مەزلوم عەبدێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەرمەی پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن هێزەكانی توركیاو بێدەنگی ئەمریكا، لە گوتارێكدا لە 13 ئۆكتۆبەری 2019 لەگۆڤاری فۆریەن پۆڵسی نوسی "ئێمە بەسنگی رووتەوە بەرامبەر خەنجەری تورك وەستاوینەتەوە" مەبەستی ئەوەبوو كە ئەمریكاو وڵاتان كوردیان زۆر بێڕەحمانە بەرامبەر پەلاماری توركیاو گروپە تیرۆرستیەكان جێهێشت و چارەنوسی میللەتێكیان خستە بەرئاگرو ئاسن.
لەدوای ریفراندۆمی 2017 بەبەرچاوی هەموو دونیا، هێزە جیاوازەكانی عیراق بێڕەحمانە پەلاماری ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستانیاندا. برێت مەكگۆرك بەلێپرسراوێكی باڵای هەرێمی كوردستانی وتبوو "ئەوەی یەكەم تەقە بكات ئەو بەرپرسە لەشەڕ هەڵگیرساندن" واتە ئەگەر هێزە عیراقیەكان هاتن ناوچە كوردستانیەكانیان داگیركردەوەو ئێوە تەقەتان لێكردن، ئێوە بەرپرس دەبن لەشەڕ هەڵگیرساندنەكە!
بەر لەچەند رۆژێكیش سەرۆكی ئۆكراین لەتویتێكدا نوسی "لەم جەنگەدا بەتەنیا جێیانهێشتین" مەبەستی ئەوەبوو كە ئەمریكاو ئەوروپاو جیهان بەتەنیایان جێهێشتن بەرامبەر بێڕەحمی سوپای روسیا.
حوسنی موبارەك سەرۆكی پێشوی میسریش دەڵێت " المتغگی باڵامریكان عریان" واتە ئەوەی خۆی بەئەمریكا خۆی داپۆشێت، رووتە.
ئەو نمونانەو سەدان ئەزموونی دیكە لەمێژوودا پێمان دەڵێن پشتبەستن بەهێزی دەرەكی گرەنتی مانەوەو پارێزراویمان ناكات. رەنگە یەكێك بێت لەهۆكارەكانی پاراستن و خۆبەهێزكردن، بەڵام نابێ ببێتە هۆكاری خۆشخەیاڵیی. لەسیاسەتدا ستراتیژ بریتیە لەمانەوەو بەردەوامبوون، نەك هەڵگرتنی بەردی گەورەو بێئەنجام.
مامجەلال دەیگوت دەوڵەتی كوردی خەوی شاعیرانەیە! لەسەر ئەم وتەیە رەخنەی زۆری لێدەگیرا، دیوێكی ئەم رستەیە، بەتاڵكردنەوەی ترسی داگیركەرانبوو، بەڵام دیوەكەی دیكەی تێروانینی واقعیانەبوو بۆ دۆخی ناوچەكەو كوردستان، تا دوای ریفراندۆمی 2017 نەمانبینی، ئەو رستەیە وەكوخۆی هەزمنەدەكرا.
بەر لەریفراندۆم هەموو دونیا تكای كرد بڕیاربەدەستانی كورد دەستبەرداری پرۆژەكەبن، بەدیلی ریفراندۆم قبوڵ بكەن. هەندێك پێیانوابوو مومكین نییە ئەمریكا بێدەنگ نابێت لەپەلاماردانی عیراق، بەڵام وانەبوو! نەك بێدەنگ بوون بەڵكو رێگایان خۆشكرد!
لەپەلاماردانی عەفرینیش، پەیەدە هەمان هەڵەی دووبارەكردەوە. لەبری سود وەرگرتن لەئەزموونی دوای ریفراندۆمی باشور، گرەویان لەسەر هاوكاریی روسیاو ئەمریكا كردو كەوتنە ژێر كاریگەری دەروونی رووداوەكانی كەركوك، سەرئەنجام عەفرین داگیركراو خەسارەتی گەورەی گیانی لێكەوتەوە.
خولاسەی كەلام، لەدوای هەڵبژاردنەكانی عیراق، خەریكە هەڵەی ستراتیژیی و گەورە دووبارە دەكرێتەوە! ئەمجارەیان باجێكی زۆر گەورەترو گرانتری دەبێت، گرەوكردنیش لەسەر پشتیوانیی ئەمریكاو وڵاتانی دیكە، وەك كەوتنەدوای سیبەری خۆتە. ئەم تەرەفگیرییەی كورد لەململانێی ئیقلیمیی و ناوخۆیی عیراق، لەنێوان توركیاو ئێران، نێوانی شیعەو شیعە یان سوننەو شیعە لێكەوتەكانی كەمەرشكێن دەبن. ئەمجارەیان رەنگە پرسی فیدراڵی و دەسەڵاتەكانی هەرێم وەك قەوارەیەكی فیدراڵ لەعیراق بكەوێتە ژێر پرسیار! هەڵەی ئەمجارە، هەڵەیەكی كوشندە دەبێت، هەوڵێك هەیە قەوارەی هەرێم لەناوەرۆك بەتاڵبكرێتەوە.