چەند رۆژێكە هێزی هاوبەشی (روسیا، سوریا، هەسەدە) بەدرێژایی سنوری شاری قامیشلۆو رۆژهەڵاتی ئەوشارە بەرامبەر توركیا هاتووچۆ دەكەن و چاودێری ئەو سنورە دەكەن، هاوكات باس لەجێگیركردنی 8 فرۆكەی شەڕكەری روسیا لەفرۆكەخانەی قامیشلۆ دەكرێت گوایە بەهۆی ئەگەری پەلاماردانی توركیا هێنراونەتە ئەو فرۆكەخانەیە كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتی سوریایە.
لەبەرامبەردا ئەمریكا بەناڕاستەوخۆ ئەنقەرەی لەئەگەری هێرشی سەربازیی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان (باكوری خۆرهەڵاتی سوریا) ئاگاداركردۆتەوە. بەڵام هەموو ئەو دیمەنانە، لەمەترسی پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن سوپای توركەوە كەمناكەنەوە، چونكە بۆ كورد نە ئەمریكاو نە روسیا جێگای متمانە نین و چەند جارێك لەچوارچێوەی رێككەوتنی دوو قۆڵی بەشێك لەخاكی سوریایان رادەستی توركیا كردووە! لەسەرەتا 2018 روسەكان عەفرینیان رادەستی توركیا كرد لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی دوو قۆڵی و دوای ساڵێكیش واتە كۆتایی 2019 ئەمریكیەكان سەرێكانی تا گرێ سپیان بەدرێژایی 120 كیلۆمەتر و قوڵایی 35 كیلۆمەتر تەسلیم بەسوپای تورك و گروپە تیرۆریستەكان كرد.
پێدەچێت ئەو پێشهاتە نوێیەی ناوچەكە، بەشێكی پەیوەندی شەڕی ئۆكرایناوە هەبێت، هەرچەندە لێكدانەوەو تەفسیری جیاوازیی بۆ دەكرێت، بەڵام ئەوەی لێمانەوە دیارە، توركیا هەڕەشەی جددی پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستانی كردووەو هێزەكانی سوریای دیموكراتیش ئامادەییان لەشارو شارۆچكە جیاوازەكانی ئەو سنورانەوە كردووە كە توركیا هەڕەشەی پەلاماردانی كردووە.
ئەو هەڕەشانەی توركیا لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت كە دەتوانین لەچەند ئەگەرێكی جیاواز بیخەینە روو، كە هەریەكەیان رەهەندو وردەكاری دیكە لەخۆدەگرێت.
هەندێك پێیانوایە ئەو هەڕەشانەی توركیا، فشارە بۆسەر ئەمریكا كە سەرقاڵی شەڕی ئۆكراینایە، ئەنقەرە دەیەوێت دەستكەوتێكی نوێی لەناو سوریا چنگ بكەوێت. ئینجا چ بەداگیركردنی بەشێكی دیكە لەخاكی سوریا بێت یاخود دەستكەوتی دیكەی وەك ئابوریی، سیاسی بێت. هاوكات توركیا بەڕەسمیی ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر وەرگیرانی سوێد و فنلەندا لەرێكخراوی ناتۆ دەربڕی بەوپێیەی خانەخوێی پارتی كرێكارانی كوردستانن، بەڵام پێدەچێت توركیا بیەوێت ئەو ناڕەزایەتییە بكاتە فشار بۆسەر ئەمریكا تا دەستكەوتی هەبێت جا چ بەداگیركردنی بەشێك لەخاكی سوریا بێت بەتایبەت لە رۆژئاوای كوردستان، یاخود دەستكەوتی ئابوریی یان سیاسی بێت. هەروەك دەشێت ئەو ناڕەزابوونی توركیا لەوەرگیرانی سوێدو فنلەندا، هۆكارێك بێت تاوەكو روسیا پاداشتی توركیا بكات.
بۆچونێكی دیكە هەیە دەڵێت لەبنەڕەتدا ئەو هەڕەشانەی توركیا بۆ پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان، فشارە بۆسەر روسیا كە راستەوخۆ لەناو شەڕی ئۆكراینادایە.
بەپێی هەندێك زانیاریی توركەكان لەگەڵ روسیا چەند جارێك گفتوگۆیان كردووە تاوەكو ناوچەیەك بەناوچەیەكی دیكە هەر لەناو سوریا بگۆڕنەوە، هەردوو كۆك بوون لەسەر ئەو بنەمایە، بەڵام ناكۆكی هەردولا لەسەر گۆڕینەوە سەودای ناوچەكان بووە.
توركەكان هەمیشە داوای ناوچە كوردیەكانی سوریا دەكەن لەبەرامبەر گۆڕینەوەی بەناوچەیەكی دیاریكراو كە دەكەوێتە ئیدلب سەر هێڵی (M4) لەسەرووی پارێزگای حەلەب بۆ روسیا كە ئێستا هێزەكانی توركیاو گروپە توندڕەوەكانی لێیە، بەڵام روسەكان پێشنیاری ناوچەیی دیكەیان كردووە بەتایبەت ئەو ناوچانەی شەهبا لەرۆژئاوای فورات و نزیكە لەعەفرین و هێزەكانی سوریای دیموكراتی لێ هەیە.
تائێستا هەڵوێستی رەسمیی روسیاو ئەمریكا لەبارەی هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆكی توركیا رانەگەیەنراوە، بەڵام گەڕی هێزی هاوبەشی (روسیا، سوریا، هێزەكانی سوریای دیموكرات) بەدرێژایی سنوری قامیشۆو رۆژهەڵاتی ئەو شارە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت. لەلایەك ئاماژەو نامەی روسیایە بۆ توركیا كە رێگانادات هێزەكانی توركیا بپەڕنەوە رۆژئاوای كوردستان و هەڕەشەكان رەتدەكاتەوە. لەلایەكی دیكە پەیامی هێزەكانی سوریای دیموكراتە بۆ ئەمریكاو دەیانەوێ لەڕێی ئەو گەڕی (دوریە)ی هێزی هاوبەشی روسیاو سوریا فشار لەسەر ئەمریكا دروستبكەن و پەیامێك بدەن كە روسەكان ئامادەن سنورەكە بپارێزن، چونكە تائێستا ئەمریكا هیچ پەیامێكی راستەوخۆو روونی لەبارەی هەڕەشەكانی توركیا رانەگەیاندووە.
هەر لەبارەی ئەو هەڕەشانەی توركیا، هەندێك پێیانوایە پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە هەیە، چونكە فشارێكی زۆر لەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغان لەناوخۆ هەیە بۆ چارەسەركردنی ئاوارەكانی سوریا لەتوركیا كە بەپێی ئاماری رەسمیی توركیا زیاتر لە 3.7 ملیۆن ئاوارەی سوریا لەو وڵاتە نیشتەجێن و بوونەتە بارێكی گران بەسەر ئابوری توركیا. بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت سەرنجی ناوخۆ بگۆڕێت بۆسەر دۆخی سوریاو هەڕەشەی داگیركردنی بەشێكی دیكەی خاكی سوریا بكات، چونكە پێشتر پەیمانی بەخەڵكی توركیا داوە چەند ناوچەیەكی دیكەی خاكی سوریا داگیربكات و ئەو ئاوارانەی لێ نیشتەجێ بكات، هەروەك چۆن ژمارەیەكی زۆر خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی سوریا كە لەتوركیا دەژیان لەناوچە داگیركراوەكانی وەك عەفرین و سەرێكانیی و گرێ سپی و ناوچە كوردییەكان نیشتەجێی كردوون.
لەنێو ئەو بارودۆخە پڕ ناهەموارەدا، كورد لەسوریا بەرچاو روون نین لەسیاسەتی ئەمریكاو روسیا. چونكە هەردوولایەن تائێستا لەسەر ئاستی رەسمیی و سیاسی، مامەڵە لەگەڵ ئیدارە یان رێڤەبەری خۆسەر ناكەن و سیاسەتیشیان رۆشن نییە. ئەوەی هەیە ئەمریكاییەكان زیاتر مامەڵەیەكی ناڕەسمیی لەچوارچێوەی روبەرووبونەوەی تیرۆر لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكەن و روسەكانیش كە خۆیان بەنێوانگر لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات پێشان دەدەن لەبنەڕەتدا نێوانگر نین، بەڵكو لای سوریان و هەمیشە هەوڵیانداوە كورد وەك كارتێك چ بەرامبەر توركیا، یاخود دیمەشق بەكاربێنن. لەو نێوانەشدا كورد بێچارەو ناچار مامەڵەی لەگەڵ هەردوولادا كردووە چونكە هیچ دەریچەیەكی نییە. هەموولاش ئەو راستیە دەزانن تاوەكو ئەمریكا و روسیا لەسوریا نەگەنە رێككەوتن، هیچ ئاسۆیەك لەبارەی دۆخی كورد لەسوریا، یاخود شێوەی حوكمڕانی داهاتووی دیمەشق رووننابێتەوە.