19ی ئایاری ئەم مانگە 30 ساڵ بەسەر یەكەمین هەڵبژاردنی كوردستان تێدەپەڕێت. هەڵبژاردنی ساڵی 1992 رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ گەلی كوردستان. دانیشتوانیی كوردستان بەجلی كوردی و بەهەڵپەڕكێوە چوونە هەڵبژاردن، پێیانوابوو رۆژی سەربەخۆیی و ئازادبوونە لەدەست ستەمكاریی رژێمی بەعس.
ئەوە 30 ساڵ بەسەر حوكمڕانی كوردستان تێپەڕیی بەڵام ئێستا هیچ هەڵبژاردنێك لەوادەی خۆی بەڕێوەنەچووە. لە دوایین هەڵبژاردن 2021 تەنها لە 30% خەڵك بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كرد! دوای 30 ساڵ هەرێمی كوردستان بەروونی دوو ئیدارەیەو دوو هێزی پێشمەرگەو دوو دەزگای ئاسایش و دوو فەرهەنگی حوكمڕانی هەیە! پەرلەمانەكەی رۆژێك تەمەنی درێژ دەكرێتەوەو رۆژێكیش دادەخرێت و ئێستاش پەكی كەوتووە! حكومەتەكەیشی وەك دونیاكەی مەولودنامەی كوردەواریی ئیدی لەسەر پشتی گایەو گاش لەسەر پشتی ماسی، ماسیش لەهەوایە!
دامەزراوەی دادوەریش بەتەواوی متمانەی لەدەستداوە. رەنگە لەسەر وتارێك، ناڕەزایەتییەك، قسەیەكی سەرشاشە، كەیسێكی ئامادەت بۆ بخرێتە روو، وەك دادگاكەی مەهداویی بێ گوێدانە هیچ بنەماو مەنتقێكی دادپەروەریی، لەوانەیە حوكمی شەش ساڵ و شەش مانگت بۆ ببڕێتەوە!
بەر لە 30 ساڵ خەڵك وێنەی لەگەڵ ئاڵای كوردستان دەگرت، مامۆستایان و فەرمانبەران بەبێ موچە دەوامیان دەكرد، كەچی ئێستا بەهۆی سەختی ژیان و نادادپەروەریی و مەحسوبییەت و مەنسوبیەت، خراپی حوكمڕانیی، گەنجان رێگای قاچاخ و هات و نەهات دەگرنەبەر ئەم وڵاتە جێدەهێلن!
بەر لە 30 ساڵ خەنی خۆشی گەشەكردنی دیموكراسی و كرانەوەو ئازادی، گفتوگۆی گەرمی كۆڕو كۆبونەوەكان بوو. كەچی ئێستا ئاسایش و دامودەزگا ئەمنیەكان لەسەر سەرنجێك (كۆمێنت) یان لەسەر نامەیەكی تایبەتی نێو تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی، خەڵك راپێچی زیندان دەكەن. ئەگەر خاتری بگرن ئینجا بەڵێننامەیەكی پێ پڕدەكەنەوەو ئازادی دەكەن.
بەر لە 30 ساڵ بەرەی كوردستانی هەبوو، وەك چوارچێوەیەكی نیشتیمانیی هەموو لایەنەكان لێی كۆدەبوونەوەو گفتوگۆی چارەسەركردنی گرفتەكانیان لێ دەكرد. كەچی ئێستا سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتمان هەیە، بەڵام لایەنە سیاسیەكان توانای كۆبونەوەی هاوبەشیان نییە، چونكە متمانە لەنێوانیان دا نییە.
بەر لە30 ساڵ ئێمە منداڵ بوین، خەونی گەورەمان هەبوو، بەڵام وێرانیانكرد! خەونمان بەسەربەخۆیی كوردستان و نیشتیمانێكی ئازادو گەلێكی بەختیارەوە دەبینی، كەچی ئەوە 30 تێپەڕیی، لەبری سەربەخۆیی، شەڕی گەڕانەوەی بەغداو پەلەی سوێندخواردنمانە بەیەكپارچەیی گەل و خاكی عیراق! دامەزراوەكانی حوكمڕانیمان لەنیشتیمانییەوە كرد بەحزبیی.