتنەوەی حەماس وەك بزوتنەوەیەكی چەكداریی كردوویەتی، كەچی ئێستا گەلی فەلەستین، پیرو گەنج، منداڵ و ژن و خەڵكی مەدەنی فەلەستین باجێكی گرانی ئەو سیاسەت و هەڵسوكەوتی حەماس دەدات كە هەموو چاودێران پێیانوایە هەڵەیەكی كوشندەو ستراتیژیی كردو باجە گەورەكە گەلی فەلەستین دەیدات، چونكە ئێستا ئیسرائیل حەماس وەك داعش وێنا دەكات و مومكین نییە حەماس وەك حزبێكی چەكدار لەفەلەستین بهێڵێت و غەززەش وەك بەری چەپی موسڵ تەخت دەكات! لەونێوانەشدا، هاوڵاتیانی فەلەستین كە دوورن لەسیاسەت و حزبایەتی، باجە گرانەكە دەدەن و فەلەستینیش وەك دۆزی گەلێكی بەشخوراو جارێكی دیكە رووبەرێكی گەورەی خاك لەدەست دەدەن هەروەك چۆن لەمێژووی ئەو گەلە، لەهەر قۆناغێكی رووبەرووبونەوەی ئیسرائیل، پارچەیەك خاكیان لەدەستداوە.

دیمەنی پرسی فەلەستین، لەدیمەنی چارەنوسی گەلی كوردستان دەچێت. دۆزی گەلی كورد دۆزێكی رەوای میللەتێكی بەشخوراو بەشمەینەتە، بەداخەوە بۆتە قوربانیی سەركردایەتیەكی بێكەڵك و بەرژەوەندیخواز. بۆتە قوربانیی بەرژەوەندی تەسكی حزبیی و بڕیاری ناوەخت و هەڵەی ئەو سەركردایەتییەی كە دەستی گرتووە بەسەر موقەدەراتی ئەم میللەتەو بەبەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی و حزبیی.

بەداخەوە دۆزی گەلی كوردستان، بۆتە قوربانیی هەڵسوكەوت و بەرژەوەندی دەستەبژێرێكی سیاسی و چەند بنەماڵەیەك، ئەوان دەیانەوێ‌ سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی تاڵانفرۆش بكەن و خەڵكەكەش قوربانی بدەن. وەك دەگوترێت خێرو بێری (وەتەن) بۆ ئەوان بێت و (وەتەنیەت)یش بۆ خەڵكەكە بێت.

ئاخر ناردنەدەرەوەو سەربەخۆكردنی فرۆشتنی نەوت بەبێ‌ هیچ پشتیوانیی و زەمینەسازییەكی قانونیی هەڵەیەكی ستراتیژیی نەبێت، دەبێ‌ چ شتێكی دیكە هەڵە بێت؟ ئەوەتا زیاتر لە 10 ساڵە خەڵكی كوردستان بەدەست برسێتی و نەدارییەوە دەناڵێینن. ئەوانەیشی ئیمزای رێككەوتنە پەنجا ساڵەییەكەیان كردووە، دیواری حەوشەی خانوەكەیان وەك سوری چین چین چینەو وەك كۆشكی سوڵتانەكانی عوسمانیی پان و بەرینە.

ئەی ریفراندۆمەكەی 2017 هەڵەیەكی ستراتیژیی و كوشندە نەبوو بەسەر خەڵكی كوردستانیان هێنا؟ ئەوەتا بەهۆی ئەو ریفراندۆمەوە كورد نزیكەی نیوەی خاكەكەی لەرووی سەربازییەوە لەدەستدا، كەمتر نەبوو لەهەڵەی حەماس كە رەنگە بەهۆیەوە غەززە لەدەست بدەن. ئەوانەیشی كە هەلهەلەی سەربەخۆكردنی كوردستانیان لێدەداو بەشێك لەخەڵكی كوردستانیان تۆمەتبار دەكرد بەتەخوین بەهۆی پشتیوانی نەكردنی ئەو پرۆژە ناوەختە، ئێستا لەبەغدا كڕو كپ كەوتوون و موچەی عیراقی شۆڤینیان دەچێتە سەر حیساب بانكیەكانیان و ململانێیان لەسەر پشك پشكێنەی حزبی و بەرژەوەندی حزبی و شەخسیە،! لەوە واوەتر بەكەلامی خودا سوێندیان خواردووە كە یەكپارچەیی خاكی عیراق بپارێزن!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×