خولانەوەی كورد بازنەیەكی بۆشدا

سەرتیپ جەوهەر
  2022-01-29     541

جارێكی دیكە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەپەرتەوازەیی و ناتەبایی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی لەبەغدا روویان لەبەغدا كردووە. ئەم پەرتەوازەییە، ئەنجامی گەلێك خراپی دەبێت. پێشبینی دەكرێت بەمزوانە لێكەوتەكانی دەركەوێت. وەختێكیش بیر لەدەرئەنجامەكانی دەكرێتەوە كە كارلەكارترازاوە. توركیش دەڵێن؛ خۆزگە بەعەقڵی كورد لەدوای رووداوەكان.

هەتاكو مامجەلال لەبەغدابوو لەسەر دوو بنەما كاریدەكرد. یەكەمیان نەیدەهێشت كورد ببێتە بەشێك لەململانێی ناو ماڵی شیعەو وڵاتانی هەرێمەكە. چونكە دەیزانی شیعە ئێرانیان هەیەو سوننە توركیاو وڵاتانی عەرەبی و كەنداو، بەڵام كورد جگە لەخۆی كەسی دیكەی نییە. ئەگەر لەناوخۆ كۆك نەبێت، بێگومان بارودۆخی خراپ دەبێت.

دوومیان؛ هەمیشە دەستی بەمەبدەئی تەوافوقەوە دەگرت، چونكە دەیزانی كورد لەناو پەرلەمانی عیراق زۆرینە نییە. كەوایە ئەگەر تەوافوقكردن نەبێت، هەمیشە شیعە دەتوانن زۆرینە دروستبكەن و هەرچی بیانەوێ‌ تێبپەپەرێنن! بۆیە دەبینین دوای مامجەلال، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا گرژبوو تەوافوقكردن نەما، ئیدی كورد پاشەكشەیەكی گەروەی كرد. چونكە لەپەرلەمان زۆرینەو كەمینە كرایە پێوەری بڕیاردان، سەرئەنجام دەنگ و هەڵوێستی كورد فەرامۆشكرا.

بەپێی ئەو مەنتقەی سەرەوە، پێویست نییە كورد لەعیراق بچێتە هیچ بەرەیەكی ئیقلیمیەوەو پشتیوانی لەمەبدەئی زۆرینەو كەمینە بۆ پێكهێنانی حكومەت بكات. مخابن ئەوەی ئێستا دەیبینین لەپرسی پێكهێنانی ئەم كابینەیە، وەك خۆیان رایانگەیاندووە، پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنێكی سێ‌ قۆڵی لەگەڵ بەشێك لەشیعەكان (سەدر) و بەشێك لەسوننەكان-دا كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان! ئەم رێككەتنە، ئۆتۆماتێك پارتی بەلایەكدا دەخات و دەیكاتە بەشێك لەململانێی ناو ماڵی شیعە لەلایەك و ململانێی وڵاتانی هەرێمەكە لەلایەكی دیكە! ئەو لایەنگریی و خۆبەلاداخستنەی ئێستای پارتی، زیانێكی گەورەی بەدواوەیە. خۆ ئەگەر پێشبینی ئەو زیانە تەنها بۆ پارتی بوایە، ئەوا پێویست نەبوو ئێمەی قسەی لێبكەین، بەڵكو زیانەكە لەوە واوەترەو بۆ قەوارەی هەرێم و ژیانی خەڵكی كوردستانی درێژدەبێتەوە.

ئەوەی روونە، گروپەكانی نزیك ئێران لەهەڵبژاردنی ئەمجارە دەنگی كەمتریان بەدەستهێناوە، بەڵام هێزی سەربازیی و میلیشیایی عیراقیان لەدەستەو مومكین نییە بەدیار رێككەوتنێكی سێ‌ قۆڵی سێ‌ گروپی (شیعە، كورد، سوننە) دانیشن. لەمێژووشدا نەبووە گروپی چەكدار ببێتە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی، بەتایبەت لەوڵاتێكی وەك عیراق كە دەستوەردانی ئیقلیمیی بەڕوونی هەیە.

لەدوای كۆتاییهاتنی داعش، ئێران دەستی گەیشتۆتە هەموو كون و قوژبنێكی عیراق. لەموسڵ كە سەنتەری كۆبونەوەی سوننەی توندڕەوە، وێنەی قاسمی سولەیمانیی و ئەبومەهدی موهەندیس و هادی عامری و قەیس خەزعەلی لەهەموو كوچەو كۆڵانێك هەڵواسراوە. هەر لەوێوە دەیانجار هەولێرو چەند شوێنێك موشەك باران یاخود لەڕێی درۆنەوە بۆمباران كراوە. هەر لەم ماوەیەشدا، لەیەمەنەوە چەند جارێك سعودیەو ئیمارات موشەكباران كراون، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ دڵنیاكردنەوەی ئەو دوو وڵاتە كە ئەگەر دەست لەعیراق هەڵنەگرن یاخود دژی بەرژەوەندی ئێران بن لەپێكهێنانی كابینەی نوێ لەبەغدا، دەتوانرێت ئارامیان لێ‌ هەڵبگیرێت. بیریشمان نەچێت بەر لە ریفراندۆمی 2017 ئێرانیەكان بەكوردیان گوت ئێمە راستەوخۆ پەلامارتان نادەین، بەڵام حەشدی شەعبی لەدەست ئێمەیە! بۆیە ئەگەر كورد ببێتە تەرەف لەپێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، ئەوا ئەگەری تێكدانی باری ئەمنی و دروستكردنی ئاستەنگ بۆ باری ئابوریی كوردستان لەئەگەرە كراوەكان دەبێت.

خولاسە، حكومڕانیی هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت. نە ئابورییەكی بەهێزی هەیە، نەحكومەتێكی یەكگرتووی تۆكمە، نەهێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو، نە پەرلەمانێك مەرجەع و نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكات! بەكورتی قەوارەی هەرێم ئەوەندە پارێزراو نییە. تاكە هۆكارێك كورد لەم دۆخە بپارێزێت، یەكگرتویی و یەكهەڵوێستیی و یەك ئەجێنداییە "كەئێستا نییە" ئەگەر ئەوە نەكات، كورد وتەنی؛ بەرگەی هەوایەكی سارد ناگرێت!

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×