ئەمریكا دەكشێتەوە، ئێمە چیمان كردووە؟

سەرتیپ جەوهەر
  2021-12-04     805
بڕیارە لەم مانگە ئەمریكا هێزە شەڕكەرەكانی خۆی لەعیراق بكێشتەوە، ئەم بڕیارەی واشنتۆن واقعێكی نوێ‌ لەعیراق دەخولقێنێ كە رەنگە شلەژانێك لەباری سیاسی و ئەمنی دروستبكات، كە هێشتا بەتەواوی بەرچاوروونی لەوبارەیەوە نییە.
لەلایەك پرسی یەكلابونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بارێكی نائاسایی هێناوەتەپێش، هەروەك سیمای حكومەتی داهاتووی عیراق لەنێوان بەرداشی (ئەمریكا-ئێران) لەهاڕیندایەو دیار نییە كێ لەو ململانێیە سەردەكەوێ، لەهەمووی خراپتر بارودۆخی ئەمنی دوای كشانەوەی ئەو هێزانەیە بەتایبەت ئەو گەشەكردنە نائاسایی و لەناكاوەی داعش لەبەشێك لەناوچە سوننە نشینەكان و ناوچە جێناكۆكەكان.
بەپێی زانیارییەكان گروپەكانی حەشدی شەعبی هێزێكی زۆریان هێناوەتە كەركوك و چەند ناوچەیەك باكورو رۆژهەڵاتی موسڵ. دیار نیە ئەو هێزانە بۆ هێنراون، بەڵام پێدەچێت وەك خۆئامادەكردنێكی پێشوەختەو ترسیانە لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا. ئەمە جگە لەترس لەدەستوەردانی ئیقلیمیی لەعیراق و كوردستان چونكە بەفیعلی توركیا هێزی لەهەرێمی كوردستان هەیەو ئێرانیش ناڕاستەوخۆ هێزی فیعلی لەناو خاكی عیراق هەیە كەبریتیە لەگروپەكانی حەشدی شەعبی.
لەگەرمەی ئەو بارودۆخە هەستیارەی عیراق، پرسیاری جددی ئەوەیە، كورد یان بڕیاربەدەستان لەهەرێمی كوردستان چەندە خۆیان بۆ ئەگەرەكانی دوای كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا ئامادەكردووە؟ بەتایبەت هەرێمی كوردستان لەناوەندی رووداوەكانەو ئەگەر هەر بارێكی نائاسایی روو لەعیراق بكات، بەدڵنیاییەوە پروشكی گەورەی بەردەكەوێت.
هاتنی وەفدی روسیا بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان و ئەو راپۆرتە رۆژنامەنوسیانەی ئەمریكا بڵاودەبنەوە لەبارەی گفتوگۆی نێوان كوردو دیمەشق، بەستنەوەی بەپرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراق، بۆمان دەردەكەوێت كە هەدولا (روسیا-ئەمریكا) لەسەربنەمای لێكتێگەیشتنی هاوبەش بوونی خۆیان لەعیراق و سوریا بەجۆرێكی دیكە رێكبخەنەوەو سیاسەتێكی نوێ‌ بگرنەبەر.
لێرەدا گرنگە ئەو راستیە بخەینە روو كە هەرێمی كوردستان لەدوای رووداوەكانی هاتنی تیرۆرستانی گروپی داعش و ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەهۆی خراپی باری داراییەوە بەسەر هەرێمی كوردستاندا هات، تائێستا نەتوانراوە گرەنتییەك بۆ داهاتووی هەرێمەكە مسۆگەربكرێت بەجۆرێك ترسی زیانگەیاندن بەقەوارەی هەرێم كەمبكاتەوە. واتە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 7 ساڵ بەسەر پەلاماری داعش و 4 ساڵ بەسەر رووداو و لێكەوتەكانی ریفراندۆم كە دۆخی هەرێمی زۆر شلەژاندو زیانی گەورەی گەیاند، كەچی تائێستا باری ئابوریی و دارایی هەرێم هەر خراپ و ناجێگیرە! هێزی پێشمەرگە یەكینەگرتۆتەوەو یەكنەخراوەو لەپەلامارو هێرشەكانی داعش لەماوەی چەند رۆژی رابردوو دەركەوت پێویستی رێكخستنەوە هەیە. هەروەها هێزو لایەنە سیاسیەكان نەك توانای رێككەوتن، بەڵكو توانای كۆبونەوەیەكیان نییە لانیكەم بۆ لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەبارەی پرسە چارەنوسسازەكان! بەكورتی سازانی نیشتیمانیی لەبارەی پرسە چارەنوسسازەكان نییە! هەروەك پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی دەنگدانی خەڵكی كوردستان دەتوانین بڵێین نیمچە پەككەوتووە! حكومەتیش وەك پێشوو بارە دارایی و داهات و خەرجیەكەی ناشەفاف و ناسەقامگیرە، هەموو كۆتاییەكی مانگ لەچاوەڕوانی بڕێك پارەیە لەبەغداوە تا بتوانێت موچەی پێ‌ دابەشبكات. بەڕوانین لەو بارودۆخە، دەبێ‌ چاوەڕێ بكەین ئەگەر دۆخێكی لەناكاو و نائاسایی رووی لەعیراق و هەرێم كرد، شلەژانێكی گەورەو دۆخێكی خراپ روو لەهەرێم بكات، مخابن دیارە كەس نییە وەك پێویست خەمی بخوات.




93Hunar Jamal, Khalil Mahroof and 91 others

10 Comments
1 Share

Like



Comment


Share

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×