ئێمە ئەم مێژووە دەنوسینەوە

سەرتیپ جەوهەر
  2022-08-18     612

نوسینەوەی مێژوو بۆخۆی زانستێكی تایبەتی مرۆڤایەتییە. بریتیە لەتوێژینەوەو بەدواداچوونی رووداو و لێكەوتەكانی بەشێوەیەكی بابەتیانەو دوور لەكاریگەری تێگەیشتنی شەخسیی، هەروەك وێنەگرتنی رووداوەكان لەهەموو رووەكانیەوە، تاوەكو خوێنەر یان وەرگر بتوانێت وەكوخۆی لەرووداوەكان بگات.

یاداشت و نوسینەكەی كاك مەسعود بارزانی لەبارەی بزوتنەوەی چەكداری كورد یاخود ئەو رووداوانەی ساڵانی رابردوو، نوسینەوەی مێژوو نییە، بەڵكو خستنەرووی بەشێك لەرووداوانەیە كە بۆخۆی ویستویەتی بیخاتەروو، هەروەك چاوپۆشیكردنە لەبەشێك لەو رووداوانەی كە ئەو نەیویستووە بیخاتەروو. ئەوەی بارزانی خستویەتیە روو یاداشتە نەك مێژوو. ئاساییە هەریەكێك لەو رووداوانەی ئەو باسیكردوون لەسوچێكەوە وێنەی گیراوەو روانینی شەخسی خۆیەتی بۆ رووداوەكان و هەموو تابلۆكە نییە. دەكرێت مێژوو نوسان سود لەبەشێكی وەرگرن وەك سەرچاوە.

لەسەردەمی تەكنەلۆجیای نوێ‌، تەكنەلۆجیای تۆماركردن، هەڵگرتن و ئەرشیفكردن و لێگەڕان، نوسینەوەی مێژوو و لێگەڕانی (search) گەلێك هاسان بووە، هەروەك شێواندنیشی گەلێك زەحمەتە بووە.

ئەوەی من دەمەوێ‌ بیڵێم مێژووی حوكمڕانی كوردە لەدوای راپەڕین. ئەم مێژووەیە كە لەهەر سوچێكەوە تەماشای بكەی دەبێ‌ چاوی خۆمان بگرین. كاتێك یاداشتەكانی ئاپێ‌ (موسا عەنتەر) دەخوێنینەوە فرمێسك بەچاوانمان دێتەخوارێ‌، لەوهەموو زوڵم و ستەمەی لەمیللەتی كورد كراوە، كە كتێبەكە دادەخەیت و چاو لەحوكمڕانی كورد دەكەی، گریانەكەت لێ دەبێتە ژانێكی قوڵ و ئاگر لەهەناوت بەردەدات. قەت تەسەور ناكەی ئەو میللەتەی دەیان هەزاری لێ‌ زیندەچاڵكراون و هەزارەهای لەزیندانەكان بەهاواری "بژی كورد" شەهید كراون و هەزاران گوندو شاریان لێ‌ وێرانكراوەو شارو لادێی كیمیابارانكراو و راگوێزراون، لەزمانی زگماكی خۆیان بێبەشكراون ..تد ئێستا بەناو شۆرشگێڕەكانی جاران و نەوەكانیان لەسەر ئازادی گەلەكەیان دەخەنە زیندان، خەڵك لەسەر خۆپێشاندان ئەشكەنجە دەدەن، ئەوان بوون بەبازرگانی گەورەگەورەو خۆیان لەكۆشك و تەلاری باڵاباڵا دەژین، گوندو باژێر دابەشدەكەن، فرۆكەی تایبەت و كۆمپانیای زەبەلاح و پرۆژەی بازرگانیی گەورە گەورەیان هەیە. حوكمڕانیەكەی نغرۆی گەندەڵیی بووەو میللەتەكەیان بەدەست نادادپەروەریی و خراپی گوزەرانەوە بێ‌ دەرەتان دەتلێنەوە.

ئەم مێژووەنوسینەوەی مێژووی شاخ و نهێنی ناو كۆبونەوەكان و داستانەكانی سەردەمی شاخ نییە، ئەمە ئەو مێژووەیە كە ئێستا بەبەرچاومانەوە تێدەپەڕێت و دەیبینین، مێژوویەك نییە خیلافی لەسەربێت و هەركەسە بەپێی خواستی شەخسی و یان تەنها دیوێكی بنوسێتەوە، بەڵكو مێژوویەكە هەموومان دەینوسینەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×