كێ‌ دەبێتە سەرۆك كۆمار؟

سەرتیپ جەوهەر
  2021-10-19     1038
پێكهێنانی كابینەی ئەمجارە لەبەغدا، زۆر زەحمەتترە لەكابینەی پێشوو. سیستمی هەڵبژاردن و دەستوەردان لەئەنجامی هەڵبژاردن، بەرەی ئێرانی لەعیراق روبەرووی شكستێكی گەورە كردەوە. پێدەچێت هەویری ئەمجارە ئاوی زۆرو كاتی زۆری پێویست بێت.
هێشتا روون نییە كێ كوتلەی گەورە پێكدەهێنێت و كێ‌ بۆپێكهێنانی حكومەت رادەسپێردرێت، بەڵام ئەگەر راسپاردنی حكومەت بەگروپی ئێران لەعیراق نەسپێردرێت بێگومان كابینەی نوێ‌ لەدایك نابێت یاخود بەمردویی لەدایك دەبێت!
لەدوای هەڵبژاردن، راستەوخۆ ئێرانیەكان هاتوونەتە عیراق و سەرێكی كوردستانیشیان داوە، زۆربەی لایەنەكانیان بینیوە. بەپارتی و یەكێتیشیان راگەیاندووە پەلە مەكەن لەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق. لەبارەی دابەشكردنی هەر سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی عیراق ئەگەر راستەوراست قسەیان نەكردبێت بێگومان بۆچوونی خۆیان خستۆتەڕوو.
مەبەست لەپەلەنەكردن، ئاماژەیەكی روونە كە ئێران رێگا نادات كابینەی نوێ‌ دروست ببێت تاشەپۆلەكە بەئاراستەی قازانجی ئەودا نەبێت. ئەگەر جادەو سندوقەكانی دەنگدان بەدەست ئەمریكاو وڵاتانی كەنداوەوە بێت، بێگومان چەك لەدەستی ئێرانە، لەبەرامبەر چەك-دا سندوقی دەنگدان هیچ قیمەتی نییە.
ئەمە سێیەم هەڵبژاردنە كورد ئەجێندایەكی روون و یەكگرتووی بۆ بەغدای نەبووە، ئەوەی هەبووە ململانێ و كێبڕكێ بووە لەسەر وەرگرتنی پۆستەكانی بەركەوتەی كوردن. لەهەڵبژاردنی رابردوو كورد نەیتوانی كاندیدێكی یەكگرتوو بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عیراق پێشكەشی پەرلەمان بكات. هیوادارین ئەمجارە ئەجێندایەكی روون و نیشتیمانیی پێش وەرگرتنی پۆست بخرێت، چونكە دوای غیابی (مام) لەبەغدا، هیچ پۆستێك ئیزافەیەكی بۆ خەڵكی كوردستان نەكردووە! نەبوونەتە لەمپەر بۆ گرژی و ناخۆشییەكانی بەسەر خەڵكی كوردستان هاتوون. نە سەرۆك كۆمار لەدوای ریفراندۆم توانیی گرژی و شەڕ رابگرێت و نە وەزیرەكەی داراییش توانی موچەی فەرمانبەرانی كوردستان بنێرێت.
من واز لە ئەجێندا هاوبەشەكە كورد دەهێنم، چونكە پەیوەندی لایەنەكانی كوردستان ئاڵۆزەو كۆكردنەوەیان لەسەر یەك سفرەو لەدەوری یەك ئەجێندا، هێوەركردنەوەو زەمینەی پێویستە. ئەمجارە پارتی 33 كورسی بەدەستهێناوە، یەك ئەجێندایی گەلێك زەحمەتتر دەبێت بەتایبەت لەرووی شكلیەوە، ئەو زۆرینەیەو بەمافی خۆی دەزانێت دوا قسە، قسەی پارتی بێت.
سەبارەت بەدابەشكردنی پۆستەكان، پێدەچێت ئێرانیەكان لەگەڵ ئەوەبن سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت و لەناو كوردیش بدرێت بە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان. ئەو پەیامەشیان راستەوخۆو ناراستەوخۆ لەو سەردانەی هەولێرو سلێمانی بەلایەنەكان راگەیاندووە، بەڵام پرسیارە زەحمەتەكە بۆ یەكێتیی و پارتی ئەوەیە، كێ‌ ئەو پۆستە وەردەگرێت؟
لەدوو كاتی جیاواز، بافڵ تاڵەبانیی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایگەیاندووە كە بەرهەم ئەحمەد ساڵح كاندیدی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام ئەگەر ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك كۆمار تاكە كاندیدی كورد بێت لەپەرلەمانی عیراق ئەوا پێویستی بە رێككەوتنی یەكێتیی و پارتی هەیە. ئەوەی زانراویشە ئەمجارە پارتی داوایكردووە كاندیدی سەرۆك كۆمار كاندیدی هەردولا بێت. خۆ ئەگەر لەسەر یەك كاندید رێكنەكەون، ئەوا بەدڵنیاییەوە وەك جارەكەی دیكە بەدوو كاندید دەچنە پەرلەمان و یەكلاكردنەوەی جێدەهێڵدرێت بۆ دەنگدانی پەرلەمان.
لەگفتوگۆو باسوخواس پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ و پرسی سەرۆك كۆمار، جگە لەناوی بەرهەم ئەحمەد ساڵح كە لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە تەئكیدی لێكراوەتەوە، هاوكات ناوی هەریەكە لە عەدنان موفتی سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی و مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی هاتووە، بەڵام پێدەچێت ئەو هەویرەش بەهۆی دۆخی یەكێتیی و هاوكێشەی ناوخۆ ئاوی زۆری بوێت.
سەبارەت بە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، تائێستا رۆشن نییە، چونكە دانانی سەرۆك كۆماری عیراق جگە لە رەزامەندی ئەمریكاو ئێران، هاوكات جۆرێك لەتەوافوقی ناو پەرلەمانی دەوێت، بەڵام ئەوەی لابەلا زانراوە، سەرباری هەوڵی د. بەرهەم بۆ خاوكردنەوەی پەیوەندی جۆرێك لە خۆ رەپێشكردن لەپارتی و بارزانیی، بەڵام پێناچێت پارتی خۆشحاڵ بێت بەدوبارەبوونەوەی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح.
بەكورتی، كورد قۆناغ دوای قۆناغ زیاتر دەترازێت، زاڵبوونی دەمارگیری حزبی و نەبوونی ستراتیژییەتی قەومی بۆ ئایندەی كوردستان، بێگومان لەوە خراپتری لێ چاوەڕێ دەكرێت. چونكە لەبری گفتوگۆو رێككەوتن لەسەر ئەجێنداو بەرنامەو وەرەقەیەكی هاوبەش بۆ داواكردن و گێڕانەوەی مافە دەستورییەكان، دووبارە ململانێ لەسەر پۆست و بەركەوتەی هەڵبژاردن كۆی پرسەكانی دیكە دادەپۆشێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×