ئەو گرژیانەی شنگال لەنوسینگەی كازمیەوە سەرچاوەی گرتووەو هاندان و پشتیوانیی هێزی ئیقلیمی و ناوخۆی هەرێمیش هەیە، بەڵام گرنگی جوگرافیای ناوچەكەو سروشتی پێكهاتەی ناوچەكە رێگرە لەبەردەم چۆڵكردنی شنگال لەو هێزانەی نزیكی پەكەكەن.
باسكردن و شیكردنەوەی دۆخی شنگال پێویستی بەوردەكاریی زۆر هەیە، چونكە فرەچەشنی قەومی و دینی و مەزهەبی و سیاسی، تێگەیشتنی كەمێك ئاڵۆزكردووە، بەڵام ئەوەی روونە لەژێر فشاری توركیاو هێزێكی كوردستانیی ئەو گرژیانە دروستبوون، چونكە ناكرێت هێزەكانی نزیك پەكەكە بەشێكیان موچە لەحەشدی شەعبی وەرگرن و هاوكات هێزەكانی عیراق داوای چۆڵكردنی ناوچەكەیان لێبكەن.
ئەوەی زانراوە شنگال جگە لەهێزە جیاوازەكان كە دواتر دێینە سەر باسكردنی، دوو فرقەی عیراقی لێیە (فرقەی 20 و فرقەی 16) فرقەی 20 فەرماندەكەی سوننەیە خەڵكی حیللەیە، بەڵام فەرماندەی فرقەی 16 شیعەو خەڵكی تكریتە. مستەفا كازمیی لەڕێی فیرقەی 16ی عیراقیی فشار دەكات، بەتایبەت كازمیی خواستی دووبارە بوونەوە بەسەرۆك وەزیرانی هەیەو دەیەوێت لایەنە كاریگەرەكان رازی بكات كە توركیاو پارتی دیموكراتی كوردستان-ە. پارتی 34 كورسی هەیەو هاوكات هەردولایەن كاریگەریان بەسەر بەشێك لەلایەنە سوننەكاندا هەیە.
ئەوەی زانراوە بەرپرسانی باڵای حەشدی شەعبی دژی ئەو فشارانەی سەر هێزەكانی نزیك پەكەكەن و پێیانوایە ئەو رێككەوتنەی كازمیی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئۆكتۆبەری 2020كردی بۆ دوورخستنەوەی هێزەكانی نزیك پەكەكە لەشارەكە، رێككەوتنی كازمی خۆیەتی نەك حكومەتی عیراق، بۆیە ئامادەی جێبەجێكردنی نین، بەڵكو دژی ئەو رێككەوتنەن.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوو سێ كەس بەهۆی ئەو گرژیانەوە كوژراون دووانیان عەرەب بوون و یەكێكیشیان كورد بووە پێدەچێت ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت.
بەپێی لێكدانەوەی واقعی ناوچەكەو هاوكێشەی هەرێمەكە، گەلێك ئەستەمە گرفتەكانی ناوچەكە كۆتاییان بێت و چارەسەر ببن. هێزەكانی نزیك پەكەكە بوونەتە پێكهاتەیەكی گرنگی ئەو هاوكێشەن ئاسان نییە دوورخستنەوەیان كە دواتر دێینە سەر باسكردنی. ئەم فشارانەی ئێستاش جگە لەگرژی ئەمنی هیچ ئەنجامێكی لێ شین نابێت، ئەگەر فشارەكان بەردەوام بن، پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو شنگال گرژی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
وردەكاریی:-
لەدوای كۆتایی هاتنی گروپی تیرۆرستی داعش پێمانوابوو ململانێی دینی و تایفی و قەومیی ناوچەكە ئاڵۆز دەكات، بەڵام ئێستا واوەتر بووەو جگە لەململانێی سیاسی لەپێناو سەپاندنی نفوز، هاوكات دەستوەردانی ئیقلیمی-یشی تێدا بەتەواوی زەقبۆتەوە.
بەر لەهاتنی داعش ئەو هێزانەی لەناوچەكە بوون بریتی بوون لەهێزی پێشمەرگە (پارتی و هێزێكی كەمی یەكێتیی) هاوكات هێزی ئاسایش (پارتی)و هێزێكی كەمی حكومەتی ناوەند، بەڵام دوای ریفراندۆم و داگیركردنی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزەكانی عیراقەوە، هێزەكانی پارتی و چەند هێزێكی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە بەتەواوی ناوچەكەیان بەجێهێشت و كشانەوە. ئێستا هێزەكانی لەناو شنگال و دەوروبەرین بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
1- هێزی حەشدی شەعبی، لەناو شنگال-ن. ژمارەیان دیار نییە، چونكە هێزی جیاوازن و لەلایەن سەرچاوەی جیاوازەوە پشتیوانی دەكرێن.
2- هێزەكانی سوپای عیراق، لەنزیك شنگال-ن. ئەوانیش چەند هێزێكی سەربەهەردوو فرقەی 20 و 16ی عیراقن.
3- هێزەكانی نزیك لەپەكەكە + ئاسایشی ئێزیدخان (نزیك پەكەكە) لەناو شنگال و سنونێ وشارۆچكەكانی شنگال و سەر شاخی شنگال كە ئێستا شارێكی گەورەی لێ دروستكراوە بەناوی سەردەشت. بەپێی خەمڵاندن ژمارەیان لەنێوان 3500 بۆ 4000 هەزار چەكدار دەبن. ئەو هێزانە بەشێكیان لەلایەن حەشدی شەعبیەوە موچەیان بۆ دابیندەكرێت بەپێی رێككەوتنی هەردولا.
4- هێزێكی قاسم شەشۆ كە سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستانەو پێدەچێت توركەكانیش هاوكاریان بكەن. بارەگایان لەشەرفەدینە لەبن شاخی شنگال. ژمارەیان وەك خۆیان باسیان كردووە نزیكەی هەزار چەكدار دەبن، بەڵام پێناچێت ئەو ژمارەیەبن كەمترن. مانگانە 200 دۆلار بەسەر چەكدارەكانیان دابەش دەكەن.
5- هێزێك بەناوی هێزی پاراستنی شنگال (هێزەكەی حەیدەر شەشۆ) لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە موچەیان بۆ دابیندەكرێت و پێدەچێت توركیا پشتیوانیان بكات. بارەگایان لەنزیك ناحیەی سنونە لەرۆژهەڵاتی شنگال. وەك خۆیان ئیدیعا دەكەن ژمارەیان هەزار چەكدارە، بەڵام پێناچێت ئەو ژمارەیە بن و كەمترن. مانگانە 400 هەزار بەسەر چەكدارەكان دابەش دەكەن، بەڵام سەرچاوەیەك وتی لەواقعدا ئەو هێزە ژمارەیان لە هەزار كەمترەو مانگانە بۆ هەرچەكدارێك 500 هەزار دینار لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگیرێت.
6- جگە لەچەند هێزێكی حەشدی شەعبی (عەرەبی شیعە و سوننە) هاوكات چەند یەكەیەكی حەشدی شەعبی لە كوردی ئێزدی و كوردی شیعەی ناو شنگال پێكهێنراوە، بەڵام ژمارەیان كەمەو بە نزیكەی 750 چەكدارێك دەخەمڵێنرێن.
شنگال لەدوای هاتنی داعش و دروستبوونی هێزێكی گەورەی نزیك پەكەكە لەناوچەكە، گرنگی ئێجگار زیاتر بوو. واقعی ناوچەكە تێكەڵ بەئەجێندای وڵاتانی هەرێمەكەو ستراتیژییەتی شیعە لەعیراق بوو، ئەگینا ناوچەكە نە دەوڵەمەندە بەسامانی سروشتیی نەلەرووی ئابورییەوە گرنگە، بەڵكو رەهەندی دیكەی هەیە كە گرێدراوە بەململانێی هەرێمەكە.
هێزەكانی نزیك پەكەكە كە لەگەڵ هاتنی داعش هاتنە شنگال و دەوروبەری و زۆر خێرا چەكەرەیان كرد. ئەو هێزە نوێیە هێزێكی علمانیی رادیكاڵی ئایدۆلۆژی دوور لەتێگەیشتنی دینی مەزهەبی بوو. هاتنیان لەكاتێكدابوو كە برینی رەشەكوژیی و مەرگەساتی داعش خوێنی لێ دەچۆڕا، ئێزدیەكان بەدوای هێزێكدا دەگەڕان دوور بێت لەتێگەیشتنی دینی تا بتوانێت پارێزگاریان لێبكات، بۆیە جۆرێك لەحەماس هەبوو گەشەكردنی ئەو هێزە لەناوچەكە. ئەوەبوو خێرا رێكخستنێكی بەرفراوان و هێزێكی چەكداریان دروستكرد. دروستكردنی ئەو هێزە چەكدارە ناوچەكەی تێكەڵ ململانێی ئیقلیمی كرد، بۆیە توركیا خێرا لە 2015 هێزێكی خۆی لەنزیك باشیك لەباكوری موسڵ جێگیركرد. پەرەسەندنی هێزی چەكداریی نزیك پەكەكەو جێگیربوونی جەندرمەی تورك لەنزیك موسڵ، ئاماژەی نوێی ململانێی ناوچەكەبوو. ئەم گرژیەی ئێستاش، دەرئەنجامی ئەو دۆخەیە لەدوای هاتنی داعشەوە دروستبووە كە هەم هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە دەیان هەزار چەكداربوون لەناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان پاشەكشەیان كردو نەمان، هەمیش سەرهەڵدانی هێزێكی نزیك پەكەكە بوو لەشنگال.
بەپێی ئەو مەنتقەی بەردەستە، دوورخستنەوەی ئەو هێزەی نزیك پەكەكە لەشنگال ئاسان نییە، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك:
یەكەم: شنگال دەكەوێتە تەنیشت تەلەعفەر و چەند ناوچەیەكی دیكە هەن كە ژمارەیەكی زۆر عەرەب و توركمانی شیعەو شەبەك-ی لێیەو لەگەڵ هاتنی داعش ماڵوێران بوون و ژمارەیەكی زۆریان لێ كوژراو ئەوانی دیكە بەدەردیسەریەكی زۆرەوە ئاوارەی ناوچەكانی باشور بوون. بۆ ئێستا شنگال ناوچەیەكی زۆر گرنگە لەئەگەری هەر بارگرژی و دۆخێكی نەخوازراو، دەتوانن خۆیان بگەیننە شنگال و لەوێشەوە بەرەو سوریا (رۆژئاوای كوردستان). پێویستیان بەوە نابێت وەك 2014 بێنە هەرێمی كوردستان و لەوێوە بەرەو باشوری عیراق. تاكە پێكهاتەی نەتەوەیی و دینی لەناوچەكە وەك شیعە یان پێكهاتەكانی دیكەی غەیری موسڵمان لەژێر ترسی چەوسانەوەبن، ئێزدیەكانن، بۆیە شیعە دەستبەرداری شنگال نابن.
دووەم: شنگال دەریچەیەكی بەدیلە بۆ ئەو دەریچانەی دیكە بەمەبەستی هاتوچۆو پەڕینەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی یان هێزەكانی نزیك ئێران، بەتایبەت دەریچەی وەلید كە دەكەوێتە پارێزگای ئەنبار، بەڵام ئەو دەریچەیە یان خاڵە سنورییە گرفتی زۆرەو لەدیوی سوریا هەمیشە هێزەكانی نزیك ئێران یان حەشدی شەعبی كە دەیانەوێ بچنە سوریا روبەرووی پەلاماری فرۆكەكانی ئەمریكا دەبنەوەو تائێستا دەیان جار پەلاماردراون. بۆیە دەكرێت بڵێین شنگال ناوچەیەكی ستراتیژییە دەكەوێتە سەر سنوری سوریاو دەكرێت وەك ناوچەیەكی بەدیل تەماشا بكرێت بۆ حەشدی شەعبی و هێزەكانی نزیك ئێران، ئەگەرچی راستەوراست نەنوساوە بەناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی رژێمی سوریاو ئەو ناوچانە ئێستا هێزەكانی سوریای دیموكراتی لێیە.
سێیەم:. ئێستا موسڵ دەوروبەری بەتەواوی لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزەكانی نزیك ئێران كۆنترۆڵكراوە. ئێران پێویستی بەناوچەیەكی تامپۆن هەیە تابتوانێت ناوچەی نفوزی خۆی بپارێزێت و بەریەككەوتن لەگەڵ هێزەكانی توركیا لەناوچەكانی باكوری موسڵ دروستنەبێت.
چوارەم: ئەو هێزانەی نزیك پەكەكەن، ئێستا خاوەنی رێكخستنێكی بەرفراوانن لەناو شنگال و سنون و سەردەشت و تەنانەت ناو ئەو گوندە عەرەبانەی دەوروبەری ئێزیدخان بوونەتە بەشێك لەدیمۆگرافیای ناوچەكە. خاوەنی هێزێكی پڕچەكی راهێنراون، ناوچە هەرە ستراتیژییەكانی شنگال و ناوچەكەیان بەردەستە بۆ هێزە عیراقیەكانی دەیانەوێ شەڕی ئەو هێزانەی نزیك پەكەكە بكەن، گەلێك سەخت دەبێت.
پێنجەم: هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكە، لەئێستادا دژی پەلاماردانی هێزەكانی نزیك پەكەكەن، بەڵكو هەوڵدەدەن ئەو شەڕە دروستنەبێت. ئەو گرژیانەی ئێستاش هەن تەنها چەند یەكەیەكی سەربازیی سەر بەفرقەی 16ی عیراقین كە فەرماندەكەیان سوننەیەو لەژێر كاریگەری مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی عیراقە. ئەو هێزانەی دیكەش وەك هێزەكانی حەیدەر شەشۆ و قاسم شەشۆی مامیی، هێزی كۆك و كاریگەر نین، زیاتر لەگروپ و كۆمەڵە چەكدار دەچن، توانای روبەرووبونەوەی هێزەكانی نزیك پەكەكەیان نییە، بەڵكو ئەو هێزانە پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی یاخود لەڕێی وەزارەتی پێشمەرگە دروستیكردوون و مانگانە دووسەد بۆ سێسەد دۆلارێكیان پێدەدرێت.
شنگال ئەگەر بۆ وڵاتانی ناوچەكەو ململانێی ناوخۆی عیراق گرنگی هەبێت، ئەوا بۆ پەكەكە گرنگییەكی ئێجگار گەورەی هەیە. ئەویش بەپێی ئەو تێگەیشتن و مەنتقەی كە لێپرسراوانی پەكەكە باوەڕیان پێیەتی و پێیانوایە ستراتیژییەتی سەركردەكەیان عەبدوڵلا ئۆجالان (ئاپۆ)یە، شنگال بریتیە لەودەریچەیەی كە رۆژئاوای كوردستان بەعیراق و دونیا دەبەستێتەوەو دەكرێت لەڕێی شنگالەوە كەمێك هەناسە بدەن، واتە دەكرێت شنگال سەرەتای كۆریدۆرێك (ممر)ێك بێت بۆ تێپەڕین و پەیوەندی نێوان رۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان و بەغداو جیهان.
تێبینی: لەگەڵ پەلامارەكانی گروپی تیرۆریستیی داعش لەئابی 2014، دەیان هەزار خێزانی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و لە 17 كامپ جێگیران. تائێستا ئەو كامپانە ماون و دەكەونە شارەكانی دهۆك و زاخۆو چەند ناوچەیەكی دیكە. زۆربەیان نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان و هۆكاری نەگەڕانەوەیان نائارامیی ناوچەكانیان و نەبوونی خزمەتگوزاریی لەلایەك و لەلایەكی دیكە رێگری سیاسی و دامەزراندنیان لەدامودەزگا حزبی و حكومیەكانی هەرێم و هۆكاری دیكە.
ناو شاری شنگال لە 2013 نزیكەی (88)هەزار كەسی لێ نیشتەجێبوو، لە 60% موسڵمان بوون، ئێستا ژمارەیەكی كەم خەڵك گەڕاوەتەوە و هیچ موسڵمانێكی كوردو عەرەب نەگەڕاوەتەوە جگە لەو ژمارە كەمەی كوردانی شیعە كە پێشتر دانیشتوانی شارەكە بوون. هاوكات سەدان خێزانی ئێزدی خەڵكی ناوچەكانی دیكەی وەك گرزەرك و گر عوزێرو سیبا شێخ خدر بەهۆی خراپی خزمەتگوزاری ناوچەكانیان ئێستا هاتوون لەناوەندی قەزای شنگال لەخانوی نیشتەجێ بوون.