كۆنگرەی پێنج ، كۆنگرەی لێكترازان و دابڕان لەمێژوو

سەرتیپ جەوهەر
  2023-09-25     498

بڕیارە 27 ئەم مانگە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆنگرەی پێنجەم بكات.

ئەم كۆنگرەیە لەبارودۆخێكی ناجۆرو بەبێ‌ بوونی زەمینەیەكی لەبار دەكرێت، وا هەستدەكرێت بڕیاری كۆنگرە لەسەرووی ئەم حزبەو لەدەرەوەی ئیرادەی ئەم حزبە دراوە.

ئەم كۆنگرەیە، دەبێتە هۆی دابڕینی یەكێتیی نیشتیمانیی لەو مێژوو رابردووی خۆی و ئەو پرەنسیپ و تێگەیشتنانەی لەسەرەتاوە لەسەری دامەزراوە. ئەو یەكێتییە نوێیەی دوای كۆنگرە، هیچ پەیوەندییەكی بەمێژووی مامجەلال و جوامێرانی ئەو رێگایە نامێنێت.

ئەم كۆنگرەیە لێكترازانێكی ناوخۆیی بەئازارو چەپكە گوڵەكە هەڵدەوەرێنێت. لەتبونێكی موحەقەقە. لەتێكیان دوای ئەم كۆنگرەیە، رێگەی رەجعیەت و كۆنەپارێزی و حوكمی تاكەكەسی و بنەماڵەیی و میراتگریی دەگرێتەبەر. لەو مۆدێلەی حزبایەتی كە مۆدێل و مەدرەسەی سۆڤیەتە، جگە لەسەرۆك، مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی هیچ رۆڵ و پێگەیەكی مەعنەوی و شەخسیان نییەو دەبنە دارودەستەو دەربار، هیچ رۆڵێكیان لەنەخشەكێشان و بڕیاردان دا نییەو نابێت و تەنها بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن و چاویان لەپرۆژە ئابورییەكانیان دەبێت.

پێشبینی دەكەم بەمزوانە پێشكەتنخوازان و هەڵگرانی هەمان رێچكەو رێبازی مامجەلال و جوامێرانی هەمان رێگە رێچكەو رێباز كە بیری چەپ و پێشكەوتنخوازیان هەبوو، یەكێتییەكی دیكەی راستەقینەیە، بەبەرگێكی نوێ‌ رابگەیننەوە كە پێویستی كۆمەڵگای كوردستان و ژیانی سەردەمە. چونكە ئەم یەكێتییەی ئێستا كۆنگرە دەكات، چیتر ناتوانێت نوێنەرایەتی باڵی چەپی ناو بزوتنەوەی سیاسی كوردستان بكات.

بەكورتیەكەی، ئەم رەوتە نوێیە، یان لەتەكەی دیكە، دەبنە میراتگری فكرو تێگەیشتنی پێشكەوتنخوازانی مێژووی نوێ‌، كە مامجەلال و هاوڕێیانی ئیلهام بەخشی بوون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×